پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری؛ بەشی 04
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=دووخی خەڕەک=KTML_End=
دارێکی ڕێک و لووسی 15 تا 20 سانتییە کە نێوقەدەکەی هەندێک قووڵتر کراوە و تەسمەی خەڕەکی دێتەوە سەر. (بڕوانە وێنەی ژمارە 27 لە فایلی پەیوەندیدار)
بە سووڕاندنی بازنە گەورەکە، دووخیش بەتوندی دەسووڕێ. سەرێکی دووخ شیشێکی درێژی پێوەیە و لوولە بەسەر ئەو شیشەیەوە دەکرێت و دەسووڕێ و بەنی لەسەر هەڵدەکرێ.
دووخ: تەشی.
مەسەل
دنیا ژن و چەرخیش خەڕەک، دەمدەم بە دووخی غەم.
ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکوو هەر خاوی.
=KTML_Bold=دوولکی جاوپێچکە، دوولکی جاوپێچەک=KTML_End=
دوولکێکی دارە، لە هەر دوو تەنیشتی ڕاست و چەپی جۆڵا لەسەر کاریتەی کارخانە دامەزراوە و جەمسەرەکانی جاوپێچکەی دەکەوێتە ناو، تا لە کاتی خڕکردنەوەی تەنراودا، جاوپێچکە بە هاسانی بە دەوری خۆیدا بسووڕێ و تەنراوەکە لە خۆی بهاڵێنێ. (بڕوانە وێنەی ژمارە 29 لە فایلی پەیوەندیدار)
=KTML_Bold=دەسکی جاوپێچکە، دەسکی جاوپێچک=KTML_End=
شیشێکی 20 _30 سانتییە کە جاوپێچکەی پێ دەسووڕێ. (بڕوانە وێنەی ژمارە 30 لە فایلی پەیوەندیدار )
بۆ ئەوەی جاوپێچکە شل نەبێتەوە سەری شیشەکە دەچێتە مەودای نێوان دوو دارەوە کە لەسەر کاریتەی کارخانە (بزمار) کراون.
=KTML_Bold=دەفە=KTML_End=
تەختەیەکی پانی دەسکدارە، لەسەر دەزگای جۆڵایی هاتوچۆ دەکات و بە یارمەتیی ژێردەفە، شانەی ڕادەگرێ. (بڕوانە وێنەی ژمارە 31 لە فایلی پەیوەندیدار )
جۆڵا بە هێنانە پێش و بردنە دواوەی دەفە، هەوداکانی پۆ دەکوتێتەوە و تەنراوەکە سفت دەکا. دەفە بەهۆی شانەوە هەر ئەو کارە دەکات کە کەرکیت لە کاری چنینی فەرشدا دەیکا. دەفە لەبەر سەختی، زۆرتر لە داری قەیسی ساز دەکرێ.
=KTML_Bold=ژێ=KTML_End=
ئەو تەنافەیە کە گوردەکان بەهۆی وڵاڵەوە بە چۆلەکە هەڵداوەسێ. درێژایی ژێ پەیوەندیی هەیە بە دووری و نزیکیی چۆلەکە لە گورد. نێوقەدی ژێ دەکەوێتە سەر وڵاڵە و دوو سەرە شۆڕەکەی هەرکام لە گوردێک گرێ دەدرێن. کاری ژێ ئەوەیە کە گوردەکان پێوە ڕاست ڕاگرێ و بە یارمەتیی پێتاتە سەروخواریان پێ بکا تا مەودایەکی وا بخەنە بەینی ڕایەڵەکان کە جۆڵا بتوانێت مەکووکی تێوەدا و پۆ بخاتە نێو تانەکان. (بڕوانە وێنەی ژمارە 32 لە فایلی پەیوەندیدار )[1]