لە ساڵی 1946 (رۆژی 7ی ڕەشەمەی ساڵی 1325) لە شاری #سنە# لە دایک بوو. سەرەتاکانی موزیک هەر لە زێدی خۆی لە لای مامۆستا حەسەن کامکاری باوکی فێر بوو. لە دوای وەرگرتنی بروانامەی دیپلۆمای تەبیعی لە زێدی خۆیەوە چوو بۆ شاری تاران و بۆ ماوەی 2 ساڵ بە ڕێنوێنیەکانی مامۆستا حوسێن دێهلەوی لە هونەرستانی شەوانەی باڵای موزیک خەریکی فێربوونی موزیک بوو. پاشان وەک کارناسی موزیک گەرایەوە بۆ سنە و خەریکی فێرکردنی موزیک بوو.
هۆشەنگ کامکار لە ساڵی 1972 واتە (1351) چووە کۆلێژی موزیکی زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران و بروانامەی بەکالۆریۆسی موزیکی لە بەشی ئاوازدانەریدا بە پلەی یەکەم لە زانکۆی تاران بەدەستهێنا و دواتر بە بوورسی پێشکەش کراوی وڵاتی ئیتاڵیا بەرەو شاری ڕۆما بەرێکەوت و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کۆنسێرواتوواری سانتاچی چیلیای ڕۆما فێری تەکنیکەکانی کۆنتێرپووان و فۆگ بوو. ساڵی 1976 واتە (1355) بەرەو ئەمەریکا بەرێکەوت و لەوێ بروانامەی ماستەری موزیکی لە زانکۆی ئیالەتیی سانفرانسیسکۆی ئەمەریکا لە بەشی مێژووی موزیک بەدەستهێنا و لە ساڵی 1979 واتە (1358) گەرایەوە بۆ ئێران و بۆ ماوەیەک لە زانکۆی فارابی و کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران خەریکی فێرکردنی موزیک بوو.
کامکار بۆ ماوەی 10 ساڵ لە زانکۆی هونەر خەریکی وانە گوتنەوەی موزیک بوو، هەروەها بەڕەبەرایەتی گروپی موزیکی ئەم زانکۆیەی بۆ ماوەی 6 ساڵ لە ساڵانی 1993 تا 1999 واتە (1372 تا 1378) پێی سپێردرا. لە ساڵی 1989 (1368) تا ئێستا بەڕێوەبەری گروپی موزیکی کامکاران بووە.
هۆشەنگ کامکار بۆ چەندین ساڵ لە شاری تاران بەڕێوەبەری ئۆرکسترای سەمفۆنیکی فەرهەنگسەرای بەهمەن بووەو لە ساڵی 1997 واتە (1376) تا ئێستا هونەرستانی ئازادی موزیکی کامکاران لە تاران بەڕێوەبەرایەتی دەکات. چالاکییە فەرهەنگییەکانی هۆشەنگ کامکار بریتییە لە بوارەکانی ئاوازدانەری، وەرگێران و نووسینی کتێب گەلی موزیک و بەشداری لە کۆر و کۆنگەرەکانی موزیک لە دەرەوەی ئێران.