عەبدولرەقیب یوسف کەسایەتییەکی گەورەی کەلتوورپەروەر و کەلتوورپارێزی کوردستانە، زۆربەی تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسینی مێژوو، پاراستنی کەلتووری کوردستان لە شوێنەوار، بەڵگەنامە، هونەرەکانی تەلارسازی و نەخش و نیگاری خانووەکان. بەهۆی بەرهەمە زانستی و بەنرخەکانییەوە، لەلایەن پسپۆڕانەوە بەفەرهەنگی گەورەی کەلتووری شارستانی ناودێر کراوە.
ئەو ساڵی 1943 لەدایک بووە.
وەک مامۆستا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خزمەتی کردووە. دواتر بووەتە ڕاوێژکاری کاروباری شوێنەوار لەئەنجوومەنی وەزیران و 9 ساڵ لەو پۆستەدا خزمەتی کردووە و ساڵی 2010 خانەنشین بووە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەی بابەتە مێژووییەکان بووە و بایەخی بەشوێنەوار داوە.
مامۆستا سەعید دێوەچی بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری مۆزەخانەی موسڵ و مێژوونووسی ناوداری ئێراق، هانی مامۆستا عەبدولڕەقیبی داوە بنووسێت، ئەویش لە شوباتی 1960ەوە دەستی بە نووسین کردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب شەست ساڵەدەنووسێ و خاوەنی زیاتر لە 50 پەرتووکی چاپکراو و دەستنووسە.
ئەو ساڵی 1985 پەرتووکێکی بەناوی (بانگەوازێک بۆ ڕووناکبیرانی کورد) دەرکرد، لەم پەرتووکەدا داوای کۆکردنەوە و زیندووکردنەوەی کەلەپووری کورد و پاراستنی کرد. ئەگەرچی مامۆستا عەبدولڕەقیب چەندین پەرتووکی نایابی تری هەیە، بەڵام ئەم پەرتووکەی بەباشترین پەرتووک دادەنێت، لەبەر ئەوەی بەوردی باسی پێویستی پاراستنی هەموو لقەکانی کەلتووری شارستانی کوردستانی کردووە.
ئەمەش ناوی هەندێک لەپەرتووکە چاپکراوەکانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسفن (دیوانی کرمانجی، الدولە الدوستکیە فی کردستان، تابلۆکانی شەرەفنامە، بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری، حدود کردستان الجنوبیە، لەبەڵگەنامەکانی حکومەتی شێخ مەحموود، بەرگریکردنمان لەقەڵای #هەولێر#، وێرانکردنی قەڵای #کەرکووک# و هەوڵدانم بۆ ڕزگارکردنی، پەیدابوون و درووستکردنی چەکی ئاگردار) و چەندان پەرتووکی تر.
سەدان وتارو لێکۆڵینەوەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێراق و کوردستان و دەرەوەدا بڵاو کردووەتەوە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، خولیای سەرەکی گەڕان بووە بەدوای شوێنەوارەکاندا، چەندان شوێنەوار و شاری کۆنی دۆزیوەتەوە، کە پێشتر نەدۆزرابوونەوە، زانایان و شارەزایانی شوێنەوار بەکارەکانی سەرسام و موحەیەر بوون.
مامۆستا عەبدولڕەقیب لە ماوەی 60 ساڵ کارکردنیدا، بەتەنیا خەرمانێک بەرهەمی بەنرخی لەبەڵگەنامە و تۆماری کاسێت و فۆتۆ و ڤیدیۆی کۆکردووەتەوە، کە ئەوە کاری دامەزراوەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ئەو بەتەنیا و لەسەر ئەرکی خۆی ئەنجامی داوە.
ئەو 18 ملیۆن لاپەڕەی بەڵگەنامە و1300 کاتژمێر تۆماری ڤیدۆ و کاسێتی دەنگی تەمەنداران و 70هەزار وێنەی فۆتۆی هەیە، کە هەموو پێکەوە سامانێکی گەورەی کەلتووری شارستانین. بەشی زۆری بەڵگەنامەکانی پێشکەش بەئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان کردووە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، زۆربەی ئەو ئەرشیفە بەنرخەی دیجیتاڵ کردووە، نزیکەی 12 ساڵ کاری تێدا کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێی ماڵپەڕێکی تایبەت بەخۆیەوە، بۆ خوێنەران بخرێنەڕوو.
ئەو کارەشی تەواوکردووە و لەماڵپەڕەکەیدا بەشێکی زۆری زانیارییەکانی ئەرشیفەکەی لەژێر 32 ناوونیشانی سەرەکیدا خراونەتە ڕوو، بەدەوڵەمەنترین ماڵپەڕی بواری کەلتووری شارستانی لە ناوچەکەدا دادەنرێت.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عەبدولڕەقیب ئەخوازم، ئەو پیاوەی لە باکووری کوردستانەوە هات و باشووری کردە مەیدانی کارو خزمەت و بەخششەکانی و کوردستانی گەورەی وەک یەک نیشتمان سەیر کرد و لە سەرانسەری ئەو نیشتمانەدا ئەوەی پێی کرا بۆ پاراستن و ناساندنی کەلتووری شارستانیی کوردستان درێغی نەکرد.[1]