قوە، قەهوە، دارێکە لە تیرەی ڕۆنیاسییەکان Fubiacées کە بەرزییەکەی لە 2 تاکو 12 میترە و گوڵاکانی دایم سەوزن و لووس، بریقەدار و لە نێوەڕاستیشەوە پان و لە بن و سەرەکانیشیانەوە نووک تیژن، گوڵەکانی چەرموون و بۆنیان خۆشە، بەرەکەشی گۆشتنە و وەک گیلاس دەچێ. دوای وەرینی گوڵەکانی لە شوێنی گوڵەکاندا دەنکگەلێک دەڕوێن کە دووان دووان لە نێو کێلانێکی سەوزدان و ڕەنگیان سوورێکی تۆخ یان قاوەیین. ئەم دانەگەلە دوایی بە شێوەیەکی تایبەتی بۆن دەدرێن(دەیانبرژێنن) و دەیانهاڕن و لە ئاودا دیکوڵێنن و دیخۆنەوە.
ئەم جۆرە دارە لە ئامریکای ناوەندی، هیندوستان، یەمەن، حەبەشە، برازیل و هێندێ وڵاتی ئافریقایدا دەڕوێن و زیاتر لە 33 جۆری لە شوێنی جۆراوجۆردا ناسراون کە بە شێوەی خۆڕست دەڕوێن. بەڵام سێ جۆریان زۆر باش و بە ناوبانگن کە ئەمانەن:
Coffea arabica ئەمەیان لە ڕادەی یەکەمدایە و لە هەموویان بەناوبانگتر، باشتر و سرنجڕاکێشترە. دوای قاوەی عەرەبی قاوەی لیبریکا Coffea liberica و دواتریش قاوەی ڕوبوستا بە ڕیز دێن، بەڵام ئەم دوانەی دوایێ بەوەی پێشوو نابن.
لە قاوەدا مادەی چەور، ئالکالوئیدکانی ئادنین (ئەم مەوادە ئالکالوئیدێکە کە فورمولەکای C5H5N5 کە لە پەرین Purine دەگیرێ و وەک بەشێک لە بەشەکانی ئەسید نوکلئیک Nucleic acid لە ئەندامەکانی وەک لەوزە و زراودا هەیە)، کزانتین (تێکەلاوێکە بە فوورمولی C5H4N4O2 وە کە لە هێندێک ڕووەکادا بەتایبەتی لە قاوەدا پەیدا دەبێ، بێجگە لەمەش لە لەشی مرۆڤ و ئاژەڵیشدا هەیە، بەتایبەتی لە جگەر، لەوزە، زراو و هەروەها لە میز و خوێنیشدا) هایپوکزانتین (ئالکالوئیدێکە بەم فورمولەوە C5H4N4O کە لە خزمە نزیکەکانی کزانتینە و لە لەشی مرۆڤ و ئاژەڵدا هەیە)، شەکر و سلولز و کافئین (کافئین یان کوفین، ئالکالوئیدێکی تاڵە بەم فورمولەوە C8H1N4O2 لە ڵە چاۆۆ و قاوەدا دەست دەکەوێ. و هەروەها مادەیی گوانین Guaninی تێدایە و زۆر خەڵک بۆ تەسکینی ئێش و ئازار و کەم خەویی و دژی ژەهری تریاک و ئەلکول و هیتر دەیخۆنەوە. لە بەر ئەوەی قاوە کافئینی تێدایە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵ و شەسوبیان هەیە باش نییە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەش بتوانن قاوە بخۆنەوە، قاوەیەکی تایبەتیی هەیە کە ڕادەی کافئینەکەیان کەم کردووەتەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشن. قاوە بۆ ئەوانەی کە وەرزش و کاری فیزیکییان زۆرە و هەروەها بۆ پاراستنی ددانەکان لە بەرامبەر ڕزیوو و بۆ ئەندامەکانی هەناسەکێشان، میزڵدان، نەخۆشی شێرپەنجە و لەوزە گەڵێک باشە. بەڵام ئەو ژنانەی زگیان پڕە (دووگیان)، نابێ ڕۆژانە لە دوو فنجان زیاتر بخۆنەوە، چوونکو کۆمەڵەی بیروڕا لەسەر مەوادی خۆراکی لە باکووری ئامریکا لە ساڵی 1980دا ڕایگەیاند کە ڕەنگە تەئسیری خراپ لە سەر منداڵەکەیان دانێ. بەڵام ڕۆژی 21-05-2001 سەعاتی 17:30 ڕادیۆ ستۆکهۆڵم لە هەواڵەکانی خۆیدا ڕایگەیاند کە بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە تازە کراون دەرکەوتووە کە شەش فنجان قاوە لە ڕۆژدا دەبێتە هۆی بەرگری لە نەخۆشی شێرپەنجە، زیاتر لەم ڕادەیەش لە ڕۆژدا باش نییە.
قاوە لە بنەڕەتدا لە ئافریقاوە لە وڵاتی سوودانەوە هاتووە و سەدەکانی 14 و 15ی زایینی گەیشتە عەرەبستان. بە فەرانسەیش Graine de café و بە دارەکەشی Caféier و بە ئینگلیزیش بە دارەکەی دەڵێن Coffee tree.