بابەت: وتار
نووسین: د.#ڕەئوف عوسمان مەعروف#
دەمێکە لەنێو حزبە کوردیەکاندا دیاردە یەکیی نامۆ و دور لە پرنسیپە زانستی و پیشەیی و شارستانێکان پیادە دەکرێت. کۆمەڵێک خەڵک لە کاتی دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان بەسەر حزبەکاندا سیڤی قەبە و گران پردەکەنەوە و چەندەها دۆکیومێنت و بروا نامەی تێدە هاون بە تایبەت شەهادەی دکتورا، گوایە لە دەرەوەی وڵات بەدەستیان هێناوە و خۆیانی پێدەبەنە پێشێ لای حزبەکانیان بۆ پۆستە باڵاکان، ئیتر ئەم حزبانەش بێ بەڵابن ! ناپرسنەوە ئەم بڕوانامایە چۆن بەدەست هاتوە و تاچەند ڕەنگی داوەتەوە لە ژیان و پیشە و هەڵسوکەوتی ئەم کەسایەتیەدا، دیارە لێرە دا تەکەتول و چەمانەوە و مەحسوبیەت و زمان لە خەڵک دان و... هتد ڕۆڵی کارا دەبینێت لە کاندید کردنیاندا، ئیتر لێرەوە کارەساتەکە دەست پێدەکات، باشتر وایە لیژنە و بڕیاردەری ئەو کەیسە پرسی ڕاو بەدواداچون بکەن لەم بڕوانامانە، بە تایبەت هی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و ڕوسیای سەروبەندی برۆستوریکا , کە لە دەمێکەوە لە ژێر پرسیاری جددی خەمخۆرەکانی زانستدایە. لەسەرو بەندی ڕوخانی ڕژێمی سۆڤێتیدا هەژاری و برسێتی و نەداریی بە جۆرێک لە و وڵاتە پەرەی سەند بوو، مرۆڤ دەفرۆشرا چ جای بڕوانامە , هەر بڕوانامەیەک لە و سەردەمانەدا بە دەست هێنرابێت لە ژێر پرسیاردایە و جێگای متمانە نییە، تەنانەت زۆرێک لە زاناکانی سۆڤێت لە تاو هەژاری برسێتی ڕویان لە وڵاتان کردو زانستەکەیان هەرزان فرۆش کرد. ئەوەی جێگای خەم و کارەساتە ئەوانەی دەبێت بەدوادا چون بکەن بۆ بڕوانامەکان، خۆیان هەڵگری بڕوانامەی باڵا نین و نا حاڵین بە کەیسەکە و گرێی خۆبەکەم زانین (عقدە النقص) یان هەیە بەرامبەر بڕوانامەی باڵا , واتە (فاقد الشیئ لا یعگی).
دەبێت لەم بوارەدا بپرسرێت لە کوێ و کەی بڕوانامەی ئامادەیی و کۆلێژت بەدەست هێناوە و لە کام قوتابخانە و زانکۆ ؟! کوا بڕوانامەی ماستەرەکەت و لە کوێ و لە چ ساڵێکدا وەرت گرتوە ؟! کێ سەرپەرشتیارت بوە ؟ تێزەکەت کامەیە ؟ چونکە زۆرێک لەم بەڕێزانە بازیان داوە بەسەر ماستەردا و یەکسەر لە قۆناغی دکتورادا وەرگیراون !!
دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوان تایبەت مەندێتی بابەتی قۆناغی کۆلێژو دکتۆ ڕا دا ؟ چونکە هەن لە کۆلێژی کشتوکاڵی یان زانستی فیزیا و کیمیا دا دەرچوون، بەڵام دکتوراکە یان باسی سیاسەت و مێژوو و یاسا و کۆمەڵناسی دەکات !!
واتە لەم حاڵەتەدا پرۆفیشناڵی بەدەست نایەت و زانیارێکان پەرت دەبن، کە واتە وەک دەڵێن حوشتر و قاپ قاپ، ئەوە لفکە ئەوە لیرە !! ئەم لادان لە هێڵە لە زانکۆکانی کوردستان و عێراقدا ڕەفزە.
خۆ ئەگەر داوا لەم بەڕێزانە بکەیت تێزەکەت وەرگێڕە سەر زمانی کوردی یان عەرەبی بۆ ئەوەی دەرگای توێژینەوە و هەڵسەنگاندن بکرێتەوە لە بەردەم پسپۆرەکاندا و متمانە دروست بێت، دیارە ئامادەی ئەم کارە نین و ئەمەت بمرێ ناوی ئەوە مەبە، چونکە خۆیان دەزانن چیان کردوە !! زۆرێک لە خاوەنی ئەم بڕوانامە گوماناوی و ساختانە دوای خەڵەتاندنی حزبەکانیان و وەرگرتنی پۆستی باڵا خشتێکیان نەخستۆتە سەر خشتێک و بونەتە بار بەسەر ئەو فەرمانگەو شوێنەوە کە کاریان تیاکردوە.
هەربۆیە گەرەکە چ حزب چ حکومەت پێداگری لەوەشدا بکەن، کە دەبێت تێزی بڕوانامەی کاندید کراو , بگونجێت لەگەلأ ئەو شوێن و پۆستەی کەبۆی دەست نیشان دەکرێت و کاری بۆ دەکات، چونکە دوریی و نەگونجانی تێزی بڕوانامەکە لەگەڵ ئەو پۆستەی کە بۆی دیاری دەکرێت گەورەترین زیان دەگەیەنێت بەو فەرمانگەیە، خاوەن پۆستیش نەک دەبێتە بارگرانی، بەڵکو دەبێتە گاڵتەجاریش.
ئەم دیاردە نازانستی و ناپیشەییەی کە حزبەکان پەیڕەوی دەکەن هۆیەکی کاریگەرترە بۆ دواخستنی ئاستی فەرمانگە و وەزارەتەکانی کوردستان و نەچونە پێشەوەی تاقیکردنەوەی ئێستامان.
ئەگەر حیزبەکان ئەرکی بەدواداچون و لێپرسینەوەیان لەم بڕوانامانە لەبەر هەر هۆیەک ئەنجام نەدابێت , گەرەکە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و فەرمانگەکانیان زۆر بەوردی و جدیانە بەدواداچون بکەن بۆ بڕوانامەی هەربەڕێزێک کەلەو فەرمانگەیە دەست بەکار دەبێت، بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ پێوەرە زانستیەکان و بڕوانامە ڕەسەنەکان، نەک هەرئەمە بەتەنیا بەڵکو بۆ ڕێگا بڕینەوە لەهەرکەسێک کە شکۆ و قودسیەتی بڕوانامە لەباربەرێ و بە حسابی خۆی حزبەکەی و حکومەتی هەرێم و خەڵکەکەی بگەوجێنێت.
بۆگەیشتن بە حەقیقەت و متمانە و دڵنیایی ,دەبێت بەر لە نامەی دکتورا ئەم بڕوانامانە هەبن و خوێندکار بەم قۆناغانەدا تێپەڕی بێت.
1-بڕوانامەی شەشی ئامادەیی , هەرچەندە بڕوانامەی (دار المعلمین) یەکسانە بەشەشی ئامادەیی
2-بەکالوریوس
3-ماجستێر
4-دکتورا
هەر بڕوانامەیەکی دکتورا بەپێی یاسا و ڕێنمایی عیراقی و کوردستانی بەم پلە بەندیانەدا نەڕوات، واتا بازدانی تێدابێت لە ئامادەییەوە یان بەکالۆریۆسەوە یەکسەر بۆ دکتۆرا , جێگای گومان و ساختەیە و لەدەرەوەی یاسایە , ئەم بەدواداچون و لێپێچینەوەیە جگە لەوەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیشەییە، ڕێگا لەهەموو ئەوانە دەگرێت کە پۆستی شیاو بۆ خاوەن شەهادەی ساختە دابین دەکەن و وەزارەت و فەرمانگەکانی کوردستانی پێ کاول و ڕەنج بەخەسار دەدەن، گەرەکە ئەرکی کابینەی نوێ بەر لەهەرشت بەدواداچون بێت بۆ بڕوانامەی خاوەن پۆستە نوێکان، چونکە سەرکەوتنی ئەم کابینەیە بەندە بە جیاکردنەوەی بڕوانامەی یاسایی و ڕاست و ڕەوان لە ساختە و گومانەوە، ئەوەی کە پاڵی پێوەنام بۆ نوسینەوەی ئەم بابەتە سکاڵای کۆمەڵێک خاوەن بڕوانامەی فەرمی باڵای کوردستان و عیراقن کە تا ئێستا جێگای شیاو و دامەزراندنیان دەست نەکەوتوە و لەوەدەچێت هەست بەو زوڵمەبکەن کە بڕوانامەی گوماناوی و ساختەی دەرەوەی وڵات جێگای پێ لێژکردبن و شەهادە ساختەکان چانسی دامەزراندن و بەرەو پێش چونیان لەمان زۆرتر بێت، واتە وەک ادم سمپ گەورە ئابوری ناسی ئەمریکا دەڵێت (العملە الردئیە تگرد العملە الجیدە).
لای من شیاوترە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا چاوکراوەتر بێت و بەیەک مەسافە بوەستێت و باڵانس ڕاگرێت بەرامبەر هەردوو گروپەکە , بە مەرجی پابەندبون بە پرنسیپە زانستی و ئەکا دیمێکان و نەبەزاندنی ڕێنماییەکان و پێویستی بابەتی تێزەکە بۆ فەرمانگەکان.
[1]