ڕۆمانی(فرمێسک و برین)م خوێندەوە، لە نوسینی جەوهەر مێرگەسۆری.
ئەو ڕۆمانە له 1972/9/18، لە بەندیخانەی ڕایات-خەلان نوسراوە.ئەوەی بۆمن جێگای سەرنجە، پێشمەرگەیەک لە ناو بەندیخانەی تاریک و تنوک، 50 ساڵ بەر لە ئێستا لە کاتێکدا بۆ خوێندنەوەی نامەیەک، دەبووایە چەند گوند بگەڕێی تاوەکو خوێندەوارێک یان مەلایەکت دەست بکەوێ نامەکەت بۆ بخوێنێتەوە، نوسەر لەو سەردەمدا وەک لە ڕۆمانەکە نوسراوە، توانی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی سالی 1961 بکات بە ڕۆمان.
خۆی لەناو دوکەڵی ناپالم و قرمژنی شەست تیر و سووتانی گوند و خەلەو خەرمانی کوردان، چیرۆکی ئاشق بوونی (سەرداری) پێشمەرگەو (خانزادی) کچە مەڕدار و کۆچەری دەبینێتەوە..
گەر بە چاویلکەی زەمەنی نووسینی ئەو ڕۆمانە تێیڕامێنی، تێدەگەی نوسەر چەند بە سەلیقەو وردبوونەوە لە خانزادی ڕوانیوە، دەڵێ: خانزاد لەسەر کانی بسکی لولداو بە دانەکانی گرتی بۆ ئەوەی لە کاتی دەموچاو شۆردن بە سەر ڕوومەتی بڵاو نەبێت، یان دەڵێ: کەزیەکانی وەک کەلافە ئاوریشم لە سەر سمتی قەفی خواردووە.
بەداخەوە نوسەر و شێوەکار جەوهەری حەمەدئاغای مێرگەسۆری، لە شەوی 22 لەسەر23ی/1975/3، لەگەل باوک و شەش براو ئامۆزایەک و خزمێکیان بە ناوی خەلیل برادۆستی، لە ڕایات گوللەباران کران لە کاتێکدا هەرهەموویان پێشمەرگە بوون تاوەکو پلەی (ئامر هێزیان) تیادابوو.
قرچ وبڕکردن و بنخاک کردنی قەلەمەکان لە باشور مێژووێکی لە مێژینە و ڕەشی هەیە، بەداخەوە تاکو ئێستاش بەردەوامە.
[1]
وتەی ئەفسانەیی خەڵکەکەی هاتەوە بیر کە ئەڵێن (هەر کەسێک لەو دونیا ئەستێرەی خۆی هەیە) لەبەر خۆیەوە گوتی کەوایە من و خانزادیش ئەستێرەی خۆمان هەیە، ئەبێ هەر ئەو دوانە بن کە وا بەرانبەر یەک ئەدرەوشێنەوە. بەتەنها دوور لە پالەپەستۆی ئەستێرەکانی تر. بەلام یەکێکیان درەوشی کەمە، کز و مات خۆی ئەنوێنێت، ئەوی تر بەدرەوشەو زریوەیە هەر وەک لە جولەدابێت وایە. هەرچەندە بڕواشی بەم شتانەوە نەبوو، بەلام ترس و سامێک کەوتە ناو هەناوی. ئەترسم شتێکی بەسەر هاتبێت، یا نەساغ بێت. لە پڕێکا ڕاچڵەکا کە ئاگری جگەرە بەئاگر پەرژانێکەوە ناو پەنجەکانی داخ کرد و دەستی ڕاوەشاند قونگی جگەرە بەئاگر پەرژانێکەوە لە ناو پەنجەی دەر پەڕی. هاتەوە هۆش خۆی کە بەکارێکی شەوگەری هەڵ ئەسێت. هەڵسایە سەر پێ، پشویەکی درێژی هەڵکێشا ناو هەناوی بە بای فێنک سارد بوونەوە، (زۆر دواکەوتم، کاتی پێ سستی نیە کاروباری شەوگەری پێویستی بە مرۆڤێکی هەنگاو سوک و سوور و یەک دڵ هەیە).
چاوێکی بە ئاسمان و کێوەکان خشاند. لوتکەیان بەرز ببوەوە بۆ ئاسمانی شەو، بەناو گۆڕستانی دەرگای گەڵی دا تێپەڕی ڕێگا تەسک بوو نەئەبینرا، بەلام بە ئاسانی زنجیرەی کێوە بەرگینیەکان و دامێنی دارستانە سوتاوەکان ڕەش ئەکرانەوە. هەر چەند ڕێگا تەسک و تاریک بوو، بەلام پێشمەرگەی هەستیار و چاو تیژ بە چاوێکی گۆرگینی ڕێگاو شتی بەدی ئەکرد، شوێنەکەش ناسراو و دیتراو و خۆشەویست بوو. بەڕۆژ کێوەکانی بەدارستان و لووتکە کوێستانیە ڕووتەکانی سووتاوو، هەڵقڕچاوو، ڕەش هەل گەڕاوی وەک ڕەشماڵی بەرگینی زڵ و پان ئەهاتە بەرچاوو، شەوان، لە نزیکەوە، دیمەنێکی تریان هەبوو، زیندوو و سامناک تر، لێڕەواری پڕو چڕی دار مازوو، بەڕوی سوتاوو لە دامێن و لاپاڵەکانی وەک تووکی گامێشێکی زل و خەوتوو ئەهاتە بەر چاو، لەسەر خۆ هەناسەی ئەدا، ناو زگی گەلیەکە وەک دەمی حووتی ناو دەریا ڕەش و بێ بن و تاریک بوو، هەڵدێرگاکانیش وەک گوێچکەی زیندەوەرێکی زڵ، ڕووت و قووت خۆیان ئەنواند و بۆنی سووتان و خەڵووزی لێوە ئەهات، ددانی تیژی بەردەکان لە بەناویانا وەک دەمی شێر بەرز ببونەوە. وا هەست ئەکرێ کە شێواندن و تێک دانی کپی و سامناکی ئەو دیمەنە هەتا هەتایە کارێکی ناڕەواو نا جۆرە. بەلام سەردار لە شوێنی وا ناترسێت، کوڕی چۆل و چیایە، ئەم شوێنانە نیشتیمانی خۆیەتی، بە هێمنی و بێ دەنگی پێشوازیان کرد، هەر وەکو ڕێزانی بکەن. بڕۆ.. پەلەکە، تا دوا نەکەوی، لەدەستت ئەچێت.. چاوەڕوانتە.. بڕۆ ئێمە ئەت پارێزین. ڕێگا تەسک و ناخۆش بوو، بەلام وەک ڕێبوارێکی پسپۆر بەناو دارو باری سوتاودا بە درێژی ڕێگای ئەبڕی. بە ئەسپایی هەنگاوی ئەنا. جیهانێکی ئاسودەو دور لە دەنگی زڵ، تەنها تەپەی پێی خۆی گوێی لێ ئەبوو. هەستیشی بەرانبەری دلی ئەکرد لە ناو سینەیدا، سیسرکەکان وەک پۆلیسی دێدەوانی شەو دەنگی تیژ و باریکیان وەک سافیڕەی ناو دەم بە گوێچکەیا ئەلەرایەوە، هەر وەک تیپی یاسا وڵی شەو، یەک لە یەک ئاوازیان ئەقۆزیەوە وەکو بلێن : وا هات.. واهات.. تێپەڕی.. گوم نەبێت.
گەیشتە گۆڕەپانێکی ڕووت و بێ دار، ئەستێرە بەناو تەسکایی لێوی گەڵیەکەدا بەدەر کەوتنەوە. پەڵە هەورێکی خۆلەمێشی ڕەشی پاییزیش لەگەڵ پالەپەستۆی هێرشی بەرزی با بۆ ناو جەرگەی ئاسمان ئەخشێ، تا کو ئەو درەوشەیەش نەمێنێ کە ئەستێرەکە ئەیان خستە ناوو دڵ و دەرونی.
دەستی بردە ناو باغەلی چەرخێکی لێدا، سەیری کات ژمێرەکەی کرد، وردە کەژمێر بۆ یانزە خۆی ئەکوتا، دووڕیان بوو، لە ڕێگای گشتی بە دەستی چەپ دا، ڕێگاکە تەسک تر و نادیار تر بوو، لەبەر کەمی هاتو چۆ لەسەری، ڕەشایی سوتان هێشتان بۆر نەببوەوە ڕێگای گوم کرد، کەوتە ناو لات و کۆلان و ڕێبڕی.بەرز و نزم ئەبوەوە، بەسەر بەردەکاندا بەرز ئەبوەوەو دا ئەبەزی، بەناو کۆلان و تەسکایی و درزی شاخەکان خۆی ئەکێشا لە هەندێک جێ بە هەنگاوی چەسپاو و چوستەوە ئەڕۆیشت هەندێ جاریش بە پنج و هێزی بازوەکانی سەر ئەکەوت.
بەرز بوەوە، ئارەق پشت و بن باڵەکانی وەک ئاو تەڕ کردبو، تینووشی بوو. وەک باڵدار بەئاسمانی هەڵدێرەکان سەر کەوت. سەرەو ژێری سامناک ڕەشتر و تاریکتر دیار بوو، ژێر پای وەک دەریایەکی ڕەشی بێ گیان، بێدەنگ.. کوێر و کپ و چۆڵ مەند بوو.
نزیک بووەوە، هەناسەی لە بەر ماندویەتی بە هەراسانی ئەهات و ئەچو وەک گورگێکی برسی لە مانگە شەوێکی سارد، سەری بەرز کردەوە وەکو بیەوێ بۆن بکات بۆنی هەلقرچاو و سووتانی، کونی لوتی برژاندەوە. هێشتا سەرکەوت، هیچ دەنگ نەبوو، نەی ئەزانی پاسەوانی شەو، سەگی بەڵەک ڕەش، لەکوێ خۆی مات داوە، نەئەوەڕی، مەترسی لێ ئەکرد، خۆی ئامادە کرد بۆ هەر هەنگاوێک. لەهەر ناوێک بەهەستی توندو تیژی پێشمەرگە ئاگای لە ڕمبەیەک بوو تیرێکی باریک و زیند و درەوشاوە لە بەرچاوی بەرەو سینگی ڕاکشا. ئەوندە دەرفەتی نەبوو لابدات، یان فریا فریودان بکەوێت.یەکسەر دوو لەپی نینۆک تیژ لەسەرشانی چەسپان، دەنگێکی زڵ و ناکاو هێمنی و کپی سروشتی شێواند، بەناو بۆشایی گەڵیدا زرینگایەوە. دەمو چاوی تەڕ بون لەبەر ئاو لیکاوی دەمولوتی سەگەکە. لە شەوی وا تاریک و وێلدا توانای کشانەوە نیە لە سەر قەراغی هەڵدێرگای بێ بن، دەست هەڵێنان و دەرفەت باشترین چەکە لە شەوگاردا.بەهەردوو دەستی هێز دار، بازنی پەنجەکانی بەدەوری ئەستوی نەرم و توک داری سەگەکە سوڕایەوە بەهەمو توانای گوشی. دەنگ نەما لە کرخەیەکی بڕاو زیاتر. بەری نەدا هەرچەند هەستی بەسوتانەوەی شان و سینەی کرد، لەسەر شانیەوە کراسی خاکی و لە گەڵ پەنجەو نینۆکی سەگدا دڕا خوارەوە، هەر بەری نەداو توند تر گوشی تاکو زوتر دەنگی ببڕێت، بەر لەوەی وریا ببنەوە. لاشەی سەگەکە لە جوڵە وەستا، کرخەشی ناما، وەک گۆشتی بێ ئێسقان دابەزیە سەر زەوی، یەک دوو هەنگاو کێشایەوە دوو واوە، زۆر گران بوو، دەستی بەردان، تەرمی سەگی تۆپی بەناو لێژایی گڵۆڵ بوە خوارەوە.
کوێچەکەی بەسەرهات و بستە یەک سەر دەنگی وەڕینی پەلاماردان جیا ئەکاتەوە لە هیتر، جونکە لە چەشنی هەڕەشەو بەرهەڵستیدایە، بەلام هیچ بەدوا هاتنێک نەبو، تەنها بەردێک نەبێ هەڵ قۆزیەوە بەناو بەردەکاندا کە بەدوای دەنگی سەگەکەدا فڕێ درا.(ڕۆمانی فرمێسک و برین)[2]
عیشقێکی ناکام:
حیزبی کوردی جگە لە سڕینەوەی فەرهەنگ و بە پاشخستنی زمان و ئەدەبی کوردی، نەیتوانیوە گەشە بە فراوان بوون و دەرخستنی ئەدەبێکی باڵا بدا، نەنگییەکی زۆرە، دەستت بڕواتە نووسەر و هونەر مەند و ڕۆشنیر، ئاخر ئەو کولتووری کوشتنی نووسەر، کولتووری دیکتاتۆر و شۆڤینیستەکانە. جەوهەر محمدئاغای مێرگە سوور، نووسەری ڕۆمانی فرمێسک و برین، لە زیندانی خەلان لە ڕۆژی12/2/1975لەگەڵ باوکی و ژمارەیرک براکانی بە کۆمڵ لە لایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولەوە قەتڵ و عام کران.کوشتنی ئەو خێزانە تاوانێکی قێزەون و مێژوویەکی نگریسە بۆ شۆڕشی ئەیلول، کوشتن و لە ناو بردنی ئەو خێزانە دەنگی ناڕازی زۆری لێکەوتەوە. نووسەری ئەو ڕۆمانە، کەوتە بەرشاڵاوی ئەو کوشتنە. ئەو نووسەرە گەر ئێستا زیندوو با، دڵنیام دونیایەک وشەی جوان و کتێبی دانسقەی دەبوو، مخابن ئەوەندەی زیانی بە ئەدەب و کوولتوور مەسەلەی نەتەوایەتی گەیاندووە، دووژمن بەڵکو هەر هێندەی کردووە. زمان و وێنە و تابلۆکانی ناو ئەو کتێبە لەو سەردەم و کەمی خوێندەواری لە کوردستان دانسقەن، پڕن لە تێکستی جوانی شیعری و ڕەنگاو ڕەنگە بە وەسف و چوونە ناو زیونی سرووشت. پێ دەچێ نووسەر کارەئەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بێ، ئەو زۆر عاشقی خاک و گەلەکەیەتی، لە بۆتەی عیشقی خانزاد و ئەوینێکی ڕاستەقینەدا سووتابوو، بەڵام شۆڕش و بەرخودانی سەردار بەتینتر، ئەو لە دووانەیەکی ئەویندا خنکا، ئەو نەیتوانی لە سەر تەرمی خانزاد بگری و لە دووڕیانێکدا مەڵۆی ئەوینێکی پیرۆزی لەدەستدا، هێشتا بسکی لوولدراوی خانزادی لەدەستەسڕەکەی گیرفانیدا دەبێتە یادگارییەکی زیندوو، لەگۆڕێکی بە کۆمەڵدا وەک ڕووناکییەک بەجەستەی سڕبوو تەزیوی سەرداردا دەبریسکێنەوە.[3]