ناونیشان: پەیامێک بۆ باوەلێ خاتوونە بەرێز و نازدارەکە
ئامادەکردن: #ئارەزووی عەبدولخالق#
ببورە خاتونی نازدار منیش وەک خاتونەکانی دی هاوڕا نیم لەگەڵ قسەکانت بۆئەم سەردەمە، خاتونی نازدار ئەوانەی تۆ ئەیڵێی بۆئەم سەردەمە ناشێ، ئەگەر هەڵە نەبم لەچەند دێڕێکدا ئەمەوێ ڕوونی بکەمەوە...
دایکانی زوو ڕاستە ماندووبوون بەڵام شۆفێر نەبوون، فەرمانبەر نەبوون، مامۆستا نەبوون، لە دوکان و بازاڕ و مارکێتەکاندا نەبوون..!
ئەو کارانەی ئەوان ئەیانکرد تەنها ماڵات و بەڕێکردنی مێرد و مناڵ و لە چورچێوەیەکی داخراودا کە ئەتوانم بڵێم دوای تەواو کردنی کارەکانیان و گسک دانی ژوورو هەیوانێ ئەیانتوانی زۆرترین کات پشوو بدەن.
ئازیزەکەم ژنان ئێستا لەماڵەوە و لەدەرەوە ماندوون بەگشتی، لەهەمان کاتدا کابان و دایک و مامۆستا و فەرمانبەرن و لەمارکێتەکاندا کار ئەکەن، نیوەی ڕۆژەکەیان لەدەرەوە بەپارەپەیدا کردن بەسەر ئەبەن شان بەشانی پیاو لەهەمان کاتدا نیوەی ڕۆژەکەی تری بەکاروباری ماڵ و خزمەت کردنی مناڵ و میوان بەڕێ ئەکەن.
من وەک خودی خۆم وەک مامۆستا و نووسەر و دایک و کابان ماندوم بەردەوام تەنانەت کاتمان نیە بۆپشوو.
هەریەک لە ژنان و کچان لەم سەردەمەدا هێندە ماندون کەهەریەکێکیان سەربازێکی ونن لە کۆمەڵگادا.
ئەوە لە چێشتی خۆش و جۆرەها شیرینی و بابەتی ترشیات گەڕێ.
هەم کاری دەستی و چنین و زۆرەهای تر کە ئەتوانم بڵێم ڕۆمانێکی ئەوێ ئەگەر بەردەوام بم.
تکایە لەوجۆرە بیرکردنەوانە و لەوجۆرە سوکایەتی کردنانە لە ژنانەوە بەرامبەر ژنان ڕابگرن.[1]