ماڵەکەی #شێخ ڕەزای تاڵەبانی# لە گەڕەکی بەرتەکیەی شاری #کەرکووک# بەتەواوەتی وێران بووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی هەیە، بۆیە داوا دەکرێت نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە مۆزەخانە.
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 19ی 11ی 2022، #ستار جەباری#، ڕۆشنبیر و شارەزای مێژووی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''شێخ ڕەزای تاڵەبانی ساڵی 1910 کۆچی دوایی کردووە، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی لە مەرقەدی گەیلانی لە #بەغدا# نێژراوە، ماڵەکەی لە کەرکووک لە گەڕەکی بەرتەکیەیە و دەکەوێتە نزیک تەکیەی تاڵەبانی، کاتی خۆی خانوو لە کەرکووک بە گڵ دروستکراوە و دواتر مۆدێلی دروستکردنی خانوو بە قایە و گەچ بووە، بەڵام هەر ئەوکاتیش ماڵەکەی شێخ ڕەزا لە قایە و گەچ دروستکراوە، پەڕتووکخانەکەشی هەمووی لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراوە، چونکە مەڕمەڕی سرووشتی پەڕتووک و کاغەز تێک نادات.''
گوتیشی: ''ئێستا ماڵەکەی شێخ ڕەزا وێرانەیە و بووەتە میرات بۆ کچەزا و کوڕەزاکانی، بەڵام ئەوان لە کەرکووک نین و لە تورکیا دەژین، نە دێن دەستکاریی بکەن و نە دەیفرۆشن، بۆیە هەر وا ماوەتەوە و داواکارین نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە مۆزخانەی ماڵی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بۆ شاعیرانی کەرکووک.''
ڕایشیگەیاند: ''ئەگەر شێخ ڕەزای تاڵەبانی نەبووایە، ئەدەبیاتی کوردی کەلێنێکی گەورەی تێدەکەوت، چونکە تاکە شاعیری داشۆرین (هەجوو) و بوواری ئیرۆتیکە کە لەو لایەنەی ئەدەبی کوردیدا دیارە و کۆمەڵێک شیعری هەیە هیچ شاعیرێک زاتی ئەوەی نییە ئەو شیعرانە بنووسێت، تاکە شاعیری کوردیشە کە ڕەخنەگر بووە و چۆکی بۆ کەس دانەداوە، تەنیا لە بەرانبەر عەشقدا چۆکی داداوە، ئەویش لە غەزەلەکەی بە ناوی ''جەوری حەبیب''دا کە هونەرمەندی گەورەی کورد، عەباسی کەمەندی، کردوویەتی بە گۆرانی.''
گوتیشی: ''شێخ ڕەزا شاعیرێکی نەتەوەیی بووە و لە شیعرێکیدا دەڵێت:
لەبیرم دێ سولەیمانی کە دارولموڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو.''
باسی لەوەش کرد کە شێخ ڕەزای تاڵەبانی بە کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی شیعری نووسیوە، بۆیە جێی خۆیەتی ماڵەکەی نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە مۆزەخانە.
[1]