ناو: پەشێو
ناوی باوک: حەمەد ئەمین [1]
لە 25-12-1989 لە ئۆردوگای #کەورگۆسک# ی سەر بە پارێزگای #هەولێر# لەدایک بووە. پەشێو ناوی ڕاستەقینەی خۆیەتی و ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نا لەبار و پڕ لە تراژیدیایەی ژیانی خێزانەکەیەتی، کە بە هۆکاری ئەنفالکردنی چەند ئامۆزایەکی باوکی و تەختکردنی لادێکەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ئاوارە دەبن و ناچار دەبن زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ڕووبکەنە ئۆردووگای کەورگۆسک.
دوای تەمەنی پێنج ساڵی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە شارەدێی #سێگردکان# ی سەربە شارۆچکەی #کۆیە# ، کە ئەوسا لادێ بووە، سەرقاڵی کاری کشتووکاڵی دەبن.
هەر لە منداڵییەوە تێکەڵ بە بۆنی خاک و ژیانێکی پڕۆڵیتارانە دەبێت و شەو و ڕۆژ لەگەڵ براکانی دیکەیدا، هاوکاری باوکیان دەکەن تا لانی کەم نانی ڕۆژیان دەست بکەوێت.
تا پۆلی دووی ناوەندی لە سێگردکان دەخوێنێت و دواتریش قۆناغی ناوەندی لە ماڵی باپیری لە شارۆچکەی #تەقتەق# تەواو دەکات. ئینجا دووای پڕۆسەی ئازادی ئێراق ماڵی باوکیشی دەڕۆن بۆ تەقتەق و قۆناغی ئامادەییش هەر لە هەمان شوێن تەواو دەکات. لەوێدا و لەژێر کاریگەریی مامۆستای کوردیدا دەست دەکات بە خوێندنەوە و زۆر بە چڕی ئالوودەی دەقە کلاسیکییەکان دەبێت؛ بە تایبەت بەرهەمەکانی #نالی# و #مەحوی# و خەییام و بابا تاهیر و #مەولەوی# تاوەگۆزی و ... هاوشێوەکانیان. هەر ئەوەیش وا دەکات کە ببێ بە مورێدێکی شێت و شەیدای دونیای ئەدەبیات، تەنانەت لەو پێناوەیشدا لە خوێندنەکەیشی پاشەکشێ دەکات و لە پۆلی چواری ئامادەیی و شەشدا دوو ساڵ دەمینێتەوە. دواجار بە کۆ نمرەیەکی کەمەوە، لە پەیمانگای تەکنیکی #شەقڵاوا# وەردەگیرێت و دوو ساڵ و بە نابەدڵی بەشی ئایتی دەخوێنێت. هەر لەوێدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی جوانیی و خۆشەویستیی کیژێکی بادینی دانیشتووی هەولێر بە ناوی سروە و، سەرەنجام بۆ نەهێشتنەوەی گوومان لە ڕاستگۆیی خۆی، لە تەمەنی 23 ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2023/485544/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=پەشێو حەمەد ئەمین=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=پەشێو حەمەد ئەمین=KTML_ImageCaption_End=
بە هۆکاری هەڵوێستەکانی و بەگژداچوونەوەی نادادی و بوونی وەک کارەکتەرێکی ڕادیکاڵ، هەرچی دەکات نە خۆی و نە هاوسەرەکەیشی کە دەرچووی بەشی پەرستاری دەبێت، دەبنە قوربانی ئەقڵیەتی حیزب سالاری و هیچیان دانامەزرێن. ئەوە وا دەکات بە نێو ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەینەتییەکی زۆردا تێپەڕێت. بەڵام هەرگیز ملنادات و خۆی ڕادەستی ئەو دەسەڵاتە ناکات، کە ئەو پێی وایە، مانەوە تێیدا مرۆڤ بوونت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دەچێت لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مریشکدا دەبێت بە کرێکار و ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت. دوای ئەوە پیشەکەی دەگۆڕێت و دەڕوات لای هاوڕێیەکی خۆی و بە مووچەکی کەم لە گەراجێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا دەبێتە شاگرد و تێکەڵ بە دونیای ئاسن و ئیسپانە و چەکوش دەبێت، کە بە دەیان فرسەغ لە سەلیقەی خۆیەوە دوور دەبێت. بەڵام کاتێک هاوڕێیەکی بە هەڵکەوت بەوێدا تێدەپەڕێت و لەنێو ئەو بەرگە سووتاو و ژیانە تاڵەدا دەیبینێت، بەزەیی پێیدا دێتەوە و پێشنیاری بۆ دەکات بیبات بۆ کێڵگەیەکی نەوت، بەڵکوو لەوێدا وەریبگرن. سەرەنجام بە داواکەی قایل دەبێت و دەچێت وەریدەگرن. لەو سەروبەندەدا کوڕێکیان دەبێت و ناوی 'پاڵە'ی لێ دەنێت، تا کە گەورە بوو بیری نەچێتەوە زادەی چی ڕۆژگارێک بووە. ئیتر بە هۆکاری کارەکەی لەو کێڵگە نەوتییەدا ماڵی دەگوازێتەوە هەولێر و دەچێت لە گەڕەکی سەیداوە و لەنێو خانوویەکی شەق و شڕی ساڵانی شەستەکاندا نیشتەجێ دەبێت و دەبێت بە کرێچی. دوو ساڵ دوای ئەوە کچێکیان دەبێت و ناوی لێ دەنێ 'ئایدا' کە بە مانای لەنێو مانگدا دێت و لە بنەڕەتدا ناوێکی تورکییە، بەڵام ئەو لەو نامەیەوە وەریدەگرێت، کە شاعیری گەورەی فارس ئەحمەدی شاملو بۆ هاوسەرەکەی نووسیویەتی، کە ئایدای ناو بووە و زۆری بە لاوە جوان دەبێت. بەڵام لە هیچ کام لەو قۆناغانەی ژیانیدا دەستبەرداری خوێندنەوە نابێ و زۆر بە قوڵی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی ڕووسی و بە تایبەت بەرهەمەکانی ئەنتوان چیخۆف، مەکسیم گۆرکی، لیۆ تۆڵستۆی، پۆشکین و لە سەرووی هەموویشیانەوە دۆستۆیڤسکی.
ساڵی 2018 یەکەم ڕۆمانی خۆی لەژێر ناوی بەهەزار دڵ خۆشم دەوێیت بڵاو دەکاتەوە. چونکە ئەو پێی وایە؛ بۆ ئەوەی بە ڕاستی کەسێکت خۆشبوێت، پێویستە هەزار دڵت هەبێت و دەڵێت: تەنیا دڵێک لەم نیشتمانەی مندا، هەر بەشی جەور و ستەمی ڕۆژگار و ئەو هەموو نادادی و شکانە زۆرەی نیشتمانەکەی دەکات و بەس نییە. لەوێشدا تیرۆری شاعیرێکی کورد بە ناوی شەهید 'بەکر عەلی' دەکات بە کەرەستەی ڕۆمانەکەی.
ساڵێک دواتر، #ڕۆمانی باران# بڵاو دەکاتەوە، کە ئەویش باس لە کارەکتەرێکی سینەمایی کورد دەکات و، دەیەوێت لەو ڕێگەوە ئەو دێرەی گەورە شاعیری کورد، هێمنی موکریانی بسەلمێنێت، کە دەڵێت: هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە ئەویش ڕۆمانێکی درامی تراژیدیە و، ئیش لەسەر کۆژان و مەینەتییەکانی تاکی کوردی بە گشتی و هونەرمەندەکانی بە تایبەتیی دەکات.
ساڵی 2023یش ڕۆمانی #دەنگی خاوێن# بڵاو دەکاتەوە، کە ئەمیان جیاواز لەوانیتر، ڕۆمانێکی فرەڕەهەندە و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی بە بنەما گرتووە و، لەپێناو ئەوەیشی تا زیاتر دەستکراوە بێت، چەند کارەکتەرێکی ئێرانی و ئەفغانی بە ئامانج گرتووە، بەڵام دیسانەوە ئەویش بە تراژیدیا کۆتایی دێت.
نووسەر سەر بە ڕێبازی ڕیالیزمە و هەمیشە هەوڵی وێناکردنی واقیع دەدات و، دژی خەیاڵگەرایی و وێناکردنێکی ئەفسانەییە. بەڵام لە بواری شیعردا ئازاد دەنووسێت و، هەمان بۆچوونی محمەد ماغوتی شاعیری سووری هەیە و پێی وایە: شیعر دەبێت ئازاد بکرێت و نەخرێتە چوارچێوەیەکی تەسکەوە، تا شاعیر خۆڕسکانە بنووسێت و، خوێنەر ناچار بکات دڵی لای شیعریەتی دەقەکەی بێت، نەک ئەوەی کە بیربکاتەوە ئەو دەقە، مۆدێرنە، یان پۆست مۆدێرن.
تفێکی گەورە لە گەروومدایە و
بۆم قووت نادرێت
تا لە نیشتمانم نەکردووە،
دەمەوێت بمرم!..[2]