خەندان - ڕەهێل سەمەد
ئەمڕۆ (29ی کانوونی دووەمی 2014) لەدیوانی پارێزگای هەولێر لە پرۆسەی تیروپشکدا 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە بە خانووی کۆرییەکان ناسراوە بەسەر هاوڵاتیانی سنوری پارێزگاکەدا دابەشکرا، کە پێشتر زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی فۆرمی بۆ ئه و مەبەستە پڕکردبۆوە.
له و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە یەکەکان بە کوالیتییەکی زۆرباش لەلایەن کۆمپانیایەک دروست دەکرێت و تێچووی هەریەکەیەک 39 هەزار و 500 دۆلارە.
نەوزاد هادی وتی: "پێشەکی هەر یەکەیەکی نیشتەجێبون 7 هەزار دۆلارە، پێویستە سوودمەند دوای پێشەکی بەماوەی 2 ساڵ 12 هەزار و 750دۆلار بدات".
ئاماژەشی بەوەدا کە ئه و 19 هەزار و 750دۆلارەی دەمێنێتەوە بە قیستی 10 ساڵ دەدرێت کە بۆ هەرمانگێک، 164 دۆلار دەدرێت.
نەوزاد هادی ئەوەشی خستەڕوو کە 50 هەزار هاوڵاتی پێشتر فۆڕمیان پڕکردۆتەوە، ئەمڕۆ تیروپشک بۆ 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبون ئەنجام دەدرێت و تێیدا سەرەڕای 5 هەزارەکە 500 کەس وەک یەدەگ دەستنیشان دەکرێن بۆئەوەی ئەگەر دەرکەوت هەرکەسیک زانیارییەکانی دروست نەبوو، ئەوانەی کە یەدەگن بخرێنە شوێنیان.
دواتر لەرێگەی تیروپشکەوە 5500 کەس دەستنیشانکران وەک سوودمەدانی پرۆژەی گوندی کۆری لە هەولێر.
خانووی کورییەکان لەسەر ڕێگای هەولێر شەقڵاوە دروست دەکرێت، خانوەکان بەشێوەیەکی جیاواز لە خانووی ئاسایی دروست دەکرێت.
- 29-01-2014