نووسەرو فۆلکلۆریست و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس: بەهادین جەلال مستەفا
لە ساڵی 1954 لە گوندی هەرتەلی ناوچەی خۆشناوەتی لە دایک بووە، لە ساڵی 1958 ماڵیان دەچێتە شارۆچکەی #قەڵادزێ# و شەش ساڵی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی(ئاسۆس) لەو شارۆچکەیە تەواو دەکات، لە ساڵی 1966 ماڵیان دەچێتە قەزای مەخمور بە حوکمی وەزیفەی باوکی ڕەحمەتی کە برینپێچ بووە، لەوێ هەر دوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکات، هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە خولیای خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بووە، وێڕای ئەوەی کە بەردەوام گوێی لە ڕادیۆکانی کوردی و عەرەبیی عێراق و دەوڵەتان گرتووە، لە هەمان کاتدا حەزی لە وەرگێڕان بووە لە کوردییەوە بۆ عەرەبی و بە پێچەوانەوە، دوای ئەوەی بڕوانامەی شەشەمی ئامادەیی وێژەیی تەواو دەکات، بۆ خوێندنی کۆلیج دەچێتە بەغدا، سەرەتا بەپێی حەزو خولیای خۆی ویستویەتی لە بەشی ئینگلیزی وەربگیرێت، بەڵام لەبەر کەمیی(9) نمرە لە کۆ نمرەکانی لەم بەشە وەرنەگیراوە، تەنانەت لە بەشەکانی(عەرەبی و مێژوو و جوگرافیاو فارسی و ڕووسی و فەرەنسی و ڕاگەیاندن و زۆر بەشی دیکە جگە لە ئینگلیزی) وەردەگیرا، بەڵام بەشی کوردیی هەڵبژارد، لە ساڵی 1973 لە بەشی کوردی- کۆلیجی ئاداب- زانکۆی بەغدا وەردەگیرێت و لە ساڵی 1976 کۆلیج تەواو دەکات، لەم بەشەدا تێکەڵی زۆر لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسان بوو، توانی پەرە بە بەهرەی نووسین بدات، یەکەم بابەتی نووسینی ئەو کاتەی لە پۆلی دووەمی بەشی کوردی بووە لە مانگی ئاداری 1974 لە ڕۆژنامەی هاوکاری بەناوی (پوشکین هەڵگری مەشخەڵی ڕیالیزم) بڵاوکردەوە، لە ساڵی 1974 ئەو کاتەی قوتابی بووە لە کۆلیجی ئاداب، دوای ئەوەی ڕادیۆی کوردی بەغدا کە پێشتر بەش بووە لە ڕادیۆی کۆماری عێراق، فراوان بوو و پەخشەکەی بۆ 20 کاتژمێر زیادکرا و بوو بە بەڕێوەبەرایەتی، پێویستیان بە بێژەر و وەرگێڕ بوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەک داواکاری پێشکەش کرد و دوای تاقیکردنەوە بە وەڕگێڕ و دواتریش بە بێژەر دامەزرا بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە 1974 تا 1982 جگە لە بێژەری دەنگوباس، دەیان بەرنامەی پێشکەش کردووە، لەوانە بەرنامەی (بەیانی باش) و (گەشتێک بە جیهانی هەمەڕەنگدا)، هاوکات لە بواری نواندنیشدا لە ڕادیۆ، وەک ئەکتەر بەشداری لە چەندین زنجیرە چیرۆکی نواندن دا کردووە، لەو بەرنامانەی کە دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، بەرنامەی (چیرۆکی گوێ ئاگردانی کوردەواری) بوو کە هەفتانە پێشکەش دەکرا و گوێگرێکی زۆری لە سەرتاسەری کوردستان هەبوو، ڕۆژانە بە دەیان نامەی بۆ دەهات کە چیرۆکی فۆلکلۆری و میلییان بۆ دەنارد و بە شێوازی گێڕانەوە پێشکەشی دەکردن، ئەمەش وای کرد کە لە کۆتاییدا زۆربەی چیرۆکەکان لە دووتۆیی کتێبێکدا کۆبکاتەوە بە ناوی(شەوانی جاران) کە دوو جار چاپکرا، جاری یەکەم لە ساڵی 1990 کە هاوڕێی خوالێخۆشبوو خالید جووتیار پێشەکی بۆ نووسیوە، جاری دووەمیش لە ساڵی 2016 بە بەرگێکی دیکە چاپکرایەوە، جگە لە ڕادیۆ، لە تەلەفزیۆنیش بەرنامەی پێشکەش کردووە، بە تایبەتیش لە ساڵی 1980 تا 1982 بەرنامەی (جیهانی هونەر) ی لە تەلەفزیۆنی #کەرکووک# پێشکەش کردووە، ئەم بەرنامەیە لە ئامادەکردنی: (ناسر حەسەن) و دەرهێنانی خوالێی خۆش بێت (بەختیار سیامەنسوری) بوو، بەرنامەکە دوو هەفتە جارێک ڕۆژانی (شەممە) لە ستۆدیۆکانی تەلەفزیۆنی بەغدا تۆماردەکراو ڕۆژانی(سێ شەممە) لە تەلەفزیۆنی کەرکووک پەخش دەکرا، نزیکەی (50) ئەڵقەی لێ تۆمار و پەخش کرا، ناوەڕۆکی بەرنامەکە بریتی بوو لە: وتەی بەرنامە، هەواڵە هونەرییەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندان (ئەکتەر، نیگارکێش، گۆرانیبێژ، میوزیکژەن..) بۆ نموونە: (مامۆستا عەلی مەردان، ڕەسوڵ گەردی، تەحسین تەها، سەعید گاباری، نەسرین شێروان، محەمەد تەیب تاهیر، محەمەد شێخۆ، عیسا بەرواری، فەیسەڵ محەمەد ساڵح، ئیسماعیل خەیات، بەشار #زاخۆ#لی، عەبدولڵا زێڕین، ئەیاز زاخۆلی..)
لە 1983 خزمەتی گواستووەتەوە بۆسەر میلاکی #وەزارەتی پەروەردە#و یەکەم جار بووە به مامۆستای دواناوەندی لە قەزای مەخمور و وانەی کوردی وتۆتەوە و دەیان قوتابی پێگەیاندووە، هەر لەو قوتابخانەیە بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری دواناوەندییەکە و لە ساڵی 1987 تا 1990 بەڕێوەبەری هەمان قوتابخانە بووە، لە ساڵی 1991 دوای ڕاپەرین و لەبەر تێکچوونی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی ئەو کاتە، ڕوو لە #هەولێر# دەکات و ماڵیان لە #مەخموور#ەوە دێتە هەولێر، وەک مامۆستا لە ناوەندیی عێراق لە هەولێر دەست بەکار دەبێت، دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش ساڵ مامۆستای زمانی کوردی بووە، ساڵی 1997 گواستراوەتەوە بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە و لەوێ لە ڕاگەیاندنی نوسینگەی وەزیر کاری کردووە، لە ساڵی 2006 خزمەتی گواستۆتەوە بۆ دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەوێش هەر لە ڕاگەیاندنی وەزیردا بووە و تا ساڵی 2018 هەر لەم وەزارەتە ماوەتەوە، تا لە #01-08-2018# خانەنشین دەبێت.
سەبارەت بە کاری ڕۆژنامەگەری هەر لە ساڵی 1996 لە ڕۆژنامەی (برایەتی) دامەزراوە، وەک پەیامنێرو وەرگێڕ و هەواڵساز و نووسینی ڕیپۆرتاژ، دواتر لە ڕۆژنامەی(خەبات) درێژەی بەم کارە داوە، لە سەرەتای دەرچونییەوە تا ساڵی (2005) ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری (ئاسۆی پەروەردەیی) بووە کە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەردەچوو، لە (2005 تا 2006) بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری کشتوکاڵ بووە، لە ساڵی(2005 تا 2012) لە نووسینگەی هەولێری ڕۆژنامەی(التآخي)ی عەرەبی کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، دوای ئەویش لە گۆڤاری هەفتانەی(الصوت الاخر) وەک داڕێژەری هەواڵ و وەرگێڕان و ڕیپۆرتاژ بە عەرەبی نووسینی بڵاوکردووەتەوە، هەر لە نووسین و وەرگێڕان و چاپکردنی کتێب بەردەوام دەبێت، وێڕای کاری زمانەوانی بۆ دەیان کتێبی نووسەران بە زمانی کوردی و عەرەبی. [1]