ناوی گوندێکە کەوتۆتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە کۆیەوە دوورە. پێش ئەنفال نزیکەی 30 تا 40 ماڵی لێبووە، بەڵام دوای ئەم ڕووداوە، خەڵکەکەی زۆربەی کۆچیان کرد بۆ شارەکانی کۆیە و هەولێر و ناحییەی تەقتەق، دواتریش بەهۆی پشتگوێ خستنی گوندەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەیەکجاری چۆڵکرا و لە ئێستادا تەنها سێ ماڵی لێیە.
خەڵکەکەی زیاتر بە کاری ئاژەڵداری و جوتیارییەوە خەریکبوویتن.
سەبارەت بە وشەی (تەکەڵتو) بۆچوونی جیاواز هەیە.
وەک:
هەندێ کەسی دەڵێن: وشەی (تەکەڵتو) لە (تاکەتوو)ەوە هاتووە، کە ئەمەیان بەهیچ جۆرێ ڕاستنییە. چونکە جاران گوندی تەکەڵتو دارودرەختێکی زۆری لێبووە، ئێ خۆ ناشکرێ لەناو ئەم هەموو دارەختە تەنها یەک داری (توو)ی لێبووبێ!! یەکێکی دی لە بۆچوونەکان لەوەوە هاتووە کاتی خۆی وەستای دروستکەری (زین)ی وڵاغەبەرزەی لێبووە و هەر بەهۆی ئەم پیشەیەشەوە ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە...
وشەکە لە فەرهەنگەکان بەم جۆرە هاتووە:
لە فەرهەنگی (ئەستێرە گەشە)لا140 لەبەرانبەر وشەی تەکەڵتو نووسیویەتی(یفرش تحت السرج فوق ظهر الحصان) لێرە مەبەست ڕایەخی ژێر زینە نەک خودی زین، ئەگەر وانەبوایە دەیوت السرج فوق ظهر الحیصان ئەوکاتە مەبەست دەبووە زین...
لە فەرهەنگی هەمبانەبۆرینەلا166 ئاوا نووسراوە(جێگەی ڕانی سوار لە زیندا) لێرەش مەبەست شوێن و چاڵایی زینە...
لە فەرهەنگی (کاوە)لا515دا بە مانای (نەرمەزین، ژێر زین) هاتووە...
ئەوەی لە فەرهەنگەکان خراوەتە ڕوو، هەندێکیان مەبەستیان لباد یا ڕایەخی بن زینه، هەندێکی دییان مەبەستیان خودی (زین)ەکەیە... دانەیەکیشیان مەبەستی چاڵایی (زین)ەکەیە ئەمانەی سەرەوە هەندێ بەڵگە و بەرچاو ڕوونی بوون، ئەمە بۆ ئەوی نەک بڵێن بێ بەڵگە ڕای خۆی وت.
ئەوەی ماوەتەوە ڕای (من)ە.
من دەڵێم: ئەگەر سەیرێکی دەشت و دەری گوندی تەکەڵتوو بکەین، پڕە لە گردۆلکە و تەپۆلکە، نێوان هەر یەکێکیشیان چاڵایی هەیە، ئەم دیمەنە لەگەڵ دیمەنی چاڵایی زین بەراورد بکەین، هاوشێوەییەک هەیە لە نێوانیان، کەواتا بێ خۆ ماندووکردن، دەتوانین بڵێین: تەکەڵتوو لە چاڵایی زینەوە هاتووە، ئەو شوێنەی سوارچاک ڕانەکانی لێ جێگیر دەکات، نەک پیشەی زین دروستکردن و تاکەتوو
جێگای ئاماژەیە م.شاسوار هەرشەمی بۆچوونی بەم شێوەیەیە:
تەکەڵتو: واتا ژێر زین، پارچەیەکی دەستچنە، لە ژێر زین دادەندرێت. هەروەها جێگای ڕانی سوار لە سەر زیندا. تەکەڵتو، یان تەقەڵتو، لە زاراوەی لەکیشدا، چەرم، یان پارچەیەکی لبادە و لە ژێر زین دادەندرێت. تەکەڵتو ناوی گوندێکی باشوری شاری کۆیەشە. گومان دەکەم، ناوەکە وەک زۆر ناوی دی ناوچەکە، بۆ سەردەمی دەستەلاتی سەلجوقیان بگەڕێتەوە و بەم شێوەیە بێت، ناوەکە لێکدراوە. تەکەڵ+تو. تەکەڵ، هەمان تەقەڵ و تەقەڵەیە، بە واتای گرێی نێوان دوو شوێنی لێکدووری دورمان بە سوژن. تو، لە زمانی مەغۆلییدا، واتا هەبوون. -دار. کەواتە ناوەکە دەبێتە تەقەڵەدار. دیارە ژێرزین، بە تەقەڵە درواوە، بۆیە ئەو ناوەی پێگوتراوە. بوونی گردۆڵکەی زۆریش لە نزیک گوندی تەکەڵتو، بە تەقەڵەی ژێر زین چوێندراوە.
(حاجی قادری کۆیی)یش لە دێڕە شیعریک دا دەڵێ:
(عومر گومبەتی لەززەتی داتەپی
تەکەڵتوویی شکا زینی ئەسپی حەیات)لا 56