کەریم حەدداد ڕۆژی چواری گەلاوێژی ساڵی 1309ی کۆچی هەتاوی لە شاری #سەردەشت# لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا لە دایک بوو.
هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی کە باوک و خاڵەکانی #پێشمەرگە#ی کۆماری کوردستان بوون لەگەڵ سیاسەت و نیشتمانپەروەری ئاشنا بوو و هەر لەو کاتانەدا کە تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە لەگەڵ کۆمەڵیک لە هاوتەمەنانی لە شاری سەردەشت یەکییەتی لاوانی دێموکراتیان دامەزراندووە و خۆشی بوو بە یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکییەتییەکە.
پاش تێپەڕینی چەند ساڵ بە سەر ڕووخانی کۆماری کوردستان و بووژانەوەی حیزبی دێموکرات بوو بە ئەندامی حیزب و وەک ئەندامێکی کارا و چالاکی حیزب دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد، هەر بەو هۆیەوە وەک نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆنگرەی دووەمی حیزب کە لە گوندی سونێی باشووری کوردستان پێک هات، هەڵبژێردرا.
دوای کۆنگرەی دووەمی حیزب و گیرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ساڵەکانی 37 و 38 کاک کەریم وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لەژێر زەبروزەنگی ڕێژیمی پاشایەتیدا دەستیان بە تێکۆشان کرد.
کاک کەریم یەکێک لەو کەسانە بوو کە جیا لە ئەرکی خزمەت لەناو حیزبەکەی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە جووڵانەوەی باشووری کوردستانیش کرد، ئەو بە ناوی بازرگانییەوە جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی بەشێک لە پێشمەرگەکانی باشووری دابین دەکرد.
لە جەریانی جووڵانەوەی 46 و 47 دا یەکێک لە هاوکارانی نزیکی شەهیدان مەلا ئاوارە و سولەیمان موعینی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە پاش دەستگیرکرانی مەلا ئاوارە بە ناچاری لە بەر ئەوەی نەکەوێتە مەترسیی دەستگیرکرانی لەلایەن ڕێژیمی شاوە، پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە.
لە باشووردا لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە پاش تێکشکانی جووڵانەوەی 46 و 47 گەڕابوونەوە باشووری کوردستان، یەک دەگرنەوە و تێکۆشانی حیزبی دەست پێدەکەنەوە.
هەر لەو سەردەمانەدا کە ماڵی لە #قەڵادزێ# بووە دەکەوێتە بەر هێرشی پیاوەکانی ڕێژیمی شا و نارنجۆکی دە ماڵەکەی دەهاوێن کە بەخۆشییەوە زیانی گیانی لێ ناکەوێتەوە.
لە دوای نسکۆی 47 کە ئەندامانی حیزب بەهۆی ناکۆکی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبیدا لێک هەڵبڕابوون بە هیممەتی بەشێک لە کادرە سەرەکییەکانی حیزب یەک دەگرنەوە و کۆنفرانسی سێیەمی حیزبی دەگرن، لەو کۆنفرانسەدا کاک کەریم وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەی تا گیرانی کۆنگری سێیەم بە ئەستۆوە بوو.
لە کۆنگرەی سێیەمیشدا کاک کەریم بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێتەوە، لەو کۆنگرەیەدا کاک کەریم بەهۆی لێهاتوویی و خۆشەویستییەوە زۆرترین ژمارەی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وە دەست دێنێ.
لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی کادر و ڕێبەرایەتیی حیزب بۆ ناوخۆی وڵات کاک کەریم وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دیاری دەکرێ و ڕێکخراوی شارستانی سەردەشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکاتەوە.
لە دوای کۆنگرەی چوارەمی حیزب، کاک کەریم وەک ئەندامی موشاویری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ.
لە پاش دامەزراندنی ستادی پێشمەرگە (شوورای نیزامی) کاک کەریم وەک ئەندامی ئەو ستادە دیاری دەکرێ، دوای گیرانەوەی شاری #مەهاباد# لەلایەن ڕێژیمەوە کاک کەریم ئەرکی فەرماندەیی هێزی شەهید موعینیی پێ دەسپێردرێ و هاوڕێ لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی ناوچەی سەردەشت وەک کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی دەستبەکار دەبن و بۆ چەند ساڵ ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە.
کاک کەریم پاش کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک بەرپرسی بەشی تەداروکاتی نیزامیی حیزب دیاری کرا و هەتا دوای کۆنگرەی شەشەمی حیزب و تەمەنی 65 ساڵی ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد.
کاک کەریم لە تەمەنی 65 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی خانەنشین دەبێت و وەک ئەندامێکی بەوەفا و باوەڕپێکراوی حیزب لەگەڵ خەت و ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.
لە کۆنگرەی حەوتەم و نۆهەمی حیزبدا بەهۆی باوەڕپێکراوی و خۆشەویستییەوە وەک میوان بەشداری کۆنگرە بووە.
لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی 1992ی زایینی (1371 کۆچی هەتاوی) وەک پەنابەر کوردستانی بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە و لە ساڵی 1993ی زایینی ڕووی لە وڵاتی سوید کرد و هەتا دواماڵاوایی هەر لەو وڵاتە مایەوە.
لە ماوەی ساڵانی نیشتەجێ بوونی لە سوید وەک ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبواری ڕێگای شەهیدان پێشەوا قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی بە خەبات، دا و هەر بەو هۆیەوە خۆشەویست و باوەڕپێکراوی دۆستان و هاوڕێیانی بوو و ڕێز و حورمەتێکی زۆری لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە لێدەگیرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر پێنج وبیست خولەکی بەیانی ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی 1-9-1397 هەتاوی بەرانبەر #22-11-2018# زایینی، کاک کەریم حەداد لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
[1]