ژیانی گەنجێکی شارەزور دەکرێتە کتێب و بانگهێشتی ئیتاڵیا دەکرێت
ئا: ئیمان زەندی
ڕێکخراوی ئێمێرجێنسی ئیتاڵیی لەڕێوڕەسێکی تایبەتدا لەشاری میانۆی ئیتاڵیا پێشوازی لەگەنجێکی قەزای شارەزر دەکات و ژیان و سەرکەوتنەکانیشی لەچوارچێوەی کتێبێکدا کۆدەکرێتەوە. سۆران محەمەد، گەنجێکی قەزای شارەزورە لەهەمانکاتدا مامۆستایە لەیەکێک لەقوتابخانەی قەزاکە، ئه و چیرۆکی ناسینی ڕێکخراوی ئێمێرجێنسی ئیتاڵیی و سەرکەوتنەکانی خۆی بۆ ئاوێنە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لەتەمەنی 12 ساڵیدا توشی ڕووداوێکی تەقینەوەی مین بوم لەناوچەی شەمێران، به و هۆیەوە قاچی ڕاستم لەدەستدا بەسەختیش گیانم بریندار بو، هەر بەهۆی مینەوە خوشکێکم گیانی لەدەستداوه و دایکیشم بریندار بووە
وتیشی، ئه و کاتە خوێندکاری پۆلی پێنجی سەرەتایی بوم، دوای چارەسەر وەرگرتنم لەئێمێرجێنسی سلێمانی دیسانەوە ئێمێرجێنسی یارمەتیدام چومەوە بەر خوێندن بەهاوکاری و دڵسۆزی ئەوان خوێندن و پەیمانگای مامۆستایانی سلێمانیم تەواوکرد، ئێستا مامۆستام لەیەکێک لەقوتابخانەکانی قەزای شارەزور.
ژیانی سۆران کراوە بە کتێبێک وەکو چیرۆکێکی سەرکەوتن باس دەکرێت بۆ نەخۆشەکان، ئه و لەبارەی کتێبەکەوە وتی، ناوی کتێبەکە (سەفەرێکی تۆ و ڕشتن)ە باس لەسەرکەوتنی ژیانی من دەکات ئه و ژیانە سەختەی کە ڕوبەڕوی من بوەوە، من توانیم بەسەریدا زاڵ ببم و کۆڵمنەدا و داهاتوی خۆمم دیاریکرد و ڕۆشنمکردەوە.
ئێستا سۆران وەکو کەسێکی ئاسایی دەژی، لەنەخۆشخانەکانی سەر بەڕێکخراوی ئێمێرجێنسی ئیتاڵیی کتێبەکە دەخوێندرێتەوە بۆ نەخۆشەکان تا بێ ئومێدو هیوا بڕاونەبن. سۆران ئێستا بەئەستێرەی ئێمێرجێنسی ناسراوە، لەمساڵداو لەساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا بانگهێشتی ئیتاڵیا کراو لەوێ پێشوازییەکی شایستەی لێکرا.
سۆران ڕونیکردەوە، ئەمساڵ یادی 25 ساڵەی ڕێکخراوەکە بو میواندارییان کردم، وتیان خۆبەخشەکان چاوەڕوانی تۆن، منیش بەخۆشحاڵییەوە ڕەزامەندیم دەربڕی، پێشوازییەکی گەرمم لێکرا وەکو یەکەم نەخۆشی ئه و ڕێکخراوە لەسەر ئاستی جیهان، 25 ساڵە پەیوەندیمان هەیە و لەیەک دانەبڕاوین، ئەمەش جێی شانازییە بۆ کوردێکی وەکو من و زۆر دڵخۆشم.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکە سندوقی بەخشینیان هەیە کەسانی دەوڵەمەند و سەرمایەدار هاوکارییان دەکەن، من بەنیازم ئه و سندوقە لەکوردستان دابنێم تا هاوکاری کۆبکەمەوە و بزانین تاچەند خەڵکی کوردستان بەدەمەوە دێن.
ئه و مامۆستایە بەپێکەنینەوە باسی بڕینی موچەی کەمئەندامیەکەی دەکات لەلایەن حکومەتی هەرێمەوه و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چوار مانگە موچەکەیان بریوە، ئه و وتی، بەداخەوە هاوڕێیی خۆم ڕێژەی کەمئەندامیەکەی لەسەدا 65ە و وەکو من فەرمانبەرە موچەکەی ڕانەگیراوە، کەچی من ڕێژەی کەمئەندامیەکەم لەسەدا 75ە هەر وەکو ئه و فەرمانبەرم چوار مانگە موچەکەیان ڕاگرتوم، وەک دەبینن ڕێکخراوێکی ئیتاڵی گرنگی بەمن دەدات و هیوا بۆ من دەگەڕێنێتەوە، کەچی لەولاشەوە کوردستان دەستیان خستۆتە بینەقاقامان و خەریکە دەمانخنکێنن.
ڕێکخراوی ئێمێرجێنسی ئیتاڵی، ڕێکخراوێکی ناحکومییە و لەساڵی 1994 دامەزراوە، یەکەم ئۆفیسی خۆی لەساڵی 1996 لەهەرێمی کوردستان لەشاری سلێمانی دامەزراندووە کە بەنەخۆشخانەی سوتاویەکە ناسراوە.
سۆران محەمەد و دکتۆر جینهۆ، ئه و پزیشکەی گیانی لەمردن ڕزگار کرد، دوای 23 ساڵ یەکتریان لەئامێزگرتەوە
قوتابخانە تایبەتییەکانی ئیمێرجێنسی، منداڵانی نەخۆش سەردانی دەکەن و چیرۆکی گەشبینی سۆرانیان بۆ باس دەکرێت.[1]