تاریکی و نوور
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
ئەتۆ جوانی!
ئەتۆ گیانی!
ئەتۆ سروەی شەماڵی بەربەیانانی!
ئەتۆ وەک دیمەنی خاوەن شکۆی کوێستانی کوردانی...!
ئەمن دارێکی ویشک و ڕووتی بەرتاوم،
ئەمن کۆشکێکی ڕووخاوم،
بەجێ ماوم...
ئەمن کوێستانی تەمگرتووم،
لە پێ کەوتووم،
لە دەشتی بەربەرینی چارەنووسا ڕەنجەڕۆ ماوم.
بە زنجیری ئەوینی تۆ لە زیندانی خەما بەسراو و داماوم،
لە ڕژدی بەندەنی عیشقت پشووبڕ بووم،
لە خەم پڕ بووم...
ئەتۆ دڵخوازەکەم، ئەی کۆترەباریکەی لە دەس دەرچوو!
لە سەر پاساری کۆشکی پڕ ترووسکەی ژینی ڕابردوو،
لەگەڵ زەردەی گەڵاڕێزا،
لە شەققەی باڵەکانت دا...
بە داماوی بەجێت هێشتم لە نێو ئادەی خەم و زیندانی هەڵبەستا...
من و تۆ چەندە لێک دوورین...
وەکوو تاریکی و نوورین...
1975 - بە دەنگی عەلی حەسەنیانی [1]