ناونیشانی بابەت: گەشتی گەنجە #ئێزیدی#یەکە و شوێنەوارناسە ئەمریکییەکە لە بەغداوە بۆ #ئەشکەوتی شانەدەر#
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، گەنجێکی ئێزیدی، لە شاری بەغداوە لەگەڵ پرۆفیسۆر و شوێنەوارناسی ئەمریکی (ڕالف سۆلکی) ڕوو دەکەنە ئەشکەوتی شانەدەر و چەندین یادگاری و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێش لەو گەشتەدا تۆمار دەکەن.
هەروەک (ڕالف سۆلکی) دەڵێت: مەبەست لەسەردانیکردنم بۆ ئەم ئەشکەوت و هەڵکۆڵینەکەی، دوو مرازم هەبوو، یەکیان دۆزینەوەی مرۆڤی نیاندرتاڵ بوو لەم ئەشکەوتە، دووەم توانیم نامیلکەیەک بە ناوی (گۆرانی و مۆسیقای کوردی) لەو ناوچەیە بنووسمەوە، هەروەها پەرتووکێکم بەناوی (شانەدەر.. یەکەم گوڵی خەڵک لە #کوردستان#) دا بە چاپ بگەیەنم.
کەیفی ئەسعەد ڕواندزی، نووسەر و وەرگێڕ و لێکۆڵەری مێژوویی بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو زانیاری و سەرچاوانەی کۆم کردوونەتەوە، شوێنەوارناس (ڕالف سۆلکی) لە ساڵی 1917 لە بڕۆکلین لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەدایک بووە، دوای پێگەیشتنی لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئەمەریکا کاری کردووە و وەک پرۆفیسۆرێکی شوێنەوارناسی ناوبانگی زۆری لە جیهان دەرکردووە. لە ساڵی 1950 سەردانی شالیارگەی شوێنەوارناسی لە شاری بەغدا دەکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر، بۆ ئەمەش پێویستی بە یارمەتیدەر و زمانزانێک دەبێ، کە لەگەڵیدا بڕوات و لەو ناوچەیە شارەزا بێت، لەهەمانکاتدا (مەحموود خدر سلێمان) گەنجێکی ئێزدی، بە ئارەزووی کار و خوێندنە ڕوو لەو شوێنە دەکات و بۆ کارێکی تایبەت سەردانی دکتۆر مەحموود ئەمین دەکات، کە ئەوکات بەرپرسی شوێنەوارناسیی بووە لە بەغدا، لەو سەردانەیدا دەبینێ پیاوێک بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ دکتۆر مەحموود ئەمین دەدوێ، دکتۆر ڕوو لە مەحموود خدر دەکات و دەڵێ، وەرە کارێکم بۆ دۆزییەوە بیکە، ئەویش دەڵێ چ کارێکە؟ ئەڵێ ئەم پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئەمەریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر هاتووە، تۆش زمانی عەرەبی و کوردی باش دەزانی و کەمێک زمانی ئینگلیزیش دەزانی، هەڵبەتە لە ناوچەی خۆتانە لە کوردستان، کوڕە ئێزدییەکەش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت.
ئەو لێکۆڵەرە وتیشی: پرۆفیسۆر ڕالف سۆلکی ئوتۆمبێلێکی مۆدیل 1950ی جۆری جێپی ویلزی پێ دەبێت، هەروەک مەحموود خدر لە نووسینێکی بە زمانی ئینگلیزی، کە وەرم گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەڵێت: ”لەگەڵ (ڕالف سۆلکی) بە ئوتۆمبێلەکەی لە بەغدا بۆ #ئاکرێ# بەڕێ کەوتین و دەمەوئێوارە گەیشتین، ئەوکات شاری ئاکرێ لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە سەر بە ناوچەی موسڵ بوو، بۆ ڕۆژی دواتر چەند ئەسپ و ماینمان پەیدا کردن، بۆ هەڵگرتی شتومەکی پێویستی خۆمان، هەڵبەتە مایین بۆ ناوچە شاخاوییەکان زۆر بەجێیە، بەتایبەتی بۆ ڕێگای دوور و هەرواز و نشێو و تەسک لەو ناوچەیە، بەیانیی زوو شاری ئاکرێمان بەجێ هێشت و بەرەو #گەلیی زەنتا# بەڕێ کەوتین، کە چیایەکی بەرز و ڕێگای تەسک و بەپێچ و پەنای تێدابوو، بە دارستانێکی چڕ لە داری بەڕوو داپۆشرابوو، من لەو هەروازی کێوانەوە لەسەر پشتی مایین ماندوو بووم، بەڵام تا ڕێگاکە بڵێی سرووشتێکی جوان و دڵڕفێنی هەبوو، ئەمەش وای لێ کردم ماندووبوونم لە بیر نەمێنێت و هەست بە خۆشی و ئارامییەکی زۆر بکەم، هاوکات ئەو ڕێگایە وا دیاربوو پێشتر بە هەزان کاروانی پێدا ڕۆیشتبێ، چونکە شوێنەواری پێی ڕەشەوڵاخان دیار بوو، من متمانەی تەواوم بە دەوارەکانی خۆمان بوو، چونکە ڕێگاکان زۆر تەسک بوون، هەر هەڵەو تەکانێک ڕوی دابا، ئێمە خۆمان لە خوار ئەو شاخە هەڵدێرە دەدیتەوە، بەڵام پێم وابوو مایینەکانی ئێمە بەم جۆرە ڕۆیشتنە سەخت و هەڵدێرە ڕاهاتبوون. دوای ماوەیەک ڕۆیشتنمان، کاتێ گەیشتینە گوندی دینارتە، دیاربوو لە هەر دوو لای دوو زنجیرە شاخی تێکهەڵچوو لە هەدوو لای گەلییەکە دیاربوون.
لە بەردەوامیی گێڕانەوەی بەسەرهات و گەشتەکەیان، کوڕ گەنجە ئێزدییەکە دەشڵێت: لەنزیک گوندی دینارتە لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، بۆ ماوەیەک لەژێر دارێکی بەڕوو دانیشتین، کە سێبەرێکی خۆشی هەبوو، دەستمان کرد بە خواردنی نان و پەنیر، وا پێ دەچوو ناوچەی زێبارییان بێت، دوا پشوودانێکی باش، ئەوجا دەستمان بە ڕۆیشتن کردەوە و بەر و چیای پێرس بەڕێ کەوتین، کە ناوچەیەکی شاخاوی و بە دار و باری چڕ داپۆشرا بوو، دوای هەوڵێکی زۆر بەسەر چیای پێرس هەڵگەڕاینەوە ئەودیو و بەرەو نشێوەکانی ڕۆیشتین، تا گەیشتینە گوندی پیرە، کە لەنزیک #ڕووباری زاب# بوو، لەو گوندە لەژێر دارێک دانیشتین، تا پەیوەندیمان کرد بە ئاغا و ڕیشسپیی گوندەکە، کە ناوی (شەوکەت ئاغا) بوو، گوندەکە لە عەشیرەتی زێباری بوون. ئاغای گوند ئێمەی میوانداری کرد و خواردنێکی خۆشیان ئامادە کرد و وێنەیەکم لەگەڵیدا گرت و دوای سوپاس و دەست خۆشیکردن، پاشان ماڵئاویمان لێیان کرد، ئێمەیان بە کەلەک لە زێیەکە پەڕاندەوە بۆ ئەو دیوی زێ، بۆ #گوندی بلێ#، شەش ئەسپی دیکەیشمان بۆ بارهەڵگرتن گرت، نانمان لە گوندی بلێ خوارد، کە گۆشتی برژایی و زۆر بەتام بوو، ئەوجا بەرەو گەلیی شکەوتا بەڕێ کەوتین، تا گەیشتینە ئەشکەوتی شانەدەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەم گەنجە ئێزدییە ئاماژە بەوە دەکات، کە: ”لەنزیک ئەشکەوتەکە گوندێک هەبوو ناوی شکەوتا بوو، بەڵام شاندەر بۆ ئێمە زۆر باشتر بوو، لەو گوندە چەند کرێکارێکمان گرت، کە بەهێز و توانا بوون، بگرە هەندێکیان گۆرانیبێژ بوون و حەیران و لاوکیان دەگوت، منیش دەنگیانم تۆمار دەکرد، یەکێکیان ناوی (میرۆ) بوو، زانیاریی تەواوی دەربارەی ئەشکەوتەکە هەبوو، تەمەنی 25 ساڵان و هەر لەو ناوچەیەش ژیابوو، کە خەڵکی شێروان بوو، هەروەها جل و بەرگێکی سەرنجڕاکێشی لەبەردا بوو، دیاربوو زۆر شارەزا بوو، هەمیشە پەتێکی بەدەستەوە بوو.
هاوکات (ڕالف سۆلکی) لە پەرتووکی (شانەدەر.. یەکەم گوڵی خەڵک لە کوردستان) دا دەڵێت: مەبەست لەسەردانیکردنم بۆ ئەشکەوتی شانەدەر و هەڵکۆڵینەکەی، دوو مەبەست و ئاواتم هەبووە، یەکیان دۆزینەوەی ئێسکوپرووسکی مرۆڤی نیاندرتاڵ بوو لەو ئەشکەوتە، دووەمیان توانیم نامیلکەیەک بە ناوی (گۆرانیی و مۆسیقای کوردی) لەو ناوچەیە بنووسمەوە و چاپی بکەم، هەروەها پەرتووکێکم بە ناوی (شانەدەر.. یەکەم گوڵی مرۆڤ لە کوردستاندا) دا نووسیوە، لە هەمان کاتیشدا بە دەیان وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشم لە ناوچەکە گرتووە.“
ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە چیای (#برادۆست#) سەربە شارۆکەی #مێرگەسۆر#، کە بە دووریی 145کم دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #هەولێر#. لە ڕۆژاوای ئەم ئەشکەوتە زێی گەورە هەیە، کە بە 3کم لێی دوورە، لە ڕۆژهەڵاتیشی مێرگەسۆر هەیە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دێی شانەدەرە، کە 4کم لێی دوورە، 42کم لە خەلیفانەوە دوورە، 822م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و لە کاتی هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسان، چەندین ئێسکوپرووسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراونەتەوە و تائێستاش هەڵکۆڵینی تێدا بەردەوامە.
$سەرچاوەکان:$
ئەو نووسینە لەلایەن لێکۆڵەر و وەرگێڕ (کەیفی ئەسعەد ڕواندزی)، لە زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە چاوپێکەوتنێکی مەحموود خدر سولێمان، کە باسی خۆی دەکات، چۆن خۆی و ڕالف سۆلکی یەکتریان دیوەتەوە و پێکەوە گەشتیان بۆ ئەشکەوتی شانەدەر کردووە.
پەرتووکی ڕالف سۆلکی بە ناوی (شانەدەر.. یەکەم گوڵی خەڵک لە کوردستان). [1]