ناونیشانی بابەت: بنکەی کەلەپووری قەسرۆکە... ماڵێک بۆ هەوادارانی هونەر و فۆلکلۆری کوردی و ڕەسەنایەتی
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
چالاکوانێکی سنووری شارۆچکەی #شەقڵاوە#، بنکەیەکی کەلەپووری لە گوندەکەیان دامەزراندووە، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرەنجی هاووڵاتییان و چەندین دیدار و فێستیڤاڵی جۆراوجۆریشی تیادا ئەنجام دەدرێت.
موحسین قەسرۆکەیی، سەرپەرشتیاری بنکەی کەلەپووری #قەسرۆک#ە، لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: گوندی قەسرۆکە دەکەوێتە ناوچەی #خۆشناوەتی# لەنزیک تونێلی میراوە، بەدووریی هەشت کیلۆمەتر لە شارۆچکەی شەقڵاوە، هەمیشە هەوڵم داوە لە گوندەکەم بایەخ بە کولتوور و ژینگە بدەم، چونکە ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش و گەشتیارییە و جوانییەکی بێ هەوتای بە شوێنەکە بەخشیوە.
گوتیشی: لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بیرم لەوە کردەوە، کە شوێنێکی فۆلکلۆری لەسەر زێدی باب و باپیرانم لە گوندەکەم دروست بکەم، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، خۆشبەختانە لە ساڵی 2020 توانیم لەسەر ئەرکی خۆم بنکەی کەلەپووری قەسرۆکە دابمەزرێنم، بۆ برەودان بە هونەر و ڕۆشنبیری ڕەسەنی کوردی لە دەڤەرەکە، ئەمەش بە یەکەمین بنکەی کەلەپووری دادەنرێت لەسەر ئاستی سەرجەم گوند و شارۆچکەکانی سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە و دەوروبەری.
سەرپەرشتیاری بنکەی کەلەپووری قەسرۆکە، ئاماژەی بەوەش دا: توانیومە بنکەکە بەشێوەیەکی وا دەبمەزرێنم، کە کولتووری و سەرنجڕاکێش بێ، لەگەڵ کۆکردنەوەی چەندین کەلوپەلی فۆلکلۆری و ڕەسەن، کە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی ناوخۆ و بیانییش سەردانی بکەن و کاتێکی خۆش لەناو سروشت و دیمەنی کولتووریی بنکەکە و دەوروبەری بەسەر ببەن، تەنانەت گەشتیارە عەڕەبەکانیش بەهۆی بینینیان لە ماڵپەڕ و ئەکاونتەکان، سەردانی ئەو بنکە کەلەپوورییەمان دەکەن، هەروەها کوردانی هەندەران و ئەو خۆشناوانەش، کە ساڵانێکی زۆرە لە باشووری ئەفریقیا نیشتەجێن، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان سەردانی بنکەکەمانیان کرد و پێی دڵخۆش بوون.
موحسین قەسرۆکەیی، ئاشکراشی دەکات: لەماوەی دامەزراندنی بنکەی کەلەپووری قەسرۆک تا ئێستا، چەندین چالاکیی کولتووری و فۆلکلۆری و هونەری و ڕۆشنبیری و ژینگەیی و دیداری جۆراوجۆر و فێستیڤاڵی کولتووریمان تیادا ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم جۆرە کار و چالاکییانە، لەپێناو خزمەتی زیاتر بە فۆلکلۆر و هونەر و ڕەسەنایەتی لە دەڤەرەکەمان، بەرنامە و پلانی زیاتریشمان هەیە.
لەدوا قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری بنکەی کەلەپووری قەسرۆکە، داواکار بوو لە هاووڵاتییان، هەر کەسێک کەرستە و پێداویستیی فۆلکلۆریی لایە، بیبەخشن بە بنکەکەیان، تەنانەت ئەگەر بە کڕینیش بێت ئامادەن بەدەستی بهێن، لەپێناو زیاتر فراوانکردن و ئەنجامدانی کار و چالاکیی جوانتر و خزمەتکردنیان بە کەلەپوور و ڕەسەنایەتیی کورد.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!