ناوی (تەحسین حەمەغەریب) ە، توێژەر و نووسەرە، لە (01-07-1974) لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە گەڕەکی کانی قووڵکە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە زێدی خۆی تەواوکردووە، لەو ماوەیەشدا لە حوجرە و مزگەوت زانستی شەرعی خوێندووە، ماوەیەک مەلا بووە، نزیکەی 18 ساڵیش وانەی زانستە شەرعییەکانی گوتووەتەوە و چەندین فەقێی پێگەیاندووە.
لە وڵاتی ئێران دکتۆرای بەدەستهێناوە لە یاسای گشتیدا، دوو ماستەریشی نووسیوە، هەروەها مامۆستای زانکۆیە لە بەشی یاسادا، بێجگە لەوەش خاوەنی زیاتر لە (50) داندراو و پەڕتووکە.
م.تەحسین لە بنەماڵەیەکی ئەدەبدۆست و خوێندەوار لەدایکبووە، بۆیە خاڵی ڕۆشنبیرێکی گەورە بووە، هەر ئەویش توانیویەتی دەروازەیەکی بەسەردا واڵا بکات بۆ ئاشنابوون بە ئەدەبیاتی کوردی. پەیوەندی نێوان م.تەحسین و ئەدەب گەرموگوڕتر دەبێت کاتێک درک بە جۆرێک لە ئایینداریی دەکات لای شاعیرانی کورد، کە لە شیعرەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، هەست دەکات ئەم جۆرە ئایینداریی و خوداناسییە لە ئاییندارییە نەریتییەکەی (تەقلیدییەکەی) سەردەمی خۆی زۆر جیاوازە، بۆیە ئەو جۆرە ئاییندارییە عیرفانییە قووڵە سەرنجی ڕادەکێشێت و لەگەڵ خۆیدا دەیبات، تا وای لێ دێت خۆی دەستدەکات بە هۆنراوە نووسین، لە قۆناغی 10ی ئامادەییدا یەکەم هۆنراوە دەنووسێت، لە هۆنراوەکەدا دەڵێت:
ژین ژوەر! بۆ ژانی ژینی تۆیە ژینم پڕ لە ژانە
ژیان و ژینم بە ژانی دڵ لەژێرەوە پەرێشانە.
ژوەر: بەرزایی.
م.تەحسین هەر لە تەمەنی لاوێتیدا کەسێکی بیرکەرەوە بووە، بۆیە کۆمەڵێک پرسیار و گومان لە مێشکیدا گەڵاڵە بووبوون کە وایان لێکردبوو بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێت. ویستی حەقیقەتناسی لە م.تەحسیندا دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر خوێندنەوە، بۆیە لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستپێدەکات و یەکەم پەڕتووک دەخوێنێتەوە بە ناوی: کیفَ نَری اللّٰە؟ (چۆن خودا دەبینین؟) کە پەڕتووکێکی فیکری و فەلسەفی بوو بە زمانی عەرەبی.
لە ساڵی (1988) دا لە خوێندندا پلەی یەکەم بە دەست دەهێنێت لەسەر ئاستی هەڵەبجە، هەر لە هەمان ساڵدا بەهۆی کیمیابارانەکەی ڕژێمی بەعسی فاشیستەوە خۆی و خێزانەکەی ڕوودەکەنە وڵاتی ئێران و بۆ ماوەی 7 ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبن.
لەو ماوەیەدا کە لە ئێران دەژی فێری زۆر شت دەبێت و زۆر ئەزموون تێدەپەڕێنێت، یەکێک لەو شتە گرنگانەی کە فێری دەبێت زمانی فارسییە، ئەمەش دەرگای کلتوورێکی دەوڵەمەند لە ڕۆشنبیری بەسەردا دەکاتەوە، لەو سەردەمەدا دەوڵەتی ئێستای ئێرانی لەدوای جەنگی ئێراق-ئێران لە قۆناغی بنیاتنانەوەی خۆیدا بووە، بۆیە هەوڵی دەدا لە بوارە جیاوازەکاندا پەڕتووک وەربگێڕێت بۆسەر زمانەکەی خۆی، ئەمەش دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێیت بۆ خوێنەرێکی لێبڕاوی وەک م.تەحسین، بۆ ئەوەی لە خوێندنەوە دانەبڕێت، بە گوتەی خۆی هیچ کاتێک نەبووە لە ژیانیدا بێ پەڕتووک بووبێت، تەنانەت لە کاتە سەختەکانیشدا بوارێکی دۆزیوەتەوە بۆ خوێندنەوە، چونکە پێگەیاندنی فیکر و ڕۆح کەڵکەڵەی سەرەکی ئەو بووە. لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: حەوت هاوین لە ئێران کرێکاریم کردووە، یەکێک لە گرانتریین کارەکانی ئێرانم کردووە کە خشتبڕین بوو، سەرەڕای ئەوەش بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە 150 لاپەڕەم خوێندووەتەوە.
لە ساڵی (1999) دا لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکەدا (ناوەندی هەژان) یان دامەزراند، کە دەزگایەکی ڕۆشنبیرییە بۆ گرنگیدان بە بابەتە فیکری و مەعنەوییەکان. ناوەندی هەژان تێکەڵەیەک بوو لە ئایین و فەلسەفە، هەر بۆیە لە سەرەتادا دژایەتییەکی توند دەکران لەلایەن ئاییندارەکان و دژە ئایینەکاننەوە، چونکە ئاییندارەکان فەلسەفەیان بە دژی ئایین دەزانی و دژە ئایینەکانیش ئایینیان بە دژی فەلسەفە دەزانی، بەڵام ئەمان کۆڵیان نەدا و توانییان ئاییندارەکان بە فەلسەفە ئاشنا بکەنەوە و وایان لێ بکەن ئاییندارییەکەیان قووڵایی فیکری و فەلسەفی بۆ درووست ببێت و لە ڕووکەشبوون دەربچێت، توانیشیان وا لە دژە ئایینەکان بکەن کە دیوە ئایینییەکەی فەلسەفەیان بۆ دەربکەوێت. بەدەر لەوەش ناوەندی هەژان توانیویانە لە ڕێگەی (گۆڤار، پەڕتووک، کۆنفرانس و کۆرسی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب) وەرچەرخانێکی گەورە لە دونیای ڕۆشنبیریی کوردیدا بخولقێنن و هەژان درووستبکەن لە دڵ و عەقڵی تاکی کورددا. [1]
بوار ماجید