کۆنگرەی شەش (کۆنگرەی کار) 2 ی ڕێبەندانی 1362(1984) لە گەڵالەی باشووری کوردستان.
دوای پێنج ساڵ دیسان حیزب یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە باشووری کوردستان بەڕێوەبرد.
کۆنگرەی شەش لە کاتێک دا گیرا کە شەڕێکی قورس لە ئارادابوو. نیزیک بە تەواوی ناوچەکانی کوردستان میلیتاریزە کرابوون، خەباتی پێشمەرگە کەوتبووە قۆناغی پارتیزانی، شەڕی ئێران وعێڕاق کێشرابوو بۆ سنوورەکانی کوردستان.
لەو دۆخە دا بوو کە حیزب دەبوایە کۆنگرەی خۆی لە کاتی دیاری کراو دا بگرێ. بۆیە نیزیک یەک ساڵ بەر لە کۆنگرە "کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم " لە لایەن کاک دوکتۆر قاسملووە نووسرابوو و لە نێو بەدەنەی حیزب دا بڵاوکرابووە تا ئامادەگی هەبێ بۆ کۆنگرە.
لە کاتێک دا کە بنکە و بارەگاکانی ڕێبەری وراگەیاندنی حیزب گواستبووە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان، کۆنگرە لە وادەی خۆیدا دەستی پێکرد.
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی شەش :
سەرەڕایی موخالیفی زۆر، توانرا لە کۆنگرە دا ئامانجی دواڕۆژی حیزب پەسند بکرێ کە" سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک " بوو.
بەهێز کردن و بەرین کردنی خەباتی دیپڵۆماسی لە دونیای دەرەوە دا.
ڕێبەری حیزب هەڵبژێرایەوە و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری پێنجەم بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرا.
پیداگری لە سەر خەباتی پارتیزانی کرایەوە.
لە پلۆنۆمێکی دوای کۆنگرە دا ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی دیاری کرد (26 ی سەرماوە)