نووسەر: دکتۆر جەستن بارێت
وەرگێڕ: #ئاراس عیزەدین ئەنوەر#
ئانا کچێکی جوانکیلەی بەپەرۆشی پێنج ساڵانە، کچی هاوڕێیەکی دانیمارکیمە بەناوی (فرێدریک)ەوە، ئانا هاوشێوەی زۆر لە کچانی هاوتەمەنی خۆیەتی. حەز دەکات هەموو جۆرە پرسیارێک بکات لەبارەی ژیان و جیهانەوە_ پرسیاری هاوشێوەی (بۆچی باران دەبارێت؟ فیل بۆچی مەبەستێک درووست کراوە؟ یاخود بۆچی خوشکم نییە؟). هێشتا فرێدریکی باوکی و ئانێکی دایکی وەڵامی ئاینییان بۆ ئەم پرسیارانە نەداوەتەوە. ئەوان کەسانی دانیمارکی ڕۆشنبیر و عەلمانین، و هیچ سەرسام نابن بەم جۆرە شتە ئاینییە بێ مانایانەوە. ئەوان هەوڵ دەدەن پابەندی زانست بن (فیزیا و کیمیا و زیندەزانی) بۆ ئەم جۆرە شتانە، و لێکدانەوەی تەواو عەلمانیانە و ماددەگەرایانە دەخەنەڕوو. تەنانەت لە دانیمارکی عەلمانیدا منداڵان هەنگاو دەنێن بەرەو بیروباوەڕی نامۆ لەبارەی خوداکانەوە، و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ بە پرسیارکردن لەبارەی ئەم بوونەوەرانەوە. فرێدریک بۆی گێڕامەوە ڕۆژێک لەناکاو ئانا پرسیاری لە ئانێکی کرد کە ئایا خودا جیهانی درووست کردووە؟
ئانێکی ئەمەی بۆ فرێدریک گێڕایەوە کە شارەزاییەکی باشی هەیە لەبارەی جیهانی ئایینی و ئاینناسیدا. فرێدریک بە شێوەیەکی تایبەت وەڵامی دایەوە: جیهان درووست نەکراوە، هەمیشە بوونی هەبووە.
ئەوە ئانای توشی سەرسامیی کرد، سەری ڕاوەشاند و وتی ئەوە ڕاست نییە.
فرێدریک خۆی کۆکردەوە و ڕوونی کردەوە باشە! ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر تەقینەوە گەورەکە ڕوویدا، و لەناکاو هەموو شتێک دەرکەوت.
کچەکەی بۆ ساتێک بیری لەم لێکدانەوەیە کردەوە و دواتر وتی دەبێت خودا سەرسام بووبێت.
ئەم وەڵامه فرێدریکی سەرسام کرد، بەڵام من سەرسام ناکات، و ڕەنگە زۆر لە دەرونزانانی گەشە سەرسام نەکات کە لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەوەی چۆن منداڵان فێری زانست دەبن، زۆر لەو بیرۆکانەی کە زانست فێرمان دەکات دژی بیرکردنەوەی سرووشتی خۆمانن. لەم حاڵەتەدا جیهانی ڕێکوپێک و مەبەستداری چواردەورمان بە خۆر و مانگ و ئەستێرە و هەسارەکان کە لە ڕێڕەوی خۆیاندا وەک دەرکەوتنێکی بێ هۆکار لێکدەدرێنەوە، هەموو شتێک لەناکاو دەرکەوتبێت. ئەم جۆرە بیرۆکەیە سەرسامکەرە بۆ زۆربەی منداڵان، و بەتێڕوانینی ئانا دەبێت خوداش سەرسام بکات.[1]