ناو: بندیان
ناوی باوک: قادر
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
بندیان قادر-مۆسیقا ژەن
ناوی تەواوی (بندیان قادر سوڵتان حەمەد) ە، ساڵی 1972 لە شارۆچکەی #مەخموور# لەدایک بووە، سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە مەخمور تەواوکردووە، دەرچووی کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکری سەڵاحەددینە، لە 31-12-1995 وەک مامۆستا دامەزراوە لە چالاکی قوتابخانەکانی #هەولێر#، لە 15-12-2004 هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵی هەیە (پیانۆ-لاوک-لاس)، ساڵی 1986 دەستی بەکاری هونەری کردووە بە ژەنینی ئامێری (ئۆکۆردیۆی) لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەخمور و هونەرمەندان (دڵزار یاسین-جەمیل سنجاوی)، دواتر ئامێری (ئۆرگ)ی هەڵبژاردووە، ساڵی 1987 بەشداری کردووە لە شانۆگەری (ئەگەر بایەو ئەگەر باران)، ساڵی 1988 وەک ژەنیاری (ئۆکۆردیۆن) بەشداری کردووە لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەخمور بە تۆمار کردنی دوو گۆرانی بۆ تەلەڤزیۆنی #کەرکووک#، کۆی بەرهەمەکانی هونەرمەند بندیان قادر لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەخمور وەک ژەنیار: (1987تۆمار کردنی دوو بەرنامەی کۆلکە زێڕینە بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووک لە ئامادەیی پیشەسازی مەخمور) (1988ساڵیادی هونەرمەند تاهیر تۆفیق لە هۆڵی میدیا) (1992 بەرهەمێکی تیپی مۆسیقای قەرەچوغ)، ساڵی 1992 پەیوەندی کردووە بە تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی هەولێر و لە گشت کار و چالاکییەکانی ئەم تیپە بەشداری کردووە وەک ژەنیار، ساڵی 1993 بەشداری کار و چالاکییەکانی تیپی هونەری هەولێری کردووە لەگەڵ هونەرمەندان (نەجمەددین بابەکر و زوهێر تەحسین)، دواتر لە تەلەڤزیۆنی هەرێم چەند گۆرانییەکیان بۆ گۆرانیبێژان (عارەب عوسمان-نیزام شوکر-#محەمەد ئەحمەد ئەربیللی# -#جەلال سەعید# ) و چەندانی تر، ساڵی 1995 وەک ژەنیاری ئۆرگ بەشداری کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێری کردووە بە سەرپەرشتی مامۆستا سەید ئەحمەد بەرزنجی بە تۆمار کردنی چەند بەرهەمێک، ئەو تیپانەی کاری لەگەڵ کردون بریتین لە (تیپی مۆسیقای مەخمور-تیپی مۆسیقای قەرەچوغ-تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی هەولێر-تیپی مۆسیقای هونەری هەولێر-تیپی مۆسیقای تەلەڤزیۆنی هەرێم-تیپی مۆسیقای تەلەڤزیۆنی گوڵان-تیپی مۆسیقای چالاکی قوتابخانەکان-تیپی مۆسیقای پەپولەکانی کوردستان-تیپی مۆسیقای سەتەلایتی کوردستان/ بەشی منداڵان-تیپی مۆسیقای ڕەسەن-تیپی مۆسیقای قەڵا و منارە)، لە چالاکی قوتابخانەکان چەندین تابلۆی هونەری ئامادەکردووە و مۆسیقای بۆ داناوە، بۆ چالاکییەکانی چالاکی وەرزشی و دێدەوانی مۆسیقای داناوە بۆ شانۆ و ئۆپەرێتی هونەری، ساڵی 1996 لەگەڵ سەرپەرشتیاری وانەی ئینگلیزی (شەمسەددین عومەر) توانیان پیتە ئینگلیزییەکان ئاوازی بۆ دابنێن و تۆماری بکەن بۆ وانەی ئینگلیزی قوتابخانەکانی هەولێر تا وانەی لەگەڵ بخوێنن، ساڵی 1996 لەگەڵ مامۆستایانی بەشی مۆسیقای چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بەشداری گشت کار و چالاکییەکانی کردووە هەر لە ئامادەکردن و ئاواز دانان و ژەنینی ئامێری ئۆرگ بە سەرپەرشتی مامۆستا (سەید ئەحمەد بەرزنجی)، ساڵی 1997 بە سەرپەرشتی وەزیری پەروەردە عەبدولعەزیز تەیب وەک مامۆستا بەشداری لە هەموو خولەکانی هاوینەی مۆسیقا کردووە لە چالاکی قوتابخانەکان هەر لە دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستا، ساڵی 1998 لە گەورەترین ڤیستیڤاڵی هونەری بەشداری کردووە و دەستەی کارگێڕی و ئامادەکاری تیپی مۆسیقای چالاکی قوتابخانەکان و ئەندام بووە لە ئامادەکردنی ژەنیار و مامۆستا بووە لە خولی مۆسیقا بۆ ئامادەکردنی ئەم تیپە، بەشداری چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگی هونەری کردووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەگەڵ هونەرمەندان (#شڤان پەروەر# -#عارەب عوسمان# -#جەلال پەرێشان# ) لە وڵاتەکانی (فەرەنسا-دانیمارک-سوید-هۆڵەندا)، لە وڵاتی میسر و ئیمارات بەشداری بەرنامەی تەلەڤزیۆنی کردووە، وەک ژەنیار گۆرانی ئایینی بۆ (#نیزام شوکر# ) تۆمار کردووە، ئێستا و لە ساڵی 2021 سەرپەرشتیاری هونەرییە لە چالاکی قوتابخانەکان-پەروەردەی ناوەندی هەولێر.
ئەم ژیاننامەم لەخۆی وەرگرتووە لە 25-08-2021[1]