$تەپەی نەخچەوان، یان پشتی کوﮪ لە ئازەربایجان$
تەپەی نەخچەوان لەسەر کەناری ڕاستی ڕووباری نەخچەوانە و 853 مەتر لە ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێڕەوی ئێستەی ئەو ڕووبارە 200 مەتر لە شوێنەوارەکەەوە دوورە. بەشێکی شوێنەوارەکە لەگەڵ درووستکردنی پردێکی سەر ڕووبارەکە، تێکچووە. ئەوەی ماوەتەوە نزیکەی 8000 مەتر دووجایە. کنە و پشکنین لە ساڵی 2017 دەستی پێ کردووە و 4 هەفتە کاری تێدا کراوە. چاڵیکی 2 بە 3 مەتر و دووی دیکەی 10 بە 10 مەتر لێدران.
شوێنەوارێکی دێرینی ناوچەی نەخچەوانی ناو ئازەربایجانی ئێستەیە و لە ناو مادی بچووکی سەردەمانی دەسەڵاتی مادەکان بووە. تەختاییەکی نزیک ڕووباری نەخچەوانە، بۆ 5000 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. شێوازی درووستکردن و نەخشاندنی کەلتووری دەڵما بەسەر گڵسازییەکانیاندا زاڵە. لە ئێران بەو کەلتوورە دەڵێن کەلتووری حەوزی ئورمیە (ورمێ) یان کەلتووری زاگرۆس. دۆزینەوەکانی ماددەی خاوی مس لە چینەکانییدا، نیشانی دەدات دانیشتووانی نەخچەوان بەشێکی بەردە شووشەیان (14 پارچە) لە ناوچەی سیونیکی ئەرمەنستانی ئێستەوە هێناوە و بۆ پێویستیی دەیکەی ڕۆژانەیان لە زنجیرە چیاکانی زەنگەزور (لە ڕۆژهەڵاتی نەخچەوانە لە سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستانە) ، ماددەی خاویان هێناوە.
دۆزینەوەی گڵسازیی کەلتووری دەڵما هاوشێوەی ئەوانەی لە نەخچەوان دۆزرانەوە لە بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی دۆڵی ورمێ هەبوون. ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێ هەموو ئەو نیشتەجێیانە بەردەشووشەیان لە ناوچەی سینیکەوە هێنابێ. ئەو هاتووچوونەی دەستکەوتنی بەردەشووشە وایکردووە کەلتووری گڵسازیی دەڵما بەو ناوچەیەدا بڵاوببێتەوە. هەرچەندە ناوچەی سیونیک بۆیان لە سیڤان نزیکترە، کەچی بەشێکی زۆری بەردەشووشەی نەخچەوان (16 پارچە) لە ناوچەی دەریاچەی سیڤان (لە ناو ئەرمەنستانە) بۆیان هاتووە. ئەو کاتە کەلتووری دەڵما بە شوێنەوارەکانی ئێران و ئێراقی ئێستەدا بڵاوبووەتەوە. هەر لە تەپکی حاجی فەیروز تا دەرگاتە شوێنەوارەکانی دەشتەکانی کرماشان و ئەوانەی لە کەرکووک لە ساڵی 1983 دۆزرانەوە.
ساڵانێکی درێژە پەیوەندی کەلتووریی نێوان دەشتاییەکانی قەوقاز و باشوور بە میسۆپۆتامیاوە، سەرنجی توێژەران و زانایانی ڕاکێشاوە. زۆربەی جار بە دۆزینەوەی چەند نموونەیەکی کەم ئەو پەیوەندییە دەبیندرا، تا دۆزینەوەی شوێنەواری لەیلاتەپە لە ئازەربایجان، لەوێ توندی ئەو پەیوەندییە کەلتوورییە دەرکەوت. دوایی هەمان پەیوەندی توند و بەهێز لە نەخچەوانیش دەرکەوت. بە شێوەیەکی گشتیی، کەلتووری دەڵما لە 100 شوێنەواری میسۆپۆتامیادا دۆزراوەتەوە.
دۆزراوەکانی گڵسازیی لەو دوو چوارگۆشەیەی هەڵکەنران، بڕێکی زۆری پارچە و پاشماوەی گڵسازییەکانیان دۆزرایەوە. لە ڕووی پێکهاتە و شیوازی درووستکردنییان، بە کەمێک جیاوازییەوە، لەیەک دەچوون. هەیانبوو چین چین کرابوو و لوولدرابوو. بەشێکیان بە پەنجە نەخشی بۆ کرابوو، واتا شوێنی پەنجەی مرۆڤی لەسەر قووڵکراوە. ئەوە نیشانەیەکی دیاریی کەلتووری دەڵمایە. بە پێی سوورکردنەوەیان لەناو ئاگردا، ڕەنگیان جیاوازە. لە بۆر تا پرتەقاڵییان تێدایە. تەنیا یەک پارچەی ڕەساسیش دۆزرایەوە. هەموو پارچەکان کەمێک وشکە گیایان تێدایە. شێوازی گڵسازی کەلتووری دەڵما لە شوێنەوارەکانی دیکەی وەکوو ئوچان ئاغڵ و ئوزون ئۆبا دۆزراونەتەوە، بەڵام لە هیچ شوێنەوارێکی دیکەدا نا.
کۆنترین پارچەی دۆزراوە بۆ نیوەی یەکەمی هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. پشکنینی تەمەنی پارچە خەڵووزێک بە تەکنیکی کاربۆن 14 تەمەنی نێوان 4945 تا 4722 ساڵ بەر لەزایینی دیاریکرد. شوێنەوارەکە دەستەخوشکی چەند شوێنەوارێکی دیکەی ئەو دۆڵە و کەنارەکانی ڕووباری سیرابچایە بۆ سەردەمانی چاخی مس دەگەڕێنەوە. هەموویان پێکەوە نەخشەی باشووری قەوقاز دەڕازێننەوە. لە کاراباخیش، هەندێ پارچەی هاوشێوەی ئەوانەی نەخچەوان، دۆزرانەوە.
هەر لە دۆڵەکەی نەخچەوان، چەکوشێکی بەرد دۆزرایەوە پاشماوەی مس لەسەر ڕووی دەرەوەی هەبوو. چونکە هەندێ پاشماوەی ماددەی خاوی مس لە شوێنەواری نەخچەوانیش دۆزرایەوە، بۆیە ئەو چەکوشە وەکوو ئەو دۆزراوانە، بەڵگەی ئەوەن پەیوەندی نێوان باشوور و شاخەکانی زەنگەزور تەنیا بۆ دەستکەوتنی بەردەشووشە نەبووە، بەڵکوو ماددەی خاوی مسیشیان لەوێوە هێناوە. نەخچەوان چەقی کارەکانی مزگەریی هەموو ناوچەی قەوقاز بووە. پشکنینەکانی ماددە تیشکدەرکان و ئایزۆتۆپی توخمەکان لە نەخچەوان نیشانی دا ئەو پارچە گڵسازییانەی لەوێ دۆزراونەتەوە هەر لە گڵی ئەوێ درووستکراون. کەواتە هەموویان لە نەخچەوان درووستکراون.
لە دۆزراوی ئێسقانەکانی نەخچەوان دەردەکەوێ نیشتەجێیانی ئەوێ ئاژەڵداربوون. بەشێکی کەمی ئابوورییان پشتی بە ڕاوکردن بەستووە. هەندێ ئێسقانی کەر و سەگیش دۆزرانەوە. خەڵووز لە زۆربەی شوێنەوارەکە دۆزرایەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی دانەوێڵە و ڕووەک بەدەست نەهات. [1]