خراپی بکە تا چاک بێتەوە
#ئارام ڕەفعەت#
#25-06-2023#
لە ساڵی 1991دا و ڕاستەوخۆ دوای ڕاپەرین و لەگەرمەی ململانێی نێوان بەرەی کوردستانی و چەپ و شوراکان، یەکێتی کەوتە موجامەلەی بزووتنەوەی ئیسلامی. یەکێتی پێی وابوو بزووتنەوەی ئیسلامی دەتوانێتن سنوورێک بۆ گەشەی چەپەکان دابنێت و هاوسەنگییەک درووست بکات.
لە ساڵی 1994دا و لە گەرمەی ململانێی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکێتی بەئاشکرا کەوتە پشتیووانی و موجامەلەی یەکگرتووی ئیسلامی، کە تازە خۆی وەک حیزب ڕاگەیاندبوو. یەکێتی پێی وابوو کە یەکگرتووی ئیسلامی دەتوانێت سنوورێک بۆ گەشەی بزووتنەوەی ئیسلامی دابنێت و هاوسەنگییەک درووست بکات.
لە ساڵی 2011دا و لەگەرمەی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات و پەیوەستبوونی یەکگرتوو و کۆمەڵ بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە، یەکێتی کەوتە موجامەلەی وەهابییەکان (سەلەفییەکان) و لایەکی سلێمانییان بۆ دابڕین و کەناڵی تەلەڤزیۆنییان بۆ کردنەوە. یەکێتی پێی وابوو کە وەهابییەکان دەتوانن سنوورێک بۆ گەشەی یەکگرتوو و کۆمەڵ دابنێت و هاوسەنگییەک درووست بکات.
ئێستا و لە ساڵی 2023 و دوای ئەوەی وەهابییەکان وەک مۆرانە بەدەنەی هێزی چەکداری یەکێتییان هەڵتەکاندوو و بوونەتە هێزێکی فیعلی ناوچەی سەوز، یەکێتی کەوتۆتە پشتیووانی و موجامەلەی ئەشعەرییەکان (تەریقەتەکان) و پێی وایە ئەشعەرییەکان دەتوانن سنوورێک بۆ گەشەی وەهابییەکان دابنێن و هاوسەنگییەک درووست بکات.
دڵنیام ماوەیەکی تر، یەکێتی ناچار دەبێت بەدوای هێزێکی تردا بگەڕێت تا بەخەیاڵی ئەوەی سنوورێک بۆ گەشەی ئەشعەرییەکان (سۆفی و دەروێشەکان) دابنێت، موجامەلە و پشتیووانی بکات. گرفتی یەکێتی ئەوەیە هێز و فیرقەی مەزهەبی نەماوە ئەم جارە پەنای بۆ ببات و بیهێنێتە مەیدان و بیکاتە کەڵەگا بەسەر خەڵکەوە. هەیە و نییە جوندولئیسلامی مەلا کرێکار و داعشەکەی ئەبوبەکر بەغدایین ، خوا پەنامان بدات.
ڕێک ئەو پەندەی دەڵێت چاکی مەکە با خراپ نەبێت بۆ سیاسەتە هەڵەکانی سی ساڵەی ڕابردووی یەکێتیدا دەگونجێت ولەهەر هەنگاوێکدا وێرانتری کردووە. بەڵام یەکێتی ناتوانێت دابنیشێت و ئەمجارەش بە مەبەستی چاککردن خراپتری دەکات...
بۆیە ناچارم بڵێم جەنابی یەکێتی خراپی بکە تا چاک بێتەوە.[1]