ناونیشان: تەنیا نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە؟
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #08-03-2022#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
ڕۆژی #7-03-2022# لە بازاڕەکاندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتە نزیکەی 140 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا. بەرزبوونەوەکە بەشێوەیەک بووە کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا نرخەکەی بەڕێژەی زیاتر لە30% زیادیکرد، ئەویش دوای ئەوەی ئیدارەی بایدن و کۆنگریسی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە خەریکی ئامادەکردنی یاسایەکن بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە. ئەگەر ئەم گەمارۆیە بخریتەسەر سێیەم گەورە وەبەرهێنەری نەوت لە جیهاندا، کە نزیکەی زیاتر لە 75%ی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، لێکەوتەی گەورەی دەبێت. بەڵام لێرەدا هەڵوەستە لەسەر لێکەوتەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان، درووستکردنی ناجێگری لەبازاڕی خواست و خستنەڕووی وزە و داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتی و هاوئاهەنگییەکانی نێوان وڵاتان و زیادبوونی ڕۆڵی قاچاخچییەکان لە بازاڕی وزەدا دەکەین.
نرخی نەوت بەرزبێتەوە، نرخی خۆراک بەرزدەبێتەوە؛ بەپێچەوانەشەوە
بەگشتی نرخی وزە و بەتایبەتیش نرخی نەوت پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بەنرخی خۆراکەوە هەیە، لەماوەکانی ڕابردوودا ئەگەر نرخی نەوت نزم بووبێت، ئەوا نرخی خۆراکیش نزم بووە. هەروەها نرخی خۆراک (کشتوکاڵ) وەڵامێکی ئەرینی بۆ هەر شۆکێک لە نرخی نەوتدا هەبووە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سیاسەتی وزە، ئەنجامەکان دەریدەخەن کە 64.17% جیاوازی لە نرخی خۆراک (بەرزی و نزمی) لەسەر ئاستی جیهان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتەوە، ئەمەش بەهۆی پێویستییە هەمەجۆرەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە نەوت، هەر بۆیەش هەر هەڵئاوسانێک لە نرخی نەوت زیانی گەورە لە ئاساییشی وزە دەدات و دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورەش لەسەر ئاساییشی خۆراک لە جیهاندا.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی داتاکانی ئاژانسی زانیاری وزەی ئەمریکا eia بۆ نرخی نەوت و داتاکانی ڕێکخراوی فاو بۆ نرخی خۆراک، لە ماوەی نێوان 1988 بۆ 2020دا هەر کاتێک نرخی نەوت بەرزبووبێتەوە، ئەوا نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە، بەپێچەوانەشەوە، وەکوو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە. هەروەها، لە ساڵی 2000ەوە نرخی خۆراک و نرخی نەوتی خاو بەنزیکەیی هاوتەریب پەرەی سەندووە. ئەمەش بەهۆی ئەو وزە زۆرەی کە لە بەرهەمهێنانی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتیش لەکاتی بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا کە هێشتا بە قوورسی پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت، وەک ئامێرەکانی بەڕێوەبردنی کارگەکان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا.
=KTML_Bold=بۆ بینینی خشتەکە بڕوانە فایلی پەیوەندیدار=KTML_End=
سەرچاوە: eia و FAO سەرچاوە: eia و FAO
تێبینی، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی و بۆ خۆراک بەپێی پێرستی نرخی خۆراک کە ئەم پێرستە گۆڕانکاری مانگانەی سەبەتەی کاڵا جیاوازەکانی خۆراکە.
=KTML_Bold=گرافیک: 1 نرخی نەوت و نرخی سەبەتەی خۆراک لە 1988 بۆ 2020=KTML_End=
ئێستا ناسەقامگیری ئاساییشی خۆراکی جیهانی لە 10 ساڵی ڕابردوو بەرزترە، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پاندامیک لە 2020 ، زیادبوونی بێکاری لە 2021دا و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن لە ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوودا، واتە پێش ئەم شەڕەی ئۆکراینا و ڕووسیا ئاساییشی خۆراکی جیهان بۆخۆی لە پێش دەیەک زیاتر لە مەترسیدا بووە، کە بەدڵنیاییەوە ئەم شەڕەش هێندەی دیکە ناسەقامگیرتری دەکات و ئاساییشی خۆراکی جیهان زیاتر دەخاتە بەردەم هەڕەشەوە، ئەویش لەبەر ڕۆڵی ئۆکراینا و ڕووسیا لە دابینکردنی دانەویڵەی جیهان و خستنە باری لەناکاوی وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی شەڕەوە. هەروەها، هێشتا هیچ پچڕانێک لە زنجیرەی دابینکردن ڕووینەداوە، نرخی دانەویڵە و بەرهەمەکانی بەڕێژەی 55% لە جیهاندا بەرزبووەتەوە کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی هەژاری و برسێتی لەسەر ئاستی جیهان هەیە و هەنگاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی برسێتی و هەژاری لە جیهاندا دوایدەخات.
=KTML_Bold=خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان و بەرزی نرخی نەوت=KTML_End=
لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە، بازاڕەکانی جیهان خەریکبوو وردەوردە دەکرانەوە و چالاکییە ئابوورییەکان ئاسایی دەبوونەوە، بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا کاریگەرییەکی گەورەی خستەسەر گۆڕانکاری لە بەهای کاڵاکان و نرخەکانی بەرز کردووە، بەشێوەیەک بەپێی ڕاگەیاندراوی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF سزاکانی سەر ڕووسیا کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان و بازاڕە داراییەکان دەبێت، لەگەڵ کاریگەریی گرنگتر لەسەر وڵاتانی دیکەی جیهان.
هەروەها، بەرزی نرخی نەوت لەم نرخەی ئێستا وادەکات کە ئەمریکا بەرەو قەیران یاخود پاشەکشەی دارایی ببات، بەشێوەیەک ئێستا هەڵئاوسان بەرزترین ئاستی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئەمریکا تۆمارکردووە، کە بە ڕێژەی 7.5% بووە، هەر بۆیەش هەندێک لە شارەزایان بەهۆی سزاکانی سەر ڕووسیاوە، پێشبینی خراپتربوونی ڕەوشی ئابووریی ئەمریکا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی پێرستی متمانەی بەکاربەر (پێنوێنی کڕیار) لە مانگی ڕابردوودا، پلانی کڕینی خانوو، ئۆتۆمبێل و ئامێرە سەرەکییەکانیش لە ئەمریکا کەمیکردووە.
هەروەها، دوای ئەوەی نرخی نەوت گەیشتە سەروو 130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک و زۆربەی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەوروپا ڕوو لە دابەزین بوون، کە بەگوتەی مایکڵ هێوسۆن، لێکۆڵەری باڵای بازاڕەکان لە بازاڕی CMC بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ترسی درووستبوونی وێرانکردنی خواست و پاشەکشەی ئابووریی جیهان دەکرێت کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە.
=KTML_Bold=ناجێگرییەک لەبازاڕی خواست و خستنەڕووی وزەدا و داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتییەکانی کەرتی وزە=KTML_End=
سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی ڕووسیا لەلایەن ئەمریکاوە، ناجێگرییەکی گەورە لە بازاڕی وزە درووستدەکات، هەر بۆیەش وڵاتانی ئەوروپا و لەنیویاندا ئەڵمانیا دژی سەپاندنی سزایە بەسەر کەرتی نەوت و گازی ڕووسیا، چونکە ڕووسیا لە کانوونی یەکەمی 2022دا ڕۆژانە 11.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەو بڕەش ڕۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، 960 هەزار بەرمیل گازی کۆندینسەیت و 340 هەزار بەرمیل گازی سرووشتی شلکراوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، ئەمە جگە لە بەرهەمە پاڵێوراوەکانی دیکەی لە نەوت وەک (رۆنی شل، بەنزین و گاز هتد) .
لەڕاستیدا، ڕووسیا لە دوای سعودیە دووەم هەناردەکاری نەوتی خاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەگشتیش بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. هەر بۆیەش وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند من پشتگیری ئابڵوقەی سەر نەوتی ڕووسیا و هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ڕووسیاوە ناکەم و تەنانەت دژایەتی دەکەم، هەروەها ئەڵمانیا پەشیمانە لەوەی کە هێشتا پشت بە هاوردەکردنی وزە لە مۆسکۆوە دەبەستێت، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە گەورەترین ئابووریی ئەوروپا (ئەڵمانیا) ئێستا هەستی بە کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە کردووە کە بەهۆی داگیرکردنی ئەوروپا بەسەر ڕووسیا سەپێنراوە.
هەروەها، بەشداریی ڕووسیا لە بەرهەمهێنان و خستنەڕووی وزە (نەوت و گاز) ی جیهاندا، بەشێوەیەک ئەگەر کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ڕووسیاوە بە بەبڕی 3.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەم مانگە و مانگی داهاتوودا ڕووبدات کە دەکاتە نزیکەی 70%ی کۆی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا، ئەوا بەپێی پێشبینییەکان نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەنزیکەی 25 دۆلار دەچێتە سەر، ئەویش بەهۆی شۆکی نەبوونی توانای دابینکردنی قەبارەیەکی لەدەستچووی لەو شێوەیە لەم دوو مانگەدا، بەڵام لەوانەیە بۆ مانگەکانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە ڕووبدات، بەتایبەتیش لە مانگی نیسان 2022دا دوای کۆتایهاتنی ڕێککەوتنی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لەبارەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەی بەرهەمهێنانی نەوتی قۆناخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە.
لەڕاستیدا، بازاڕی وزە لە کۆنەوە دابەشبوونێکی جیهانی بەسەر دوو جەمسەری فرۆشیار و کڕیاری وزە دا لەنێوان وڵاتە زلهێز و وڵاتە هەرێمی و ناوچەیەکانیشدا بگرە وڵاتی زۆر بچووکی، بەڵام دەوڵەمەند بە سەرچاوە سرووشتییەکان هەیە. لەوانەیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەوشێوەیەی ئێستا و لە ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکادا بەسەر هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دا دەرگای زۆر گوڕانکاری بەسەر ئەم دوو لایەنەی وزەدا بکاتەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە لە پەیوەندییەکانی هەریەکە لە ئێران، سعودیە لە لایەک بە بازاڕی جیهان و وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپاش بە وڵاتانی دابینکەری وزەوە لە لایەکی دیکەوە.
ئەوەی ئێستا دەبینرێت وچاوەڕواندەکرێت بەزووترین کات بێتە ئاراوە، ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکە، هەرچەندەش ڕێککەوتنەکە لەسەر هەموو شتەکانیش نەبێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە ئەوە ئێران لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان 2.5 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە، کە ئەمەش نزیکەی ئەو بڕەیە لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی ڕووسیا لە بازاڕەکاندا کەمدەکات و کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
خاڵیکی دیکەی پەیوەست بە داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتییەکانەوە زیاتر نزیکبوونەوەی چین و ڕووسیایە لە یەکتر، بەشێوەیەک لە 2020دا لەکۆی 71 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی ڕووسیا، بە تەنیا چین بەبەهای 23 ملیار 769 ملیۆن و 208 دۆلار نەوتی لە ڕووسیا کڕیوە، واتە بەنزیکەیی یەک لەسەر سێ نەوتی فرۆشراوی ڕووسیا بە چین بووە کە لەوانەیە لە دوای سزاکانەوە ئەم بڕە زیاتر بێت و پەیوەندییەکانیان بچێتە قۆناخێکی دیکەوە.
یەکێک لەو وڵاتانەی دیکە کە ڕۆڵی لە ئاڕاستەکردنی بازاڕی وزە و سەقامیگیری نرخی نەوتدا هەیە، سعودیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە نرخ و پابەندبوونی هاوپەیمانیی ئۆپێک بە بڕیارەکانییەوە بکات، تاوەکوو ئێستا سعودیە هیچ ئاماژەیەکی بۆ لایەنگری یاخود پابەندبوون بە بڕیارەکانی واشنتن دەرنەبڕیوە، ئەویش بەڕوونی لە کۆبوونەوەی 2ی ئەم مانگەدا دەرکەوت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاوی ڕوونی (لایت) بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بەبەهای 4.95% بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردەوە.
هەموو ئەمانەش دەمانگەیێنێتە ئەو خاڵەی کە گۆڕانکاری گەورە بەسەر پەیوەندیی وڵاتانی بەکاربەری نەوت و بەرهەمهێنەری نەوتدا بێت، هەر بۆیەش یەکێتیی ئەوروپا بەدوای داڕشتنەوەی سیستمی وزەی خۆیدایە، و چیدیکە نەک تەنیا بۆ نەوت و گاز، بگرە دەیەوێت کۆی سیستمی وزەی خۆی بگوازێتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی خۆی دەبێت لە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان، و دەرفەتی گەورەش بە وڵاتانی دیکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەڕووی وزەوە دەدات.
=KTML_Bold=ئابڵۆقەی وڵاتان و ڕۆڵی قاچاخچیێتی=KTML_End=
یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی ئابڵۆقەدانی نەوتی ڕووسیا، زیادبوونی قاجاخچیێتی و فرۆشتنی نەوتە لەدەرەوەی ئەو ڕێگە باوانەی کە لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەر بۆیەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ئۆکسفۆرد ئینرجی، لا8دا لە ماوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بڕی هەناردەکراوی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە لە 2021 گەیشتبووە 1.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش بە واتای زیادبوونی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دێت بە بەراورد بە 2019 و 2020، لەکاتێکدا ئەمەش لە هیچ سیستمێکی خواست و خستنەڕووی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا بەشدارنەبووە. ئێستاش ئەگەر سزا بەسەر کەرتی نەوتی ڕووسیا بسەپێنرێت، ئەوا دەرگەی جیاواز و لە ڕێگەی جیاوازەوە نەوتی ڕووسیا بەشداردەبێت لە خستنەڕووی بازاڕی وزەدا، هەرچەندە ڕووسیا وەک وڵاتانی دیکە نییە و پێش جەنگیش، بازاڕێکی گەورەی وەک وڵاتی چین هەم بۆ نەوت و هەم گازیش زامنکردووە، بەچەند ڕۆژێک پێش جەنگەکەش گریبەستی 30 ساڵەی نێوان گازپرۆم و چین واژووکرابوو!
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
لە کۆتاییدا، سیناریۆکان هەرچۆنێک بێت، ئێستا لێکەوتەکانی شەڕ نەوەکو ئابڵۆقەدانی سەر نەوتی ڕووسیا لەڕووی نرخی کاڵا و خۆراکەوە، لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی دابینکەر و بەکاربەری نەوت و گاز، لەزامنکردنی ئاساییشی وزەی وڵاتان و لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان دەرکەوتووە. بەکوورتی لەوانەیە لێکەوتەکانی سەر ئابڵۆقەی نەوتی ڕووسیا بەتەواوی نەزانرێت، بەڵام لەوانەیە ئەم کاریگەرییە خێراییانەی هەبێت.
- گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتان دەهێنێتە ئاراوە، کە لێکەوتەی گەورەی لەسەر نرخی نەوت و مانەوەی بە ناجێگریی دەبێت.
- ڕووسیا هەوڵی دۆزینەوەی کڕیاری نوێ بەتایبەتیش لە وڵاتانی ئاسیا دەدات، کە خواستیان لەسەر نەوتی خاوی ڕوون (لایت) زیاد دەکات، ئەمەش کۆمپانیا ڕووسیاکان ناچار دەکات وەبەرهێنانی تێدا بکەن، دوای ئەوەی سعودیە نرخەکانی لەسەربەرزکردنەوە.
- گوشارێکی زۆر لەسەر وڵاتانی ئۆپێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لەم مانگانەی دواییدا درووستببێت.
- ئەگەری کردنەوەی دەرگایەکی گەورە بەڕووی ئێران بۆ خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا هەیە، ئەگەریش ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک نەهێتە ئاراوە.
- لەوانەیە ئەوروپا لەداڕشتنەوەی سیستمی وزە پشت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیا پشت بە بازاڕەکانی ئاسیا و چین بۆ بەرهەمی وزە لە داهاتوودا ببەستێت.
- نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامانجە بەردەوامەکان (SDG) بەتایبەتیش هەژاری و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پابەندبوونی وڵاتان بە وەبەرهێنان لە وزە نوێی بووەکاندا کەمێک دووربخاتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد (کە پێشەنگی داهێنان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی)
- دەرچەیەکی نوێ بۆ وڵاتانی تازە بەرهەمهێنەری نەوت بۆ جێکردنەوەی خۆیان لە بازاڕی وزەی جیهاندا. [1]