ناونیشانی بابەت: مامۆستایانی ئایینیی کورد لە بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەییدا.. مەلا حەسەنی دزڵی
ئامادەکردنی: #هامنۆ هەورامی#
یەکێک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد، کە هەڵوێست و خرمەتەکانی جێی شانازیین و مایەی ئەوەن ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، کەسایەتییەکی جوان و ئاییندار و نەتەوەیی #مەلا حەسەنی دزڵی# (1275 - 1364 ک) ە.
جارێکیان کابرایەکی خەڵکی (دزڵی - لە هەورامانی خۆرهەڵاتی #کوردستان#ە) بڕێک شتی لێ دەگیرێت و خۆی دەرباز دەبێت، دێتە لای مامۆستا هەتا نامەیەک بنووسێت بۆ ئەو فەرمانبەرە بەڵکوو شتومەکەکانی بدەنەوە، مامۆستا نامەیەک دەنووسێت بە زمانی عەرەبی لەسەر شێوازی هۆنراوە. کاتێک کە فەرمانبەرەکە نامەکە دەبینێت، دەینێرێت بۆ لای فەرماندەیەکی مەزنتر کە هاتووەتە سەردانی سنوور. فەرماندەکە هەموو شتە گیراوەکان دەداتەوە و دەڵێت: بەم مامۆستایە بڵێ قازیی دادگامان پێویستە، با ئەو بێت بۆ ئێرە و دەیکەینە قازی یان (ئیمام تابووری سوپا) بە مووچەیەکی زۆرەوە.
دیار ئەو فەرماندەیە بە جواننووسی و عەرەبیزانییەکەی مامۆستا دزڵی سەرسام بووە کە بەو جۆرە یاریی بە وشە عەرەبییەکان کردووە بە هۆنراوە. کابرا قسەی فەرماندە بە مامۆستا دەڵێت و مامۆستا وەڵام ناداتەوە. پاش ماوەیەک فەرماندەکە بە (ئەحمەد ئاغای خورماڵی) دەڵێت: بچۆ بۆ لای ئەم مامۆستایە بەڵکوو ڕازیی بکەیت، چونکە عەرەبیزانێکی زۆر چاکە و زۆریش خوێندەوارە.
(ئەحمەد ئاغا) نامەیەک بۆ مامۆستا مەلا حەسەنی دزڵی دەنووسێت و زۆر بەتامەولامەوە دەڵێت: هەلێکی چاکە، لەدەستی مەدە، مووچە و مەقامێکی مەزنە و دەستی کەس ناکەوێت، بیستوومە تۆ زۆر نەداری و حەسیرێکت لەژێردایە و جلەکانت لەبەر شڕی لەشت داناپۆشن، تێر نانی جۆت دەست ناکەوێت، ئاخر کەی ئەوە ژیانە؟ ئەم هەلە لەدەست مەدە.
مامۆستاش بە هۆنراوەیەک وەڵامێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەنێرێتەوە:
بەچکە فەرەنجی و ڕۆڵە هەورامی
ئەقڵم هاتە بەر چاوم کردەوە
کە زەمانەم دی ڕۆژە یا شەوە
سوێنێکم خواردووە بە ڕۆحی باوام
بە گۆڕی نەنکم بە ڕۆڵەی ساوام
تا بۆوبەرامەی شەوبۆ و وەرکەمەر
تا سوورهەڵاڵە سەر تێرێتە دەر
تا دەنگی ژەرەژ پیقەی نەچیری
تا قسەی خۆشی پیرێکی ژیری
تا بەڕوو مابێ لە هەورامانا
تا شەماڵ بدا بە کۆساڵانا
فەرەنجی شڕێ چۆخە دڕاوێ
کڵاشە چەکێ پشتێن بڕاوێ
شەرتە هەورامان بەجێت نەهێڵم
مەگەر ئەو کاتە کە بەجێی دێڵم
ئەم هۆنراوەیە وەڵامێکی زۆر ڕوونە کە باس لە شوکرانەی خۆی دەکات بەرانبەر ئەو نەدارییەی و ئامادە نییە #هەورامان# و شوێنی باوانی بەجێ بهێڵێت لەپێناو دەسەڵات و پۆستی حکوومیدا.
ئەمە نموونەی پیاوانی ئایینیی کورد بووە کە لە مێژوودا چۆن دەستبەرداری سامان و پۆست و پایە بوون لەبەرانبەر مانەوە لەناو خەڵکی سادە و خزمەتکردنیان.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
ئەحمەدی نەزیری: دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی مەردۆخی، چاپی یەکەم، چاپخانەی خورەمی، سنە، 1379 ﮪ ش، ل 59 - 62
[1]