بە مەبەستی داڕشتنی پەیڕە و پڕۆگرامی چالاکییەکانی ساڵی نوێ، یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانە بەشدارەکانی چالاکییەکانی، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە لەنێو هۆڵی ڤینسیا لە شاری موسڵ بەڕێوەچوو تێیدا و بە شێوەیەکی چڕ باس لە چالاکییەکانی وەرزی ڕابردووی یەکێتییەکە کراو هەروەک کار و بەرنامەی ساڵی 2024 ئاشکرا کرا کە لە گرنگترینیان ئەنجام دانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا دەبێت لە شاری بەسرە.
ئەمە و لە هەمان کۆبوونەوەدا مەراسیمێکی تایبەت بە پێشکەش کردنی قەڵغانی پاڵەوانان بۆ هەرسێ ئاستەکانی پێشکەوتوان، لاوان و تازەپێگەیشتووانی کوڕان و کچان بەڕێوەچوو لەنێویاندا قەڵغانی ئاستی پێشکەوتوانی کچان بەخشرایە کچانی یانەی پێشمەرگە و یانەی ناوبراو کە لە چالاکییەکانی ساڵی 2023 توانی زۆرترین پلەکانی یەکەم بەدەست بهێنن و بە کۆکردنەوەی 103 خاڵ بوونە پاڵەوان و نازناوەکانیان بۆ شاری #سلێمانی# هێنایەوە.
سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو قەڵغانە نزار ئەکرەم سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیمی کچانی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاند کە خۆشبەختانە توانیویانە وەک یانەی پێشمەرگە پلەی یەکەم بەدەست بهێنن و قەڵغانی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق بگەڕێنەوە یانەکەیان.
هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێکرد کە بە نوێنەرایەتی یانەی پێشمەرگە بەشداربوون لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق و پەرتووکی چالاکییەکانی وەرزی نوێشیان پێدراوە کە خۆی لە سێ پاڵەوانێتی نێو خۆی ئێراق دەبینێتەوە لەوانە ڕاکردنی ماوە درێژ و ئەنجام دانی دوو پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق بۆ یارییە جیاوازەکان.
نزار ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەکاری بە کچە یاریزانانیان دەکەن بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی بەهێزی ئاگرین کە لە ڕێکەوتی 14-05 تا #16-05-2024# و لە شاری بەسرە بەڕێوە دەچێت کە خۆی لە یارییە جۆراوجۆرەکان دەبینێتەوە ئەوەش پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا دەبێت.
[1]