یەکێتی تۆپی پێی ئێراق بە هاوکاری یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا خولی ڕاهێنەری بۆ ئاستی A ئاسیای لە شاری #بەغدا# ئەنجام دا و تێیدا و دوای بەشداریکردنی، #ڕێباز سدیق# یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی پێشکەوتوانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی ئەو بڕوانامەیە بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە بەدەست هێنانی ئەو بڕوانامەیە و پاڵپشتی کردنی یانەکەیان بۆ ئەو ڕاهێنەرە، #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، جێگەی شانازییە بۆ یانەکەمان کە پاڵپشتی هەر ڕاهێنەرێکی لاومان بکەین تا بتوانین خۆمان ڕاهێنەر پێبگەیەنین و سوود لە ئەزموون و تواناکانیان وەربگرینەوە، هەروەک وتیشی پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی پێشکەوتوانی یانەکەمان کاپتن ڕێباز سدیق دەکەم کە توانی ئەو بڕوانامەیە دەستەبەر بکات.
هەروەک ئاماژەی بەوەشدا کە وەک یانەی پێشمەرگە پاڵپشتی ڕاهێنەرەکەیان کردووە و نووسراوی فەرمیان ئاڕاستەی لیژنەی هونەری لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق کردووە بۆ پاڵپشتی لەو ڕاهێنەرەیان کە مێژوویەکی پڕ دەست کەوت و خەرمانی هەیە و توانیویەتی جێگە دەستی بە ئەنجامەکانی بە دیار بکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە کاپتن ڕێباز سدیق یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی پێشکەوتوان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە سوپاسی یانەکەم دەکەم و هەروەک سوپاسی هەموو ئەو کەس و دڵسۆزانەم دەکەم کە هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ بەشداریکردنم لە خولەکە و بەدەست هێنانی ئەو بڕوانامە گرنگە.[1]