ناونیشانی بابەت: هەگمەتانە لە ناو لیستی کەلەپووری رێکخراوی جیهانی یونسکۆ تۆمار کرا
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
لە ئەنجامی دانیشتنی ئەمڕۆی (27-7-2024) رێکخراوی جیهانیی یونسکۆ، بریار درا بە تۆمارکردنی شاری مێژوویی #هەگمەتانە# لە ناو لیستی کەلەپووری ئەم رێکخراوە.
ئەم کۆبوونەوەیە چل و شەشەمین کۆبوونەوەی یونسکۆ بوو کە ئەم جارە لە شاری دەلهی هیندستان بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی ئەم دانیشتنە، شاری مێژوویی هەگمەتانە (کە یەکێک بوو لە شوێنە پێشنیارکراوەکانی وڵاتی ئێران) وەک ناوچەیەکی مێژوویی و سەرنجڕاکێش لە ناو لیستی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە تۆمار کرا.
جێی ئاماژەیە هەگمەتانە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی مێژووی کورد و مێژووەکەی بۆ سەردەمی میدییەکان دەگەڕێتەوە.
هەگمەتانە، گەورە شارێکی شوێنەواریی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکانە، بە گوتەی مێژوونووسی یۆنانی هێرۆدۆت، ئەم شارە لە سەردەمی #دیاکۆ# (727-675 پێش زایین) یەکەمین پاشای ئیمپراتۆری میدیا بنیاتنراوە.
هەڵکەوتەی جوگرافیی هەگمەتانە دەکەوێتە ناوەندی شاری #هەمەدان#ی سەر بە پارێزگای هەمەدان لە رۆژهەڵاتی #کوردستان#.
$کۆمەلێک زانیاری مێژوویی لەسەر هەگمەتانە$
لە سەردەمی پاشا و دامەزرێنەری ئیمپراتۆری #میدیا# دیاکۆ، شاری هەگمەتانە وەک پایتەختێک بۆ ئەم دەسەڵاتدارییە دامەزراوە. ئەم گەورە شارە شوێنەوارییە لە سەرەتا گوندێک یان ئاواییەکی بچووک بووە لە سەرد گردێکی پان و بەرین، بەڵام دواتر بە فەرمانی دیاکۆ دەست دەکرێ بە دروست کردنی کۆمەڵگایەک کە پێکهاتووە لە کۆشک، خەزینە و بنکەی سەربازی و حەوت ریز شورە بە دەوری شارەکە.
کاتێک دیاکۆ ئەم شارەی دروست دەکات، فەڕمان دەدات کۆشکێکی گەورە و پتەو کە پێکهاتووە لە سەدان ژووری جیاواز لە ناوەندی گردەکە دروست بکرێت و بۆ پاراستنی زیاتری کۆشکەکە لە کاتی روودانی جەنگ، بڕیاری دا لە چوار دەوری کۆشکەکە حەوت ریز شورە کە هەر شورەیەک لە شورەکەی پێش خۆی بەرزتر بووە دروست بکرێت و لە هەموو بەشەکانی شورەکە بنکەی تایبەتی چاودێری و سەربازی دابنرێت. بەم شێوەیە هەگمەتانە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و پتەوترین شارە شوێنەوارییەکان لە دونیا کە لەگەڵ شارەکانی ئاتن لە یۆنان و رۆم لە ئیتالیا بەراورد دەکرێ.
شاری مێژوویی هەگمەتانە شاکاری بیناسازی و هونەری سەردەمی کۆنە و ئەوە لە دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارییەکانی ناو ئەم گردە سەڵمێنراوە. هەگمەتانە خاوەن سیستمێکی ئاوەرۆی کۆنە بە شیوازی راکێشانی بۆری گڵێنە لە ژێر خانووەکانەوە. شێوازە بیناسازییە تایبەتەکەی، بە کارهێنانی نەخشی دروست کراو لە زێر و زیو بۆ دیوارەکان و دارە بە کارهاتووەکانی ناو ژوورەکان، سیرامیکی نەخشێنراو لە زیو و زێر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆشکەن.
پسپۆرانای بواری زمانناسی ئێرانی لەسەر ئەو بڕوایەدان وشەی هەگمەتانە، ریشەی لە وشەی (هەنگمەنت) یان (هەنگمەن) بە واتای ئەنجومەن دێت، کە ئەویش بە واتای شوێنی گردبووونەوە یان شوێنی یەک گرتن دێت. هەر لە مێژووی دروستبوونی ئیمپراتۆری میدیا (کە بریتییە لە کۆبوونەوە و یەکگرتنەوەی چەندین هۆز و تیرەی کوردی) بۆمان دەردەکەوێت، هەڵبژاردنی ناوی ئەم شوێنەوارە بێ مەبەست و بێ واتا نەبووە. بۆیە دەکرێ ئەم بۆچوونە زۆر راست بێت کە هەگمەتانە واتا شوێنی کۆبوونەوە و یەکگرتن.
هەگمەتانە چەندین سەردەمی مێژوویی گرنگ و بە ناوبانگی ئێرانی کۆنی بە خۆیدا بینیوە، ئەم شارە کە لە سەرەتاوە پایتەختی ئیمپراتۆری میدیا (678-549 پێش زایین) بووە، لە پاش رووخانی میدییەکان لە لایەن ئەخمینییەکانەوە وەک پایتەختی هاوینەی ئەم دەسەڵاتدارییە بە کارهاتووە، لە سەردەمی ساسانییەکان ئەم شارە درێژەی بە ژیانی ئاسایی خۆیداوە، بەڵام دیار نییە لە رووی سیاسییەوە چ رۆڵێکی هەبووە.
یەکەم کاری کنەوپشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 1913 کراوە، لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسی سەر بە مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس بە سەرپەرەشتی شارل فوسی. هەڵکۆلین بۆ هەگمەتانە لە 10 وەرزی شوێنەواری ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵێ زانیاری و پارچەی شوێنەواری گرنگ و مێژوویی دەستکەوتووە. چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجامی زانستی ئەم هەڵکۆڵینە شوێنەوارییانە هیچ کاتیک بە شێوازێکی فەرمی بە هەبوونی داتا و بەڵگە بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە دەکرێ ئەمیش وەک هەولێک بۆ شاردنەوە یان سڕینەوەی مێژووی پڕ شکۆی کورد دابنرێت.
میدییەکان ئیمپراتۆرییەتێکی کورد بوون لە ساڵەکانی 678-549 پێش زایین کە لە ئەنجامی رووخاندنی ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورییەکان، توانیان دەسەڵات بگرنە دەست و بە رێکخستن و یەکگرتوویی چەند هۆزێکی کوردی، ئیمپراتۆری میدیا دابمەزرێنن. سەردەمی میدییەکان بە سەردەمی زێرینی مێژووی کورد تۆمار دەکرێت، لەم سەردەمە بۆ یەکەمجار لە مێژوو هەر چوار پارچەی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتدارییەکی کوردی رێکخران و بەڕێوە بردران. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=