دکتۆر خالید ساڵی 1934 لەبنەمالەیەکی نیشتمان پەروەر و تێکۆشەر و دیاری شاری کۆیە لەدایک بوە. باوکی حاجی حەمە سەعید ئەسعەد یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی غەفوریەکان.
هەر لە کۆیەش قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی وناوەندی تەواو کردوە، دواتر لە شاری #کەرکووک# لە پەیمانگای برین پێچینەوە درێژەی بە خوێندن داوە. پاش تەواوکردنی خوێندن لە نەخۆشخانەی کۆیە دامەزراوە.
لەسەردەمی لاویەتیەوە تێکەڵاوی چالاکی و کاری سیاسی بووە. لە سالانی 1947 تا 1948 بەهۆی چەند مامۆستایەکی نیشتمان پەروەر و ناسراو وەک : حەمە ڕەفیق مەعروف و عوسمان حەسەن و قادر ئەسعەد بۆتە ئەندامی کۆمەلەی پێشکەوتنی قوتابیان وپاشان بەشداری کردوە لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان.
دوای شۆرشی 14 تەموزی 1958 بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە وەک کادرێکی لیهاتووی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و لەشاری کۆیە ناوی دەرکردوە.
لەمانگی ئەیلولی 1961 دا کاتێ کە چەکدارانی عەشیرەتە کوردیەکان ڕێگاو بانیان گرت، دکتۆر خالید لەگەڵیان چەکی هەڵگرتوە و دوای بڵاوە پێکردنیان ئەو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک مانەوە تا جولانەوەکیان ڕێکخستوە. لەبەر توانایی فیکری و بەدەنی دکتۆر خالید هەر زوو بۆتە ناوێکی دیاری ناوچەی کۆیە. زۆر چالاکانە بەشداری کردوە لە زۆربەی چالاکی جەماوەری و پیشەیی و سیاسی ئەو سەردەمە و زۆر جاریش بە سەرپەرشتی و دەستپێشخەری ئەو ئەم چالاکیانە کراوون.
کاتێ کە شۆرشی ئەیلول دەستی پێکرد، دکتۆر خالید لەیەکەمین دەستەی پێشمەرگایەتی پارتی دابوو.
پێش شۆرشی ئەیلول لەناو لیژنەی کۆیە وەک باڵێکی سەربازی بە سەرۆکایەتی خۆی کاری ئەکرد. بەمەبەستی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنی سەفەرێکی کرد بۆ حاجی ئۆمەران، هەر لەم کاتانە ئەمری گرتنی دەرچووە بۆیە ئەویش ڕوی لە چیاکانی #قەندیل# و شیشار و سەفین کرد لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک و پەیوەندی کردوە لە گەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان و هاووڵاتی ئەم ناوچانە بۆ ئاگاداری کردنەوەیان و ئامادەکردنیان بۆ شۆرش.
لەپێشمەرگایەتیش ئەو کاتە بە ئازایەتی و لێوەشایی ناسراو بوو، لە ناو پێشمەرگە زۆر خۆشەویست و بەرێز بوو، هەر لەبەر ئەم سیفاتانە بوو بە سەرلق لە حاجی قەڵا لەساڵی 1963.
لە ساڵی 1964 بوو بە سەرلق لە دەشتی کۆیە و پاشان بوو بە ئامر بەتالیۆن بەدرێژایی شۆرشی ئەیلول. لە دەیان شەرو چالاکی بەشداری کردوە و هەموو کات لە ڕیزی یەکەم بووە.
پاش دەرچوونی بەیانی 11 ئازاری ساڵی 1970 تا 1974 لەشاری بەغدا نیشتەجێبووە و لەنەخۆشخانەی نعمان بوو بە مودیری ئیدارە.
کاتێ کە شۆرش هەڵگیرساوە دکتۆر خالید پەیوەندی کردوە و بوو بە ئامر بەتالیۆن و پاشان بوو بە ئامر هێزی کۆسرەت و لە دواییش بوو بە فەرماندەی هێزی گەرۆک. وەک هێزێک لە هەر ناوچەیەک پێویستیان پێبوبی فریایان کەوتوە و لە زۆربەی جەبهەکان گەراوە و بەشداری شەرو چالاکیەکانی کردوە.
لەساڵی 1975 پاش پەیمان نامەی جەزاییر و پیلانی دوژمنانی کورد بۆ توانەوەی بزوتنەوەی کورد لە کوردستان. دکتۆر خالید یەکێک بووە لەو کادیرە بەرچاوانە کە نەیان ویستوە چەک دانێن و خۆ بەدەست بدەن و لەگەڵ چەند کادرێکی تری نیشتمان پەروەر و شۆرش گێر چەند کۆبونەوەیەک ئەکەن بۆ بەردەوام بوون لە شۆرش و نەهێلن پیلانی دوژمنان سەربگرێت و ئاش بەتاڵ بە شۆرشی ئەیلول بکرێت. بەڵام سەرکردایەتی کورد لەم کاتەدا نەک هەر یارمەتیان نەداوون بەڵکو ڕێگریش بوونە لە بەردەوام بوونی شۆرش.
دوای نائوومێدی لەو هەوڵەشیان ئەچن بۆ کوردستانی ئێران و چەند کۆبوونەوەک لە #نەغەدە# و ئ#ورمێ# ساز دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەم وەزعە تازەیە و لەدواییدا لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تر دا بریاریان دا بگەرێنەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بەخەباتی سیاسی و جەماوەری بدەن و هەر لەم کۆبوونەوە بزوتنەوەی سوسیالیستی دیموکراتی کوردستان پێکدەهێنن لەگەڵ هەڤاڵان شەهید عەلی عەسکەری، شەهید عومەر دەبابە، شەهید ڕەسول مامەند، شەهید تایر عەلی والی، شەهید عەلی هەژار، شەهید سەعدی گچکە و شەهید کاردۆ گەڵاڵی و چەند هەڤاڵێکی تر.
پاش گەرانەوەیان بۆ عێراق ڕژێم دکتۆر خالید و کاک عەلی عەسکەری و کاک عومەر دەبابەیان دوور کردەوە لە کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە کاری سیاسی نەکەنەوە و هەر یەک لەم بەرێزانە نیشتەجێ ئەکرێن لە شارێک بۆ ئەوی پەیوەندی نێوانیان لاواز بێت، بۆ نمونە کاک عەلی عەسکەری لە شاری ڕفاعی و کاک عومەر لە ڕەمادی و دکتۆر خالید لە بەغدا نیشتەجێدەکرێن.
لەبەغدا دکتۆر خالید لە ژێر چاودێری ڕژێم بوو زۆر جار بانگ دەکرا لە لایەن دەزگای موخابەرات و تووشی ئەشگەنجەی دەروونی دەکرا و تەهدید دەکرا کە بەشداری هیچ جلموجۆڵێکی سیاسی نەکات.
لە کاتی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا هەر لەسەرە تاوە پەیوەندی هەبوو لە گەڵ دەستەی دامەزراندن لە ڕێگای بەرێز #مام جەلال#. دکتۆر خالید لەو کەسانە بوو کە بەردەوام بەپەرۆشی ئەوە بوو کە خەباتی چەکداری بەزوترین کات دەست پێبکرێتەوە و لەنامەکی بۆ بەرێز مام جەلال ئاماژەی بەوەکردبوو کە دواکەوتنی خەباتی چەکداری لە بەرژەوەندی ڕژێم و دوژمنانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە و کاتی خەباتی چەکداری هاتووە.
پاش ئەوەی دەستەی دامەزراندنی یەکێتی داوایان لە دکتۆر خالید کرد کە دەست بە خەباتی چەکداری بکەنەوە، دکتۆر خالید پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەو فەرماندەو لێپرسراوی لقەکانی شۆرشی ئەیلول کرد. هەروەها پەیوەندی کرد لەگەڵ شەهید عەلی عەسکەری و شەهید عومەر دەبابە بۆ هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری بە سەرپەرشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. لەکاتێکی کەمدا توانرا کۆمەڵێک پێشمەرگەی قارەمان و دڵسۆز کۆبکرێنەوە و ڕووبکەنە شاخەکانی کوردستان. هاتنەدەرەوەی ئەم قارەمانانە دەنگێکی گەورەی دایەوە لە ناو خەڵکی کوردستان.
بۆ کاری ڕێکخستن و کۆکردنەوەی پێشمەرگە و پەیوەندی کردن لەگەڵ پێاو ماقولانی ناو چەکانی بادینان و #سۆران# دکتۆر خالید چەند جار سەردانی ئەم ناوچانەی کرد.
بەهاری ساڵی 1977 سەردانێکی کرد بۆ ناوچەی بەرادۆست بۆ پێشوازی لە بەرێزان مام جەلال و کاک نێوشیروان و هەڤاڵانی دەرەوە.
دکتۆر خالید ڕۆلێکی بەرچاوی هەبوە لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان چ لە کاری ڕێکخستن و چ لە شەرو چالاکیەکانی یەکێتی دژ بە دوژمنانی گەلی کورد و هەر لە یەکەم ڕۆژی دروست بوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ڕۆژی شەهید کردنی.
هەڤاڵەکانی دکتۆر خالید سەرکەوتنی ئەم لە پۆستەکانی بەوە دەگەرێننەوە کە دکتۆر خالید تا بڵێ کەسێکی پاک و نیشتمان پەروەر بووە و زۆر نزیکی پێشمەرگە بووە و هەر هەمووشیانی وەک براو کوری خۆی سەیر کردوونە و لە خۆشی و ناخۆشی لە گەڵیان بوە و زۆر کەسێکی ڕاست گۆ بووە و کاری کردوە لە پێناوی گەلەکەی و دوور بوە لە خۆپەرستی و هیچ کات کاری نەکردوە لەپێناوی پۆست و ئیمتیازات.
بەهاری 1978 د. خالید و عەلی عەلی عەسکەری و شێخ حسێن بابە شێخ لە گەڵ نزیکەی 1000 پێشمەرگە بەرەو #هەکاری# بەڕێ کەوتن، بۆ ئەوە چەک بهێنن بۆ بوژاندنەوەی شۆڕش. ئەم هێزە دابەش کرابوون بە سەر سێ بەشدا. لە کاتێکدا کە کێشەی گەورەی ئەمان ئەوەبوو کە شۆڕشی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و گەلی کورد بە مافە ڕەوا کانی خۆی بگات، سەرکردایەتی کاتی ئەوسای پارتی دیموکراتی کوردستان کە ناسراوبوون بە (قیادە مۆقەتە) خەریکی پلان دانان بوون بۆ لە ناو بردنی شۆڕشی نوێ گەلەکەمان. دوابەدوای چەندین شەڕ و پێکدادان کە لەلایەن قیادە مۆقەتەوە پلانی بۆ دانابوو بە پشتیوانی عەشایەرەکانی سەرسنوور و ناوچەی هەکاری. لە شەوی #19-06-1978#.
شەهید د. خالید سەعید و هاوڕێکانی کەوتنە بۆسەیەکی گەورەوە کە سەدان چەکداری عەشیرەتی ژیرکی داینابوو، لەم شەڕەدا شەهید د خالید لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ هاورێیەکانی پێیاندەڵێت؛(با چیتر پێشمەرگە بە کوشت نەدەین و خۆمان تەسلیم بکەین، چونکە ئەوان تەنها ئێمەیان لا مەبەستەو ئەو پێشمەرگانە با بمینێن. چونکە شۆرش پێویستی بەو پێشمەرگانە هەیه) هەروها د خالید وتوویەتی؛ (ئێمە ئەگەر خۆمان تەسلیم نەکەین، ئەگەر نەشکوژرێین، پێشمەرگەکان لە برسا دەمرن، بۆیە لەپێناو ڕزگارکردنی گیانی ئەو پێشمەرگانه، پێویستە خۆمان تەسلیم بکەین، ئەگەرنا بۆ هەتاهەتایە مێژو نەفرەتمان لێ دەکات.) کاتێک دەیانەوێت برۆن خۆیان تەسلیم بکەن، د خالید بە گوێی یەکێک لەپێشمەرگەکاندا دەچرپێنێت و پێیدەڵێت؛(دەزانم دەکوژرێم، بەڵام بەکوشتنی من شۆرش کۆتایی نایەت، تکایە ئێوە بەردەوام بن، جونکە ئەم میللەتەی ئێمە زۆر فەقیرە و باجی نەبوونی سەرکردەی دڵسۆز دەدات و بەرپرسانی ئێمە لەشۆرشدا ئەوەندەی خەریکی تەسفیەی یەکترن، ئەگەر ئەوەندە خەریکی دوژمن بوونایە، ئەوا دەمێک بوو کورد خاوەنی دەوڵەتی سەەبەخۆ بو.).لە دوای خۆتەسلیمکردنیان هەریەک لە شەهید د خالید و عەلی عەسکەری و حسێن بابە شێخ بەفەرمانی پارتی بەدیلی شەهید دەکرێن.
ساڵی 1960 ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و لەگەڵ کچی مامی لتفیەی کچی حاجی سەعدی ئەسعەدی غەفوری. خاوەنی پێنج منداڵە، دوو کچ و سێ کوڕ.