یانەیەکی تۆپی پێیە و لە ساڵی 2004 لە وڵاتی سوید دامەزراوە و سەرجەم یاریزانەکانی بە ڕەگەز کوردن و ئێستا لە خولی پلە یەکی سەرتاسەری (سوپێرتتان) ی وڵاتی سوید یاری دەکەن و خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە.
28-10-2017 یانەی داڵکورد سەرکەوت بۆ خولی تیپە پلە یەکەکانی وڵاتی سوید.
یانەی داڵکورد بەمشێوەیە دامەزراوە:
#ڕەمەزان قزل#
لە موختاری گوندێکی کوردستانەوە بۆ سەرۆکی یانەی تۆپی پێی دالکورد لە سوید
دامەزرێنەر و سەرۆکی یانەی دالکوردی سویدی ڕەمەزان قزل نموونەیەکی بەرچاوە بۆ سەرکەوتنی تاکی کورد لە ئەوروپا. ئەو لە دەروازەی تۆپی پێوە خۆی کردووە بە ناو کۆمەڵگەی سویدیدا و ئێستا کەسایەتییەکی ناسراوی ئەو وڵاتەیە. قزل، 52 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی #گرێمیرای# گرێدراوی شارۆچکەی #نسێبینی# سەر بە پارێزگای #ماردین# لە دایک بووە. خێزاندارە و باوکی حەوت منداڵە. لەبەر ئەوەی سەردەمانێک موختاری گوندی خۆیان بووە، لەلایەن خەڵکی گوندەوە بە موختار بانگ کراوە و وەک خۆی دەڵێت: هێشتا ئەو ناوەی لەکۆڵ نەبووەتەوە. قزل، ساڵی 1989 ناچار بووە زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و لەو کاتەوە لە سوید دەژی. وەک دەزانرێت کوردەکانی سوید بە شێوەیەکی گشتی سەرگەرمی سیاسەت و نووسین و خوێندن و کارن، بەڵام قزل جیا لە هەمووان ڕووی لە جیهانی تۆپی پێ کردووە و و هۆکاری ئەو مەیلەش بەم جۆرە بۆ ڕوون دەکاتەوە:
لە ڕاستیدا کە دەستم بە کاری تۆپی پێ کرد، یاریکردن ئامانجی یەکەمم نەبوو. ئامانج ئەوە بوو بتوانین لەگەڵ گەنجانی خۆماندا بە ناوێکی کوردییەوە لەژێر ئاڵای کوردستاندا شتێک بکەین. من وەک باوکێک هەستم بە بەرپرسیاری کرد و مەبەستم بوو گەنجانی ئێمە لە هەندەران ون نەبن و بەهاکانی خۆیان بپارێزن. لە سەرەتادا نەماندەزانی پەنا بۆ چ شێوازێک ببەین بە مەبەستی پێشخستنی کچان و کوڕانی خۆمان. تەماشان کرد تۆپی پێ ڕێبازێکی باشە و پەنامان بۆ برد و پێم وایە ئەنجامێکی باشمان بەدەست هێناوە. ئێمە لە ناوچەی دالارنای باکووری سوید دەژین. بۆیە ناوی دالکوردمان بۆ ناوی یانەکەمان هەڵبژارد. واتا پێشگری دال لە ناوی دالارنا وەرگیراوە. بۆ ئەوەی یانەکەمان گوزارە لە ناسنامەی نەتەوەییمان بکات، وشەی کوردمان بۆ زیاد کرد. ئەمەش بۆ ئێمە، بەتایبەتیی بۆ گەنجەکانمان گرنگە بۆ ئەوەی ناوی نەتەوە و ناسنامەی خۆیان لە بیر نەچێتەوە.
ئێستا لە خوولی ژمارە یەکی سویددا یاری دەکەین
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنییەتی و مێژووی دامەزراندنی یانەی دالکورد و ئاست و پێگەی ئەو یانەیە لە کایەی وەرزشی سویددا، ڕەمەزان قزل دەڵێت: خۆم و چەند هاوڕێیەکم و هەندێک لە خەڵکانی گوندی خۆمان دەستمان دایە دەستی یەکدی و ساڵی 2004 ئەم یانەیەمان دامەزراند. ئەو دەمەی دەستمان دایە ئەم پڕۆژەیە، هەموومان ئارەزومەند و نەشارەزا بووین. ئێمە پێشتر لە گوندی خۆمان لە کوردستان یاریمان کردبوو و لەوە بترازێت هیچ کەسێک لە ئێمە شارەزای بواری تۆپی پێ نەبوو. بەڵام ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە ژمارەیەکی زۆر کچ و کوڕی کوردمان لە دەوری خۆمان کۆ کردووەتەوە و توانیومانە شتێک بئافرێنین. ئێستا ئێمە وەک دالکورد لە خوولی ژمارە یەکی سویددا یاری دەکەین. هەموو ساڵەکان بە سەرکەوتوویی لە خوولی سوید دێینە دەرێ و ئەمەش سەرنجی هەموو لایەکی ڕاکێشاوە. ئێستا دالکورد بەردەوام لە ڕۆژەڤی میدیای سویدیدایە و ئەمەش ئەنجامی هەوڵ و ڕەنجی لاوەکانمانە کە بە بیر و باوەڕێکی پتەوەوە یاری دەکەن. ئێمە بۆ یاری ڕوو لە هەر شارێکی سوید بکەین، لە یاریگەی ئەو شارە بە هەزاران ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێنەوە و هەموو هاندەران ڕەنگە نەتەوەیییەکان بەرز دەکەنەوە. لە سوید ئەگەر یانەیەک بیەوێت لە ڕۆژنامەیەکدا ڕێکلام بۆ خۆی بکات، پێویستە 10-100 هەزار یورۆ بدات، بەڵام جاری وا هەبووە گەورەترین ڕۆژنامەی سویدی 9 لاپەڕەی بۆ دالکورد تەرخان کردووە.
دالکورد بە لۆبیی کوردی دادەنرێت
ڕەمەزان قزل لە ڕووی خاکیبوونەوە هیچ ئاماژە بۆ ڕۆڵی خۆی ناکات لە دامەزراندن و سەرکەوتنەکانی یانەی دالکورددا و بەردەوام تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی یاریزانان کە لە کچان و کوڕانی کورد و سویدی و چەند نەتەوەیەکی دی پێک دێن. سەبارەت بە ڕۆڵی یانەی دالکورد لە ناساندنی پرسی کوردیدا، قزل دەڵێت: ئێستا دالکورد نەک تەنیا وەک یانەی تۆپی پێ، وەک لۆبیی کوردیش دەبیندرێت. هەڵوێست و بۆچوونەکانی دالکورد لە هەموو پرسە نەتەوەیییەکاندا دەبن بەهۆی ڕاکێشانی سەرنجی گشت لایەک. چاپەمەنیی سوید پرسیار لە لێپرسراوان و یاریزانانی یانەی دالکورد دەکەن و سیاسەتوانان و سەرانی پارتە سیاسییەکانی سوید پەیوەندییان پێوە دەکەن. تا ئێستا دەیان پەڕڵەمانتار و سەرانی پارتە سیاسییەکانی سوید سەردانی یانەی ئێمەیان کردووە. ئەمەش ئێمە خۆشحاڵ دەکات، چونکە دەبینین بەروبوومی ڕەنج و ماندبوونی خۆمان دەچنینەوە.
لەگەڵ گەورەبوونەوەی یانەکەماندا کێشەکانیش زیاد دەبن
تۆپی پێ لە جیهاندا بووە بە سەکتۆرێکی گەورە و جێیەکی تایبەتیی گرتووە. بۆ خۆ لەسەر پێ ڕاگرتن و سەرکەوتنیش پێویست بە توانای داراییی بەهێز دەکات. قزل سەبارەت بە باربووکردنی دالکورد دەڵێت: ئێمە تا ئێستا خۆمان باربووی دالکوردمان کردووە. یاریزان و کارمەندەکانمان خۆبەخشانە کار دەکەن و چەند دۆست و بنەماڵەیەکیش لە ڕووی دارایییەوە هاوکاریمان دەکەن. بەڵام کۆمەکبەخشەکان ئیدی هێزی ئەوەیان نەماوە ئەرکی داراییی دالکورد لە ئەستۆ بگرن و پێشی بخەن. دالکورد گەورە دەبێت و لەگەڵ گەورەبوونیشیدا کێشەکان زیاد دەبن. ئێستا ئێمە لە خوولی ژمارە یەکدا یاری دەکەین و گرفتی ئابووری دەمانخاتە تەنگانەوە. لەم قۆناغەدا هەرە زیاد کار لەسەر ئەم خاڵە دەکەین. دالکورد تا ئێستا لە سوید و هیچ لایەنێکی تری بیانی هاوکاری وەرنەگرتووە. تێچوونمان زۆرە، چونکە مامۆستا بەکرێ دەگرین و جلوبەرگ دەکڕین و لە هەمووشی گرنگتر، پاش ئەوەی گەیشتینە خوولی ژمارە یەک، ئێستا ناچارین یاریزانی زۆر باش و کارامەمان هەبێت. چوار ساڵ یاریزانەکانمان بێ پاداشت یارییان کرد، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەپێی یاساکانی سوید پاداشتیان دەدەینێ. یاریزانەکانمان پیشەیین و جگە لە تۆپی پێ، هیچ کارێکی تر ناکەن. ئەگەر بتوانین خۆمان بگەیەنینە خوولی نایاب (سوپەر یەک) ، ئەوا بۆمان هەیە ساڵی نیو ملیۆن دۆلار هاوکاری لە دەوڵەتی سوید وەربگرین، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ وەرناگرین.
80%ی یاریزانەکانمان کوردن
یانەی دالکورد ئەگەرچی بەناوی کوردەوەیە، بەڵام یاریزانانی سویدی و نەتەوەی تریشی تێدایە. ڕەمەزان قزل لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێستا نزیکەی 250 یاریزانمان هەیە و 80%ی ئەمانە کوردن. ئەوانی تریش سویدی، فەرەنسی، لوبنانی، سۆمالی، بۆسنایی، سربی و فەلەستینین. تیپێکی کچانمانیش هەیە کە زۆربەی ئەندامانی کوردن. لەم ماوەیەدا تیپێکی کچانی سویدیش کە تەمەنیان لەنێوان 18-25 ساڵاندایە، لە یانەکەی خۆیان کشانەوە و هاتنە یانەی ئێمەوە. هۆکاری پاڵنەریانیش ئەوە بوو کە دالکورد گرنگی زیاتر بە گەنجان دەدات. ئەو گەنجانە لای ئێمە وەرگێڕان و دەرگامانیش کراوەیە بۆ هەموو گەنجێکی خاوەن خوولیای تۆپی پێ.
مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین
سەرۆکی یانەی دالکورد ڕەمەزان قزل سەبارەت بە پرۆگرامی ماوەی داهاتووی یانەکەیان دەڵێت: ئەمساڵ ئامانج ئەوە بوو خۆمان بگەیەنینە خوولی نایابی سوید. بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ئەم ئامانجەمان نەپێکا. لێ ئێستا هەموو هەوڵ و تێکۆشۆانمان بۆ ئەوەیە لە ساڵی داهاتوودا بگەینە خوولی نایاب. ئامانجمان ئەوەیە بگەینە خوولەکانی ئەوروپا و بە ئاڵای کوردستانەوە لە یاریگە گەورەکانی ئەوروپادا یاری بکەین. هەروەها لە بەرنامەماندایە مانگی ئاداری داهاتوو بچینە باشووری کوردستان و لەوێ کەمپ بکەینەوە. دەمانەوێت لەوێ یانەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و یانەکانی تری کوردستان بناسین و یاری دۆستانەیان لەگەڵدا بکەین. یاریزانەکانمان لە ئێستاوە کەوتوونەتە بەر تەوژمی جۆش و خرۆشی سەردانی کوردستان و زۆر شادمانن. من دڵنیام ئەم سەردانەمان دەروازەی پەیوەندی باشمان بۆ دەکاتەوە و سوودی زۆرمان پێ دەگەیەنێت. لێرەوە سڵاوی خۆم ئاڕاستەی یاریزانانی تۆپی پێی یانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەرێمی کوردستان مایەی شانازییە بۆ ئێمە و هەموومان پێی سەربەرزین. ئێمە خۆمان وەک بەشێک لە بزاوتی وەرزشی کوردستانی دەبینین. وەک پێشتریش وتم، ئێمە هەمان کات لۆبیی کوردین و لە خزمەتی میللەتی خۆمان و کوردستانداین و چاوەڕێش دەکەین میللەت و لێپرسراوانی کوردستان پشتیووانیمان لێ بکەن.[1][2]