ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لە شاری سلێمانی ئامارێک لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق خرایەڕوو، بەپێی ئامارەکە، ژنانی ئاوارە لە پارێزگای بەغدا و دهۆک بە ڕێژەیەکی زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
ئەمڕۆ، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ئاسودە بە هاوکاری گروپێکی نێودەوڵەتی بۆ مافی کەمینەکان ڕاپۆرتی ساڵانەی چاودێری مافەکانی ژنان-ی لە عێراق بۆ ساڵی 2016 خستەڕوو.
ڕێبوار کەریم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی:"ئێمە ساڵانە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ڕاپۆرتی ساڵانە دەربارەی چاودێری مافەکانی ژنان ئامادەدەکەین لە ڕێگەی چەندین توێژەرمان لە پارێزگا جیا جیاکان".
ڕێبوار کەریم، وتیشی:"بە گوێرەی ئاماری ڕاپۆرتەکە لە پارێزگاکانی عێراق بەغدا زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تێداکراوە و توندوتیژیەکان لە جۆری دەستدرێژی سێکسی و ئیستغلالکردن بووە لەسەر کارەکانیان، وە لە هەرێمی کوردستانیش زۆرترین توندوتیژی لەگەڵ ژنانی ئاوارە کراوە لە پارێزگای دهۆک".
ڕێبوار کەریم ئاماری ڕاپۆرتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین تەوەر کاری لەسەر کرابوون وەک:
یەکەم: ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە شەش پارێزگای عێراق وەک لە بەغدا 43 حاڵەت و لە بەسرە 44 حاڵەت و لە هەولێر 42 حاڵەت و لە سلێمانی و هەڵەبجە 38 حاڵەت و لە کەرکووک 27 حاڵەت و لە دهۆک 32 حاڵەت هەبوون لە جۆری کوشتن و خۆکوشتن و خۆسوتاندن.
دووەم:دیاردەی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان و بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان، بەم شێوەیە بووە: لە بەغدا 74% لە دادگابووە و 26% لە دەرەوەی دادگا بووە، وە لە پارێزگای بەسرە 83% لە دادگا و 17% لە دەرەوەی دادگا بووە، هەروەها لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش سەرەرای قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام بۆ هاوسەرگیری دووەمجار یان زیاتر، بەشێک لە خەڵک ڕوو لە دادگاکانی کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین دەکەن، بۆیە ئاماری تەواو نیە.
سێهەم: ڕێژەی ئەو ژن و کچانەی کە ڕووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە، وەک: لە سلێمانی و هەڵەبجە 44% کچ بوون 56% ژن بوون.
چوارەم: ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان بە پێی شوێنی پارێزگاکان، بەم شێوەیە بووە: لە سلێمانی و هەڵەبجە 31% لە سەنتەری پارێزگا بووە و 69% لە دەرەوەی پارێزگا بووە.
پێنجەم:ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنانی ئاوارە و پەنابەر، بەم شێوەیە بووە: لە سلێمانی و هەڵەبجە 37% و لە دهۆک 62% و لە کەرکووک 55% و هەولێر 59% و بەسرە 43% و بەغدا 63% بووە.
07-02-2017