قایمقامییەتی قەزای مەرکەزی #هەولێر# سەرجەم ئەو تابلۆیانەی لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاکە لابرد کە لەلایەن کەسانی سەر بەهێزە ئیسلامییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی شارەوانی و بە نایاسایی دانرابون.
ماوەی زیاتر لەساڵێکە ناو بەناو کەسانی سەر بەهێزە ئیسلامییەکان لەسەر ڕێگە سەرەکییەکانی دەرەوەی شارەکان چەندین تابلۆی ئاینی دەچەسپێنن یاخود بەستونی کارەباوە هەڵیاندەواسن، بەڵام ڕوبەڕوی ڕەخنەو ناڕەزاییەکی زۆر بونەتەوە.
لەسەر ڕێگەی سەرەکی هەولێر-پردێ کۆمەڵێک کادرو لایەنگری هێزە ئیسلامییەکان دور لەڕێوشوێنە یاساییەکان، ژمارەیەک تابلۆیان هەڵواسی کەسەرجەمیان ئاینی بون و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوەو ئەو دیاردەیە بە ناشارستانی و تێکدانی سیمای شارو وڵات وەسفکرا، بەڵام قایمقامی قەزای مەرکەزی هەولێر دڵنیایی دەدات کە بەوردی بەدواداچونی بۆ دەکرێت و ڕێگە لەهەر دیاردەیەک دەگیرێت کەبەدەر بێت لەڕێنوێنییەکان.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای مەرکەزی هەولێر ڕایگەیاند، بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەو بابەتە کردوەو دواتر لەڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە سەرجەم ئەو تابلۆ نایاساییانەی لەسەر ڕێگەی سەرەکی هەولێر-پردێ کۆکرانەوە، چونکە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت سەربەخۆ و بەدور لەرێنوێنی تابلۆ هەڵبواسرێت.