ناوی تەواوی (عوسمان عەبدوڵڵا قادر عەبدوڵڵا ڕەسوڵ)ە، ساڵی 1954 لە #ئیلنجاغی گەورە# هاتۆتە ژیانەوە، نەوەی کوڕەبۆری ئیلنجاغی گەورەیە، بەڵام ناسراوە بە(عوسمان بانیمارانی)، چونکە ساڵی(1982)کە لەهەرێمی(8ی #دەشتی هەولێر)#ی #حزبی سۆسیالیستی کوردستان# چەکی پێشمەرگایەتی کردۆتە شان ئەو کاتە گوندی ئیلنجاغی گەورە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە چۆلکرابوو، ناوچەکە(مەحزور ئیداری)بوو، بۆیە لە گوندی بانی مارانی ناحیەی شۆڕش(#دێگەڵە#)نیشتەجێ دەبێت، لەپێشمەرگایەتیش لەکاتی ئێشکگری(4)پێشمەرگە ناویان(عوسمان)بووەو بەیەکەوە بوون، هەر(عوسمان)ەی نازناوێکی هەبووە وەک:
1-شەهید عوسمان میرەکانی
2-عوسمان کانی سلێمانەیی
3-عوسمان سەرسۆر
4-عوسمان حاجی عەبدوڵلا، لەبەر ئەوەی ماڵی لەگوندی(بانی ماران) بووە، برادەران لەخۆیانەوە نازناوی(بانی مارانی) دەدەنە پاڵ بەتایبەت لەکاتی ئێشکگری شەوانە، دواتریش بەهۆی هەڵکەوتنیەوە ناوەکە تادەهات زیاتر ناسراوتر دەبوو، بۆیە بەو شێوەیە نازناوی بانیمارانی لکاوە بەناوەکەیەوە و بووە بە(عوسمان بانی مارانی).
ساڵی(1980)لەڕێگەی شەهید(سەلاح سەید محەمەد ئیلنجاغی بەبنەچە خەڵکی ئیلنجاغی ناحیەی قوشتەپە بوو، کادرێکی سیاسی و سەربازی سۆسیالیست بوو)ڕێکدەخرێت لەڕێکخستنەکانی(حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، لەسەرەتای ساڵی(1982)لەهەرێمی(8ی دەشتی هەولێر)ی حزبی سۆسیالیست چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان، هەرچەندە برادەرانی #یەکێتی نیشتمانی کوردستان# لەوسەروبەندەدا پڕوپاگەندەیان دەکرد کە(عوسمان)لەبەر پۆست بووە بە(سۆسیالیست)، بەڵام لەڕیزەکانی حزبی سۆسیالیست سەرەتا هەر بە(پێشمەرگە)وەرگیراوە، بۆ وەڵامی ئەمە عوسمان بانیمارانی بۆی باسکردم وتی: (لەسەر بنەمای هێزی سێیەم ودژە دووجەمسەری مەلایی و جەلالی بوومە سۆسیالیست).
لەیەکەم شەڕی پێشمەرگایەتی لەمانگی(کانونی دووەمی 1982)مەفرەزەکەیان دەکەوێتە ناو بۆسەی دوژمنەوە لەنێوان(گردەسۆر وقەشقە)توانیویانە قارەمانانە دەستبکەنەوەو بۆسەکە بشکێنن وتانزیکەی ڕۆژئاوابوون شەڕ بکەن وبەرەی دوژمن زیانی گیانیشیان بەرکەوتووە، لەپایزی 1982لەگوندی(بەردەسپی) کەناری بەستی شەرغە، دوژمن پەلاماری(2)مەفرەزەی هەرێمی 8ی دەشتی هەولێری کەرتی(محەمەد عەبدوڵلا قەشقەیی ونەوزاد بێستانەیی)دەدات، عوسمان بانیمارانی لە(نێرەگین)ەوە و(مام غەفور) لە(سێکانی)یەوە بۆ پشتگیری پێشمەرگەکان دەگەنە لایان، هەرچەندە پێشمەرگەکان شەهیدیان داوە، بەڵام ورەیان بەرزدەبێتەوە بەگەیشتنی(عوسمان بانی مارانی و مام غەفور) دوژمن بەفڕۆکەوجەیشەوە دەشکێت، ئەم شەڕەش لەمێژوودا بەداستانی(بەردەسپی)ناسراوە، عوسمان بانیمارانی لەو بەهاناوە چوونەوە زیاتر ئازایەتی وقارەمانێتی دەردەکەوێت و لەکۆتایی ساڵی(1982)دەبێتە(فەرماندەی مەفرەزە)لەهەرێمی 8ی دەشتی هەولێروچەندین چالاکی نهێنی و پێشمەرگایەتی لەناو شاری هەولێر ئەنجامداوە لە لێدانی جاش وبەعسیەکاندا، دوای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەنێوان ساڵانی(1983-1984)توانی بەسەر زۆرێک لەناوچەکاندا زاڵ بێت و بەسەرپەرشتی(نەوشیروان مستەفا)یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە(قرناقاوپشت ئاشان)دەستی بەسەر سەرکردایەتی(سۆسیالیست)داگرت، بۆیە بانیمارانی بەنهێنی ماوەیەک لە هەولێرو#کۆیە# ماوەتەوە، تاشەڕی بەرەی(جوت)وشەهید بوونی کادیری سیاسی وسەربازی سۆسیالیست(شەهید سەلاح سەید محەمەد ئیلنجاغی)لە(گۆدۆ و حاجی ئۆمەران وبناری قەندیل)ەوە، بانیمارانی لەشەڕی(کونەکۆتر)کە بەرەی جوت (#پارتی دیموکراتی کوردستان# و حزبی سۆسیالیستی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق)بەتەواوی دەشکێت ناچار دەچێتە وڵاتی(ئێران)لەساڵی1983، لەساڵی 1984دەگەڕێتەوە کوردستان لەو سەروبەندە لەناو سۆسیالیست دوو تەوژمی سیاسی بەدەرکەوت:
یەکەم: ئاڕاستەی شۆڕشگێڕی(اتجاە الپوری)ئەم تەوژمە گلەیی ئەوەیان دەکرد کەنابێت سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست بەرەو وڵاتی ئێران بڕوات.
دووەم: خەتی گشتی سۆسیالیست.
ئەم دوو تەوژمەش باڵ دەکێشێت بۆ دوو لەتبوونی حزبی سۆسیالیست لەساڵی 1985هەندێک کادیری حزب و (#قادر عەزیز#) ئەندامی مەکتەبی سیاسی جیابوونەوە و دواتر بوونە حزبی(#زەحمەتکێشانی کوردستان#) کە ئەمانە تەوژمی(ئاڕاستەی شۆڕشگێڕی)بوون، بانیمارانی لەگەڵ ئەم تەوژمە دەبێت، بەڵام وەک بانیمارانی باسی دەکات: هەرسێ لایەنی(یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران)یش دژایەتیان دەکردین، پاشماوەیەک سوپای پاسداران(قادر عەزیز)یان دەستگیرکرد، بۆ ماوەیەک چوینە ژێر دەسەڵاتی ناوچەی(پارتی دیموکراتی کوردستان) لە بادینان، پارتیش دەکەوێتە لێدان و ڕاوەدوونانیان، هەموو لایەنە سیاسیەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان لەسەر ئەو گروپە جیابۆوەی حزبی سۆسیالیست دەردەکرد، بەتایبەتی بەیاننامەی کەسی(شخصی) لەسەر(عوسمانی بانیمارانی و دکتۆر ڕەشید وزرار جۆڵا)گوایە ئەوانە بکوژی(شەهید قادر مستەفا)ن.
پاش ماوەیەک بانیمارانی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانن گۆڕانکاری بکەن بەو پێکهاتەی(ئاڕاستەی شۆڕشگێڕی) چونکە زۆر دابڕاو بوون ولەڕووی سەرکردایەتیشەوە تەواوکاری(موتەکامیل)نەبوون، بۆیە بانیمارانی لەساڵی(1987) بڕیار دەدات پەیوەندی بە(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە بکات، لەکەرتی(6)ی تیپی 86ی دەشتی هەولێر لەلای فەرماندەی کەرت شەهید(فواد گۆمەشینی)دەبێتە پێشمەرگە، پاش ماوەیەک دەبێتە جێگری ئەو کەرتە، دوای(داستانی ڕزگاری و کیمیابارانکردنی گۆپتەپەو عەسکەری قەڵاسێوکە)بانیمارانی لەمانگی(5)ی 1987دەگوازرێتەوە بۆ تیپی 85ی بەڕانەتی و دەکرێتە فەرماندەی کەرتی(2)ی هەمان تیپ، بەشداری گرتنی شارۆچکەکانی(تەقتەق و دێگەڵەوسەری ڕەش و میشراق)دەکات و ڕۆڵی جوامێرانەی بینیووە، ساڵی 1988دوای ئەنفالەکان و لەگەڵ بڕیاردان بۆ دروستکردنی یەکەی پارتیزانی بەشێکی دیاری کەرت و مەفرەزەکانی هەردوو تیپی(91ی سەفین و85ی بەڕانەتی)گەڕانەوە ناوجەرگەی کوردستان و ئەوەی لە هەردوو تیپ مایەوە عوسمان بانی مارانی بووە سەرتیپیان لەشەڕی کونەکۆتر لە30-8-1988لەبناری قەندیل.
بانیمارانی لە(15-5-1990)لەیەکەی ژمارە(24)ی مەیدان لەسەربازگەی(تاجی) لەشاری بەغداد دەبێتە سەرباز بۆماوەی زیاتر لە(2)مانگ، لەگەڵ گرتنی وڵاتی(کوەیت)لەلایەن سوپای عێراقەوە لە(2-8-1990)جموجۆلی هێزی پێشمەرگەو شۆڕش دەست پێدەکاتەوەو لەلایەن شەهید(ڕێباز)ەوە فەرماندەی ڕەتڵی هەولێری پارتیزانەکانەوە نامەیەک بە بانیمارانی دەگات، جارێکیش لەگەڵ(#حاجی مەسیفی#) بەیەکەوە لەوبارەیەوە بۆ خۆئامادەکردن گفتوگۆدەکەن و دەست دەکەن بە ڕێکخستی چەکدارەکانی حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی(شانە چەکدارەکانی بروسک)سەرپەرشتیارانی ئەوێ ڕۆژێ(شێخ تارق وحاجی مەسیفی و مەلا محەمەدی بەحرکەیی)بوون، لە(11-3-1991)لە(باداوە)ی شاری هەولێرەوە بانیمارانی لەگەڵ(ئەنوەر نادر خدر- مام ئەنوەر)بەرەو ماڵی مستەشار(ئەسعەد ئاغای هەرکی)دەچن، ئەوانیش شەڕی(جەماوەروپێشمەرگە)ناکەن ولەکۆگای ماڵەکەیان چەکیان دەست دەکەوێت وبەرەو دەزگای(ئەمن وڕێکخراوی حزبی بەعسی سەیداوە)وقایمقامیەتی مەرکەزی هەولێر هەڵمەت دەبەن و بارەگایەک بۆ خەڵکی ڕاپەڕیووی کوردستان لە(سەیداوە)دەکەنەوە، دواتریش دەچنە ماڵی(عزەت دووری) دوو سریەی سەربازی هیچ بەرگریەک ناکەن وخۆیان تەسلیم دەکەن وبانیمارانی دەستی بەسەردادەگرێت و ناهێڵێت تاڵان بکرێت و دواتر بووە(سکرتاریەتی هەڤاڵ #مام جەلال#)سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەهەولێر.
لەدوای ڕاپەرینەوە بانیمارانی لە چەند وێستگەیەکی سەربازی و سیاسی کاری پێ سپێردراوە وەک:
1-فەرماندەی(هێز)بووە لەبەتالیۆنی(بەڕانەتی)شەهید ڕێباز فەرماندەی بەتالیۆنەکەی بووەلەساڵی 1991.
2-لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی وحکومەتی عێراق لەساڵی 1991 هێزەکەی بەتالیۆنی بەڕانەتی دێنە ناو شاری هەولێرو بانیمارانی دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنەکە و(#بورهان سەعید سۆفی#)یش دەکرێتە سەرپەرشتیاری(لیژنەی تەنسیق).
3-لەساڵی 1992لە(سوپای یەکگرتووی کوردستان) دەکرێتە فەرماندەی فەوج لە لیوای 31ی هەولێر.
4-لەساڵی 1994بەهۆی(براکوژی)یەوە سوپای یەکگرتووی کوردستان جیابوونەوە لەیەکتری و بانیمارانی کراوە بەفەرماندەی(لەشکری قەرەچوغ)و سەرپەرشتیاری(میحوەری ڕۆژئاوای هەولێر)ی پێ سپێردراوە تاوەکو 31-8-1996.
5-ساڵی 1997 دەبێتە فەرماندەی(فەرماندەیی 5ی دووکان)وسەرپەرشتیاری(میحوەری سماقولی)
6-ساڵی 1998دەبێتە فەرماندەی(فەرماندەیی سکرتارییەتی هەڤاڵ مام جەلال).
7-ساڵی 1998-1999دەبێتە فەرماندەی(فەرماندەیی 15ی قەرەچوغ).
وێستگە سیاسیەکانی:
1-لەکۆنگرەی(2)ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری سلێمانی بەکۆکردنەوەی(522)دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بووە(ئەندامی سەرکردایەتی) یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
2-دوای کۆنگرە دەکرێتەلێپرسراوی(#مەڵبەندی سۆران#)بەڵام(پارتی دیموکراتی کوردستان)لەهەڵسوکەوتە بێباکەکانی نیگەران دەبێ، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەچوارچێوەی(ڕێکەوتنامەی ستراتیژی)نێوانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بانیمارانی لەو پۆستە لادەدات.
3- لەساڵی(2005) لە خولی گواستنەوەی #پەرلەمانی کوردستان# دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و(سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز)بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەباتی شاخ وشاری، خەباتی مەدەنی دەست پێدەکات ولەسەر پڕۆژەیاسای(نەوت وگاز)ی هەرێمی کوردستان لەو پۆستەشی لادەدەن، چونکە نایەوێت یاساکە تێپەڕێت، ئەو هەڵوێستەی بانیمارانی زیاتر دەیناسێنێت، چونکە پێشتر وەک فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەناسرا بەڵام لێرەدا وەک هەڵوێستێکی سیاسی ومەدەنی بانیمارانی هاتە ناساندن، چونکە بیروڕای ئەوەبوو پێویستە یاساکە وردتر دابڕێژرێت و خەڵکی پسپۆڕو ئەکادیمی بیخوێنێتەوە تا هەڵەو کەموکورتیەکانی نەهێڵرێت ئینجا دەنگی لەسەر بدرێت.
4-ساڵی(2006)لەباڵی(ریفۆرم)ی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاردەکات، و دەبێتە ئەندامی لیژنەی دانوستانەکانیش لەباڵی ڕیفۆرم، پاش ئەوەی(جەلال تاڵەبانی)سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە(سەرۆک کۆمار)ی عێراق، ئیتر ئەو باڵە زەقتردەرکەوتن، تادواکۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە(3-12-2008)هەردوو باڵ، باڵی(ریفۆرم)لەکادیرانی ناوەوەی هەرێمی کوردستان و ناو یەکێتی پێکهاتبوون وباڵی(ڕەگ)یش کۆمەڵێک کادیرانی یەکێتی دەرەوەی هەرێم بوون، بەیاننامەیەکیان دەرکرد، کەتێیدا باڵی(ریفۆرم)لەنێو(#بزوتنەوەی گۆڕان#) توێنرایەوە،بانیمارانی بووە هەڵسوڕاوێکی دیاری ئەو بزوتنەوەیە بەتایبەت لەهەولێروکۆیە.
5-بانیمارانی لە هەڵبژاردنەکانی(25-7-2009)ی پەرلەمانی کوردستان گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە سنوری پارێزگای هەولێرو بەتایبەتی شاری(کۆیە)کە ئۆرگانەکانی مەڵبەندی 14ی ڕێکخستنی کۆیەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەواوەتی کەوتنە ژێرکاریگەری بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشارەکەی(حاجی و هەڤاڵ مام جەلال)لەهەڵبژاردن سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا.
6-بانیمارانی لە وێستگەیەکیتری خەبات لە هەڵبژاردنەکانی 2013ی پەرلەمانی کوردستان گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)بەمەش دڵخۆشی خستەوە نێو ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەرێم و مایەی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
7- دواجار بانیمارانی ئێستا ئەندامی خانەنشینی پەرلەمانی کوردستانە.
ئەگەرچی وێستگەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی وسیاسی ومەدەنی بانیمارانی سەنگەرگواستنەوەوئەوبەروئەمبەری تێکەوتووە، هەر لە(حزبی سۆسیالیستی کوردستان وباڵی ئاڕاستەی شۆڕشگێڕی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ویەکێتی نیشتمانی کوردستان وباڵی ڕیفۆرم و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)بەڵام هەردەم لەبەرەی میللەت و گەڵدا بووە، ڕۆژێک لەڕۆژان لەبەرەی دوژمن نەبووە، ئاڵۆزی وبراکوژی و ناتەبایی و ناکۆکی و بیروڕاجیاوازی لەنێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وململانێ ناڕەواکان چۆک وملی بە عوسمان بانیمارانی دانەداوەو هەردەم دۆست و دوژمن حسابیان بۆکردووە.