شوێنەوارە مێژووییەکانى کفری مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و حکومەت نۆژەنیان ناکاتەوە
16/01/2023
بەهۆی ئەو چەند شەپولە باران بارینەی ماوەى ڕابردوو بەشێک لەخانووی هاووڵاتیان و شوێنەوارە مێژوییەکانی کفری مەترسی ڕووخانیان زیاتر بووە و هاووڵاتیەک دەڵێت: ترسم هەیە خانووەکەم بڕوخێت بەسەر خۆم و منداڵەکانمدا، بەرپرسی شوێنەواری کفریش ئاماژە بەوە دەکات، ناتوانین شوێنەوارە مێژوییەکان بپارێزین.
لەدێر زەمانەوە لەشارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەک شوێنەواری مێژووی وەک قەیسەری کفری و ماڵی مەجید پاشای بابان و ماڵی جووەکان و چەندین و چەندان شوێنەوار و خانوو هەن و مێژوویەکی کۆنیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کۆنی و خراپبوونیانەوە خەریکە لەناو دەچن.
بەشێک لەو میوانانەی دێنە گەرمیان و سەردانی کفری دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر بچیتە کفری و شوێنەوارە مێژووی و کەلەپورییەکان نەبینیت وەک ئەوەیە وایە نەڕۆیشتبێتی، بەداخەوە ئێستا، کە دەچێتە ئەو شوێنانە لەجیاتی ئەوەی دڵخۆش بیت، بێتاقەت و دڵتەنگ دەبیت کاتێک دەبینیت شوێنەوارەکانی ئەو شارە بەرەو وێران بوون دەروات.
عەبود محەمەد، هاووڵاتیەکی ئاوارەی دانیشتووی شارۆچکەی کفریە و لەنێو یەکێک لەخانووە مێژووییەکانی نزیک بازاری قەیسەری نیشتەجێیە، بۆ ڕۆژنیوز وتی، ماوەى 14 ساڵە لەنێو یەکێک لەخانووە کەلەپورییەکانی شارۆچکەی کفری دەژیم و خانووەکانمان ڕووخاوە بەهۆی باران بارین و بومەلەرزەوە، ژیانمان زۆر ناخۆشە و لەمەترسیدا دەژیین و بەشێکى خانووەکەمان بەهۆی کۆنیەوە ماوەی ساڵێکە ڕووخاوە و ناتوانین تێیدا دابنشین و مەترسی زۆری درووست کردووە.
هاووڵاتیەکی دیکەی دانیشتووی ئەو خانووانە، بەناوی حسێن عەبدوڵڵا، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی، ئەم شوێنە کۆنانە، کە ئێمە تێدا دەژیین زۆر کۆنە و مەترسی لەسەر منداڵەکانمان درووست کردووە، تەنانەت شەقامەکەش توانای هەڵگرتنی نەماوە ئەترسین ڕۆژێک بڕوخێت بە سەر منداڵەکانماندا.
وتیشی، لەکاتی باران باریندا ئاو دێتە خوارەوە بۆ ناوخانووەکانمان و بۆنی بۆ ماوەیەک دەمێنیت، بەناچاری ئیزوگاممان لێداوە، بەڵام هەر بێ سوودە، بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەین ئاوڕ لەم خانووانە بدەنەوە.
محەمەد شەریف، هاووڵاتیەکی دانیشتووی شارۆچکەی کفرییە و بۆ ڕۆژنیوز وتی، کفری بەهۆی ئەم خانوو و ماڵە کۆن و کەلەپورییانەوە ناسراوە، بەداخەوە خەریکە ئەو خانووانە لەناو دەچن، چونکە ئاوڕییان لێنادرێتەوە و خزمەت ناکرێن بۆیە مەترسی ڕووخان لەسەریان درووست بووە بەتایبەت دوای ئەو شەپولە باران بارینانەی ئەمساڵ.
وتیشی، لە چەند شەوی ڕابردوودا، ژمارەیەک خانوو بەشێکیان کەوتە خوارەوە و کەڵکی ئەوەی تێدا نەماوە ژیانی تێدا بکەی و ئەوانەشی تیدا دەژیین مەترسی لەسەر ژیانیان درووست بووە، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمە لەوە زیاتر کەم تەرخەمی نەکات لە پشتگۆێێ خستنی کاری نۆژەنکردنەوەی ئەو خانوو و ماڵانەی لەشارۆچکەکە هەن.
لەبەرانبەردا عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، لەسەر مەترسی ڕووخانی خانوو و شوێنەوارەکان، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: لە شاری کفری چەندین شوێنەوارمان هەیە و زۆرینەی داڕووخاوە، ناتوانین کاری نۆژەنکردنەوەی و پاراستنی بۆبکەین، ئەگەر قەیسەری کفری وەربگرین بەنموونە، بەهۆی باران بارینەوە لە 85٪ ى داڕوخاوە، ئەوەشی ماوە خەریکە بەرەو ڕوخان دەچێت، ماڵی مەجید پاشای بابانیش بەهەمان شێوە خەریکە دادەڕوخێت.
وتیشی، زیاتر لە پەنجا شوێنەواری مێژووی و ژمارەیەکی زۆری خانوووی کەلەپوری هەبوون، بەڵام بەهۆی کۆنیەوە بەشێکیان ڕووخاون و ئەو بەشەی ماوە مەترسی ڕووخانی زۆری لەسەرە و باران بارین کاریگەریی زۆری لەسەر کردووە، ئەگەر بێت و فریای نەکەوین هەموویان لەناودەچن.
باسی لەوەشکرد، خانووەکان بەهۆی مێژووی کۆنیان مەترسیان زۆر لەسەرە، بەداخەوە حکومەت کاری پاراستنیان بۆ ناکات و نووسراومان بۆسەرووی خۆمان کردووە بۆ ئەو خانووانەی ماون و بەشێکیان ڕووخان تا بکرێتە موڵکی حکومەت و کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ بکرێت و لەمەترسی لەناو چوون ڕزگاریان بێت.
[1]