کەنەکە لە جەژندا داوای هەڵوێست وەرگرتن دژی داگیرکاریی دەکات
#28-06-2023#
بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەدا جارێکی دیکەش بەهۆی داگیرکەرانەوە گەلی کورد لە دۆخێکی نالەباردا جەژن دەکات، بۆیە پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە دژی هێرشی داگیرکەران هەڵوێست وەربگرن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەکەنە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، لە پەیامەکەیدا جەژنە پیرۆزەی ئاڕاستەی زیندانیان، شەڕڤانانی ئازادیی، گەلی کورد و تەواوی مسوڵمانانی جیهان کرد.
کەنەکە هەر لەو پەیامەدا نیگەرانی خۆی دەربڕی، لەوەی کە لەم جەژنەشدا گەلی کورد لە بارودۆخێکی ناهەمواردایە هێرش و داگیرکارییەکانی دوژمنانی کورد بۆ سەر ماف و خاکی کوردان بەردەوامیی هەیە.
لە پەیامەکەی کەنەکەدا هاتووە، جارێکی تر کوردان جەژن لە ڕەوشێکی دژوار و ئاڵۆزدا دەکەن، لە تەواوی کوردستان هێرشی لەناوبردنی گەلی کورد بەردەوامە، مرۆڤی ئێمە دەکوژرێن و ژینگەی ئێمە وێران دەکرێت، هەتا دێ هەڕەشە و داگیرکاریی لەسەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە، زیاتر لە هەشت مانگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕینێک لەژێر درووشمی ” ژن، ژیان، ئازادیی” بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە.
لە پەیامەکەی کەنەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوشارەکانی ڕژێم لەسەر خەڵک لە زیادبووندایە و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە، لە باشووریش کێشە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن، کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان چارەسەر نەبوون و هێرشی دەوڵەتی تورکیشی هاتووەتە سەر، لە هەمانکاتدا هێرش بۆسەر ڕۆژاوای کوردستانیش هەر درێژەی هەیە.
لە ڕێی پەیامەکەشەوە بانگهێشتێکی ئاڕاستەی هێزە کوردییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە دژی ئەو هێرشانە هەڵوێست وەربگرن، بەو بۆنەیەوە بانگ لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەن لە دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە ڕاوەستن، دەنگی ناڕەزایەتی بڵند بکەن و شان بەشانی هێزەکانی پاراستنی کوردستان لەتێکۆشاندا بن.
لە کۆتایی پەیامەکەی کەنەکەدا ئەوە هاتبوو کە سەرەڕای ئەم هەلومەرجەش، ئێمە لەوبڕوایەداین کە گەلەکەمان لە دەمێکی نزیکدا بەخۆشی و ئاشتی جەژن بکەن، جەژن و شادی لەسەر خاکی ئازادیی خۆیان بکەن، بەو بۆنەیەوە ئێمە جەژنی قوربان سەرەتا لە زیندانیان و شەرڤانانی ئازادیی و هەموو گەلی کوردستان و تەواوی موسڵمانانی دنیا پیرۆز دەکەین.[1]