ناونیشانی بابەت: وێنەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئەمریکا نماییش دەکرێت
ئامادەکردنی: ئاریان تەحسین
بەشێک لە کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی فوتۆگرافەری کورد یونس مەحەمەد لە ئەمریکا نماییش دەکرێت.
لەبارەیەوە یونس مەحەمەد، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: لەم ڕۆژانە تۆڕێکی پێشانگەی تایبەتی وێنەییم دەبێت لە وڵاتی ئەمریکا بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری هاوڕێیانم لە ڕێکخراوی ڕۆحی ئەمریکا و نوێنەرایەتی #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.
ئەم هونەرمەندە کوردە ڕاشیگەیاندووە لە وێنەکانی ئەم پێشانگایە لە سێ بەشی جیاواز پێکدێت:
بەشی یەکەم، باسی شەڕی داعش و بەرگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قوربانیدانیان دەکات لەپێناو خاکی پیرۆزی کوردستان دەکات.
بەشی دووەم، باسی ژیان و ناساندنی کورد و کوردستان دەکات.
بەشی سێیەم، باسی ژیان و بارودۆخی پێشمەرگە بریندارەکانی شەری دژ بە داعش دەکات.
سەبارەت بە شوێنەکانی نمایشکردنی کارە هونەرییەکانیشی یونس ئەوەی خستووەتە ڕوو: یەکەم پێشانگەم لە شاری نەشڤیل دەبێت کە ناسراوە بە کوردستانی بچووک و نیشتمانییەکی زۆری کورد نیشتەجێی ئەم شارەن و مایەی شانازییە کارەکانم لە نزیکەوە دەکەوێتە بەرچاویان، دووم پێشانگەم لە کۆنگرێسی ئەمریکا و لە شاری واشنتۆن دەبێت و زۆر خۆشحاڵم بەوەی بۆ جاری دووەم وێنەکانم لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا و بۆ کەسانی تایبەت پیشان دەدرێت و هەروەها سێیەم پێشانگەشم هەر لە شاری واشنتۆن و لە باڵەخانەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کە هەڵبەت چەندین جاری تریش وێنەکانم لەوێ پیشاندراوە و مایەی شانازییە.
ڕاشیگەیاند: دیسانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەپێناو ڕێکخستنی ئەم پێشانگایانە ماندووبوون و هاوکارییان کردووم، هیوادارم ئەم کارە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەک بە تایبەت پێشمەرگە بریندارەکانی شەرڕی دژ بە داعش بێت کە مایەی سەربەرزی هەموو کوردستانن.[1]