نامەیەکی بڵاونەکراوەی #سەعید قەزاز# بۆ #ڕەفیق حیلمی#
ئامادەکردنی: کاوە ئەمین.
یەکێک لەو کەسایەتییە کوردانەی کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە قسەی لەسەر کراوە، سەعید قەزازە، ئەو پیاوەی کە چەندین پۆستی ئیداری جیاواز و گرنگی لەنێو حکومەتی ئێراقدا وەرگرتووە، بەگوێرەی پلە و پۆستەکانی بێت، کە لە دوای ساڵی 1946 تاوەکوو کاتی لەسێدارەدانەکەی وەریگرتووە، خزمەتێکی زۆری بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێراق کردووە.
ئەو سیاسییەکی ژێهاتی و دنیادیدە بووە، وەکوو باسدەکرێت ویستوویەتی ئێراق بەرەو وڵاتێکی خۆشگوزەران لە نموونەی وڵاتانی دیکە بەرێت. یەکێک لەو هەڵوێستە نیشتمانییانەی بەرانبەر کورد و خاکی کوردستان دەریبڕیوە ئەوەیە، کە چەندین جار ویستوویەتی بەشێوازی جۆراوجۆر ڕێگە لە بەعەرەبکردنی کەرکووک بگرێت. لە چەند بەرنامەیەکی پەنجەمۆردا لە میوانەکانم بیستووە کە سەعید قەزاز ویستوویەتی عەشایەری کورد لە (حەویجە) نیشتەجێ ببن، بۆ ئەو مەبەستە داوای لە بەگزادەکانی جاف و سەرۆک خێڵە کوردەکان کردووە کە ژمارەیەک خێزانی کورد بنێرنە حەویجە و تێیدا نیشتەجێ ببن، بەڵام بە قسەیان نەکردووە، هەر بۆیە کاربەدەستە عەرەبەکانی ناو حکومەتی ئێراق هەلەکەیان لەدەست نەداوە و هانی سەرۆک خێڵە عەرەبەکانیان داوە و بەقسەشیان کردوون، لە سەرەتادا لە دەوروبەری کەرکووک و پاشان ناو کەرکووک نیشتەجێیان کردوون.
لەم نامەیەدا کە ڕەنگە تەنیا نموونەی دەستخەتی سەعید قەزاز بێت لەبەردەستدا بێت و بۆ مامۆستا ڕەفیق حیلمی نووسیوە و ئەوکاتە سەعید قەزاز وەزیر بووە، بەڵام زۆر بەڕێزەوە لەگەڵ مامۆستا ڕەفیق حیلمی دەدوێت، کە پێدەچێت لە وەڵامی نامەیەکی ڕەفیق حیلمیدا بێت کە گلەیی لە سەعید قەزاز کردووە و داوای لێکردووە بگوزارێتەوە بۆ بەغدا نەک عەمارە. لە نامەکەدا دەیەوێت دڵنەوایی مامۆستا ڕەفیق حیلمی بداتەوە بەوەی کە عەمارە شارێکی خۆشە و بەراورد بە شارەکانی دیکەی ئێراق هەرزانترە.
هەروەها نامەکە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە سەعید قەزاز و ڕەفیق حیلمی پەیوەندی خێزانییان هەبووە و تێکەڵاو بوون. من لە کچەکەی مامۆستا ڕەفیق حیلمیم بیستووە کە لە کاتی دادگایی سەعید قەزاز داوایان لە مامۆستا ڕەفیق حیلمی کردووە لە دژی سەعید قەزاز شایەتی بدات، بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، بەڵکوو ئامادەی دانیشتنی دادگاش نەبووە.
بەسەرهاتێکی خۆشی سەعید قەزاز و ئوستاد بەشیر موشیر هەیە کە مامۆستا جەمال نەبەز دەیگێڕێتەوە:”سەعید قەزاز تەنیا شۆفێرەکەی لەگەڵ دەبێت و سەردانی دووکانەکەی بەشیر موشیر دەکات، لەگەڵ ئەوەی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی ئێراق هێندەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتی هەبووە، ڕوو لە بەشیر موشیر دەکات و دەڵێت: ئەوە چییە وەستا بەشیر، ئەو شتە قۆڕانە دەنووسیت و جنێو بە حکومەت دەدەیت، کێ ئەو شتانەت بۆ دەنووسێت؟ کە بەشیر موشیر گوێی لە وشەی وەستا بەشیر و کێ بۆت دەنووسێت دەبێت، زۆر تووڕە دەبێت و ڕوو لە سەعید قەزاز دەکات: کێ بۆ ئەمین (من) دەنووسێت، ئەمین قەڵەمم بەقوەتە و خۆم دەینووسم! سەعید قەزاز بەلایەوە سەیر دەبێت و دەڵێت: باشە ئەمین قەلەمم بە قوەتە، بۆ دژی حکومەت دەنووسیت، حکومەت چی لە تۆ کردووە؟ بەشیر موشیر لە وەڵامدا دەڵێت: ئاخر سەعید بەگ، ئەگەر حکومەت خۆی گەواد نەبێت من بۆ دژی دەنووسم، ئەی بۆ دژی تۆ هیچ نانووسم؟ ئیتر سەعید بەگ لەوێوە بەشیر موشیر دەناسێت و پێی دەڵێت: بنووسە چی دەنووسیت بەدژی حکومەت بنووسە، بەڵام توخوا لە دژی من مەنووسە”.
وەکو مامۆستا جەمال نەبەزیش دەڵێت: ئەو وەڵامەی سەعید قەزاز بۆ ئوستاد بەشیر موشیر، نیشانەی خانەدانی و تێگەیشتوویی ئەو پیاوە بووە.
من لەو باوەڕەدام کە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و نامە و دەستنووس، هێشتا لە سندووقی ماڵە خوێندەوار و ئەشرافەکانی کوردستاندا ماون و خاوەنەکانیان وەکوو پێویست بەها و نرخی مێژووییان نازانن، بەهیوای ئەوەی هەر کەس لای خۆیەوە تیشک بخاتە سەر سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان بۆ ئەوەی کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
$دەقی نامەکە هەر بە دەستخەتی خۆی$
موصل
#21-12-1952#
ڕوحکم ڕفیق بگ
لە دوای تقدیم حرمت شیرین نامەکانتم ورگرت. اوندە لە مژدەی صحتتان ممنون بوم بەو نسبتە لە گلەیی و غیاب و ناقستان متاثربوم. بە ناهەق لە خوتان دا تقسير و لەمنا برامبر بە ایوە دلگیری فرض اکەن و حکمی لسر ادەن. والحال لە حقیقەت دا هیچیان موجود نیە، خاستآ حرمت و سميميت من مقابل بە شخسيت ایوە همیشە لەزیادی دایە، وتمنام اویە دائما مسعود و کاروبارتان همووقت بە ارزوی دڵی خۆتان بروات.
بە گەیشتنی کاغەزکتان فورییان بە مدیر معارفم گوت کە سبحي مسطفا شاڵی بنیریت بۆ دائرە کە مواجهەی بکەم. باورناکەم لە پاش امندە مدت دراسە تحویلی بۆ بغدا ممکن بیت.
من باقی تێ اگەیینم کە ایوە کاغزتان بۆ نوسیوم و هەر نوعە معاونەتیکی بە من بکریت بسر چاو بەری اکم.
عمارە وکو بیستومە جیگایکی خۆشە نسبتا بە شارکانی تر هەرازنترە. او اسبابە کە نوسیومە
تشکیک ناکات کە بەو نوعە برچاوتان بکەویت. انشائەللە بە خوشی و بە سحت وقتی تیا دا ڕا ابویرن.
امید اکەم جمال و گوزیدەی ژنی میران ببەن کە نەخوت و نە منالەکانتان دڵ تنگ ببن، ڕفیق بن بو همو خزمەتیکتان.
دایکم و دایکی پریخان حرمت و محبت زیادیان بۆ منالەکانتان هیە.
دوبارە حرمت و محبتم تقدیم و ڕجای قبول فرمونی اکم.
برای موخلستان
سعید قزاز
[1]
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە بە ڕێنووسی ئەوکات نووسراوە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!