ناونیشانی بابەت: ڕواندز پێشان ناوی ئۆڕوان بووە و بە چەند شێوازی دیکەش ناو هاتووە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
مێژووی #ڕواندز# دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش درووستبوونی #میرنشینی سۆران#، لەسەرەتاکانی سەدەی شازدەم. بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا چەندین میرنشین و بەرپرس فەرمانڕوایی ئەو شارەیان کردووە و بە چەند شێوازێکی جیاوازیش ناوی شارەکە هاتووە.
لەمبارەیەوە #فەتحوڵا ئەحمەد گەرەوانی#، لە پەرتووکی ناوچەی ڕواندز و دۆڵی ئاکۆ و گەرەوان، نووسیوەیەتی: ”ناوی ڕواندز پێشدان ناوی ئۆڕوان بووە، ئۆڕوان یان قەڵای ڕەوان، واتا هەر داگیرکەرێک بیویستایە قەڵاکە داگیر بکات، دەبوایە ڕۆحی ڕەوانی لەسەر دابنایە و گیانی لەدەست دەدا و پاشان بە نائومێدی دەچووە ناو گۆڕ، بۆ نموونە، دەگێڕنەوە جار لە جاران لەشکری بێگانە هات و گەیشتە ڕواندز، بەڵام خەڵکێکی زۆر ڕایان کرد بۆ دەوروبەری ڕواندز، بەمەش شارەکەیان داگیر و تاڵان کرا، لە کاتی گەڕانەوەی لەشکرەکە، خەڵکە ئازا و خۆڕاگرەکەی ڕواندز لە تۆڵەی ئەو داگیرکەرانەی شارەکەیان لە لەشکرە داگیرکەرەکە ڕاپەڕین و ڕێگای گەلیی مێگریان لێگرتن و لە گەرووی بێجان بۆیان دانیشتن، لەشکرەکە لە ترساندا کەوتنە ناو گەلیی خەرەند و لە هەر چوار لاوە بەردی گەورەیان بەسەردا گلۆر کردنەوە، پاشان بە تیر و شیر کەوتنە ناویان و تێکیان شکاندن.
وشەی ڕەوان، واتە ڕاست و ڕەوان، یان چاندن و ڕواندن، هەروەها بە ڕواندز گوتراوە ئۆڕوان، واتە شوێنی ژیان، ئەم وشەی ئۆڕا لە #کوردستان# و لە ئێراق زۆر کۆنە، وەک ئەو ئۆڕانانەی خوارەوە، ئۆڕانی سۆران، ئۆڕانی #هەولێر# واتە ئۆڕبیل بە (بەعل خوا) ، ساسانییەکان بە هەولێریان گوتووە (هۆربێرا) ، هەروەها ئۆڕبوخا، واتە ئۆڕی بۆغەکان، یان ئۆڕی بەگەکان (#کەرکووک# گڕکووک) ئۆڕی خوار بەغدا، #ئۆرفا#ی باکووری کوردستان، ئۆڕدەبیل ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆڕشەلیم لە فەڵەستین.
وشەی هۆڕ و وشەی ئێ ئۆڕ هەر یەکن، وەک ئەوڕۆ یان هەوڕۆ، هەروەها لە ئاوێستادا هاتووە، خوای گەورە چەند شارێکی پیرۆزی لەسەرەتاوە لە جیهان درووستکردووە، یەکێک لەو شارە پیرۆزانە ناوی ئۆڕۆ بووە و چەندان ئۆڕۆی دیکە بەم ناوە ناونراون، کە لە (کتابی فەندیدات) ئاماژەی پێ کراوە. #شەڕەفخانی بەدلیسی# لە شەڕەفنامەدا دەڵێت: ”شاری ڕواندز لە کۆندا زۆر ناوی هەبووە، یەکێک لەوانە ئاوان، واتە شاری ناو ئاو و ڕووبارەکان، کە لە هەر چوار لاوە ئاوی ڕووبار و جۆگا و کانیاوەکانی دەورەیان داوە.
مێژووی ڕواندز: مێژووی ڕواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش درووستبوونی میرنشینی سۆران، لەسەرەتاکانی سەدەی شازدەم لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران. ڕواندز یەکێک بوو لە پایتەختەکانی ئەم میرنشینە، کە لەسەرەتای ساڵانی 1800 میر محەمەد، ناسراوە بە پاشای گەورە، ڕواندزی کرد بە پایتەختی میرنیشینەکەی و دەسەڵاتی ئەم میرنشینە گەیشتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836 کۆتایی بە میرنیشینەکە هات. لە سەردەمی عوسمانییەکان و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تا ساڵی 1980 چەندین قایمقام ئیدارەی ئەم شارەیان بەڕێوە بردووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، بەهۆی بوونی پێگە و فەرمانڕەوایی لە ناوچەی ڕواندز، چەندین جار شارەکە داگیر کراوە و سووتێندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرجار شکست بە هێرشی داگیرکەران هێنراوە، هەر بۆیە خەرەندی ڕواندز بە دۆڵی مەرگی ڕووسەکان و داگیرکەرانی دیکە ناودەبرێت.
$ سەرچاوەکان:$
-لاپەڕەکانی (21- 22) پەرتووکی ناوچەی ڕواندز و دۆڵی ئاکۆ و گەرەوان لە پێشدان ناوی ئۆڕوان بووە. لە نووسینی فەتحوڵا ئەحمەد گەرەوانی.
-مێژووی قەزای ڕواندز، ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر.
-مێژووی ڕواندز.[1]