کورد و مەسەلەی فەلەستین، دوای پەنجا و چوار ساڵ لە گۆڤاری #ڕزگاری# .
دوای نزیکەی 54 ساڵ لە وتارێکی گۆڤاری ڕزگاری، چۆن دەڕوانینەوە پرسی فەڵەستین؟
ئامادەکردنی: ئاکۆ قادر حەمە.
$بۆچی کورد پشتیووانی گەلی عەرەبی فەڵەستین دەکات؟$ ئەمە ناونیشانی وتاری سێیەمی ژمارە یەکی گۆڤاری (ڕزگاری) یە، کە گۆڤارێکە لە 20-04-1969ەوە بۆ ئاداری 1970 پازدە ژمارەی لێ دەرچووە، گۆڤارەکە هەفتەنامەیەکی گشتیی بووە و #نەوشیروان مستەفا# خاوەن ئیمتیازی بووە و #شازاد سائیب# سەرنووسەری بووه. گەرچی دەبوو لە ماوەی ئەو نزیکەی یازدە مانگەدا زیاتر لە چل ژمارەی بڵاوبکردایەتەوه، بەڵام بە هۆکاری گرفتی بەردەوامی چاپی کوردی و پارەدارکردنییەوە ئەوە نەکراوە، هەروەک مام جەلال و مەکتەبی سیاسی پارتیی باسکی جەلالی، دوورو نزیک لە پشتییەوە بوون، بەڵام جگە لەوەی سەرمایەی سەرەکی چاپخانەکە لە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفاوە هاتووه، بەڵام وەک ئابوونە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستووە بە (بڕێک) هاوکاری سەرمایەدار و لایەنگرانی ئایدۆلۆجی و سیاسی ئەو گرووپە، بەتایبەت لە ناوچەی سلێمانی.
لە ژمارە یەکی گۆڤاری ڕزگاری کە لە 20-04- 1969دا دەرچووه، وتارێک بە بێ ناوی نووسەر بڵاوبۆتەوه، کە گومان دەکرێت نووسینی نەوشیروان مستەفا بە تەنیا خۆی یان خۆی و هەڤاڵانی بێت، لەو وتارەدا کۆمەڵێک بۆچوون خراوەتە ڕوو کە زەمینەی سیاسی و ئەخلاقی فەراهەم دەکەن بۆ بینینی پرسی فەڵەستین وەک پرسێکی ڕەوا، هەروەها وەک پرسێکی دانەبڕوا لە پرسی کورد لە ڕووی پرسی یەکانگیر و دانەبڕاوی ئازادیخوازییەوە، بێگومان بە پێچەوانەی ڕەفتاری ئەو دەمەی بزووتنەوەی کوردییەوە کە مەلا مستەفا سەرکردایەتی دەکرد و چەند ساڵێک بوو پەیوەندی پتەوی بە موسادی ئیسرائیلی و دەوڵەتی ئیسرائیلییەوە درووستکردبوو، لە کۆتایی وتارەکە بە `ناتۆرەیەک` ئاوڕ لەوە دراوەتەوە و دێینەوە سەرباسی.
وتارەکە زۆر درێژ نییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بۆ ئێستامان ئەوەیە کە بە ئاوڕدانەوە لەناو و مێژووی سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە دەستپێدەکات و دەڵێت: یەکێک لە شانازییە گەورەکانی مێژوی کورد ئەو دەورە گرنگەیە کە “سەڵاحەدینی ئەیوبی بوویەتی”، هەرچەندە پێی وایە ئەو ڕۆڵەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ڕووی جەنگی ئیسلام و سەڵیبییەکانەوە شێوەی نەتەوایەتی نەبووە، بەڵام ڕۆڵی سەڵاحەدین ئەوە بووە کە ڕۆڵی گەڵانی موسڵمانی پیشان داوە بەرانبەر بە پەلاماردانی سەڵیبییەکان. هەروەک یەکێتیی نێوان عەرەب و کوردی پیشانداوە و تا ئەو دوایانەش- مەبەست لە پێش ساڵی 1969 و نووسینی ئەو وتارەیه- خەڵکی سادەی ئەوروپی، کورد بە سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە دەناسن. ئەمەش واتە نووسەرانی فەرمی گۆڤارەکە کە دواتر بەشی زۆری نووسەرەکانی وەک ئەندام یان دامەزرێنەری کۆمەڵەی مارکسیی-لینینی کوردستان جێیان گرتووە، بەڵام دەست لە بناغە شارستانیی و ئایینییەکەی سەڵاحەدینی ئەیوبی بەرنادەن.
ئاماژەدانی ئەو وتارە وەک هەوڵدانێک دەبینرێت بۆ هاوپەیوسەتکردنی پرسی کورد بە پرسی فەڵەستینەوە لەسەر بنچینەی پەیوەستی شارستانی و ئایینی، بەڵام بناغە ئایدۆلۆژییەکانی تری داڕشتنی ئەو پەیوەندییە لە خوارەوە دەست پێ دەکەن و چەند دێڕێکی ئامادەسازی هەن کە دەڵێن: “هەموو کوردپەروەرێک بایی ئەوە گەنجینەی نەتەوایەتی لە سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە بۆ ماوەتەوە کە بیپارێزێت و بە پیرۆزی بزانێت…“ واتە مێژووی ئەیوبی لانی کەم بە بناغەی شارستانیی یان کولتووری نەتەوایەتی کوردیی دانراون و دەبێت پێیەوە پابەند بین، هەروەها پێی وایە کە “خیانەتە ئەگەر پابەند نەمێنینەوە بەو سەرەتا و بنچینە شارستانییەوه، ئەوەش ئەوەیە کە ئیمپریالیزم و سەهۆنییەت دوو دوژمنەکەی کوردایەتی چاوەڕوانی دەکەن“. واتە لێرە چەند بڕیارێک دراوە، پێشتر فەڵەستین لە ڕێگەی سەڵاحەدینەوە وەک دۆستی شارستانیی کورد بینراوە، لێرەشدا سەهیۆنییەت وەک دوژمنێک بە فەڵەستین و ئیمپرالیزمیش لەگەڵ سەهیۆنییەتدا وەک دوژمنی سەرسەختی کورد دانراون. بینینی پێچەوانەی ئەوەش وەک خیانەت بە پرسی نەتەوایەتی بینراوە. واتە ئەم بینینە چەپگەرایەی دژایەتی ئیمپریالیزم تێکەڵ بە ڕەهەندێکی ئایینی کراوە.
بەڵام تەنیا ئەو خاڵە بۆ دوژمنایەتی دێرینیە سەهیۆنییەت و ئیمپرایالیزم لەگەڵ کورددا ئاماژەی بۆ نەکراو، بەڵکوو چەند خاڵێک لە وتارەکەدا بەوردی دەستنیشان کراون:
$یەکەم:$ ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەرمایەداری چڵێسە و بەشێکە لە سەرمایەداری جیهانی، ئیسرائیلیش وەک دەوڵەت بەشێکە لە ئیمپریالیزمی نوێ، و ئیستعماریانە ڕەفتار دەکات، لە وێنەی ڕەفتاری ئیستیعمار لە چەوساندنەوەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و هتد، هەوڵی داگیرکردنی خاکی ئەوانی تر دەدات بۆیە خەتەرێکی گەورەیە لەسەر پرسی کورد. بەمەش وەک وتارەکە دەڵێت؛ ئیسرائیل دوژمنێکی خوێنخواری کورد و کوردستان دادەنرێت.
$دووەم:$ ئیسرائیل لەسەر داگیرکردنی خاکی گەلێکی تر درووست بووە، کە گەلی عەرەبیی فەڵەستینییە، هەروەها ئیسرائیل لەسەر بیروڕای فاشیەت و دەرپەڕاندنی گەلی فەڵەستین لە خاکی خۆی درووستکراوە، هەروەها ئیسرائیل نوێنەرەوە و مووچەسەمەی بیروڕای فاشیستی و چەوساندنەوەیە، هەر ئەمەشە کە گەلانی ئازادیخوازی دونیا بە کوردیشەوە دەچن بە گژیدا، هەر بۆیە نووسەری وتارەکە پێی وایە ئەمە دەکاتە ئەوەی کە سەرکەوتنی ئیسرائیل ببێتە سەرکەوتنی دوژمنانی کوردستان. لەوە زیاتریش دەڵێت: کە بوونی ئیسرائیل واتە نەبوون و تیاچوونی کوردایەتی و گەلی کورد.
$سێیەم:$ ئیسرائیل بووەتە تاجی سەری ئیمپریالیستەکان، کە بەریئەدەنە گیانی گەلانی شۆڕشگێڕی عەرەب کە برای گەلی کوردن بەتایبەتیی لە ئێراق و سووریا، هەرزیانێکیش بە گەلی عەرەب بگات زیانە بە گەلی کورد.
جا وتارەکە چەند دێڕێکی تری جەختکەرەوەی تیایە لەسەر پەیوەستی بەرژەوەندی کورد و عەرەب لە بەگژداچوونەوەی سەهیۆنییەت و سەرمایەداری و ئیمپریالیزمدا.
لە کۆتاییدا وتارەکە دەیەوێت ئەو گومانەش دووربخاتەوە کە هۆی دژایەتییان بۆ ئیسرائیل لەوەوە نەهاتووە کە مەلا (چومبی؟!) بارزانی -نووسەری وتارەکە لێرەدا واز لە بەڵگاندن دەهێنێت و ناتۆرەیەک بۆ ناوی مەلا مستەفا دادەنێت وەک درێژەی شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان باسکی جەلالی و مەلایی- گوایە مەلا مستەفا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل درووستکردووە و یارمەتیی چەک و فیشەکیان لێ وەردەگرێت، بە پێی وتارەکە مەبەستی پشت ئەو یارمەتییە کوشتنی کورد و وێرانکردنی کوردستانە. بەڵکوو وتارەکە دەڵێت؛ ئەم بیروڕایەیان لە ڕقبوون لە بەرزانی و پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە نەهاتووە، بەڵکوو لەسەر بناغەیەکی نەگۆڕی بیروباوەڕێکەوە هاتووە کە لە ساڵی 1947ەوە -واتە پێش درووستبوونی ئیسرائیل بەساڵێک- لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا بەناوی (پارتیمانەوه) بڵاوکراوەتەوە، بەمەش نووسەر یان نووسەرانی بابەتەکە لێرەدا خۆی یان خۆیان وەک درێژەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەزانن، نەک ڕەوتی مەلا مستەفا. هەروەها وەک بەڵگە وتارەکەی ساڵی 1947 لە دوای ئەم وتارەوە بڵاوکراوەتەوە.
بەهەرحاڵ وتارەکە دەرخەری دابەشبوونی بیرکردنەوەی سیاسی و ئایدۆلۆجی کوردییە لە کۆتایی شەستەکان سەدەی بیستدا، کە ئەو دابەشبوونە ئایدۆلۆجی و سیاسییەش ئێستاش بە شێوازی تر و بە پاشەکشەی هێز و گرووپە چەپەکان و هاتنی هێز و بزاڤی ئیسلامی سیاسیش قوڵتر بۆتەوه، ئیسلامییەکان وێنای ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل، یاخود شەڕی حەماس و ئیسرائیل وەک ململانێی نێوان ئیسلام و دەرەئیسلام وێنا دەکەن بە بێ ئاوڕدانەوە لە پرسی ئازادی یاخود دادپەروەری لە ئاستی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، لە بەرانبەریشدا بەشێک لە هێز و گرووپەکانی تر ئەو شەڕە وەک شەڕی دەوڵەتێکی مەدەنی و هێزێکی کۆنەپارێز وێنا دەکەن ئەمانە بەشێکیان خۆیان لەناو هێزە نەتەوەییە سکۆلارەکاندا دەبیننەوە، بەڵام گرووپێکی بچوکی تری کورد شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ڕەهەندی مرۆییەوە دەبینن و دژی شەڕن و پێیان وایە ئەم شەڕە لە هەردوولاوە بە بێ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و پرنسیپە جێگیرەکانی پاراستنی مەدەنییەکان بەڕێوەچووە، بەتایبەت ڕەخنە ئاڕاستەی جبەخانەی پێشکەوتووی ئیسرائیلی دەکەن کە بێ ڕەچاوکردنی پاراستنی خەڵکی مەدەنی توندوتیژی لەڕادەبەدەری بەکارهێناوە و لە و نێوانەدا تاوانی جەنگ ئەنجام دراوه، ئەم گرووپە خەڵکانی سکۆلار و چەپە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانن، کە بە بێ لایەنگریکردنی ئایدۆلۆجی تەسکبین و خۆیەکلاکردنەوە لەسەر بناغەی ئایینی یان شارستانی هەوڵ دەدەن پرنسیپی دژایەتی شەڕ بە بنەما بگرن و پاراستنی ژیانی خەڵکانی مەدەنی لە دەرەوەی هەر ئیعتبارێکی ئایینی و شارستانی بکەنە بنچینەی هەڵوێستی سیاسیی و فکرییان.
بەمشێوەیە تێڕوانینی کورد بۆ ئەو پرسە وەک ساڵانی شەستەکان بە قوڵیی دابەشبووه، بە ڕەچاوکردنی هاتنی هێز و تێڕوانینی تری جیاواز.
[1]