لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەڕ پاڵەوانێتی سنۆکەری جیهان بە بەشداری 89 وڵات لە ماوەی ڕۆژانی #14-12-2023# تا #25-12-2023# بەڕێوەچوو.
لەو پاڵەوانێتییەدا هەڵبژاردەی ئێراق بە سێ یاریزان بەشداری کردوو لەنێویاندا کاپتنی هەڵبژاردەکە یاریزان #سەدرەدین حەسیب سەدرەدین# بوو، ئەمە و لە دوایی ئەوەی لەسەر ئاستی تیم هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق، فیرزا کامیل و ئەیهاب ئەنوەر لە خولی 32ی قۆناغی یەکەم ماڵاواییان کرد، لەسەر ئاستی تاک کاپتنی هەڵبژاردەکە و یاریزانی یانەی پێشمەرگە سەدرەدین حەسیب توانی لە کۆی 6 یاری بە 4 سەرکەوتن پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی یاریزانانی ڕکابەری دەستەبەر بکات.
سەبارەت بە بەدەست هێنانی ئەو دەست کەوت و ئەنجامە، یاریزانی ناوبراو بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، یەکێک لەپاڵەوانێتییە بەهێزەکان، پاڵەوانێتی سنۆکەری جیهانە کە بە ئامادەبوونی ئوستاز موبارەک ئەبووحەمد سەرۆکی یەکێتی سنۆکەری جیهان بەڕێوەچوو وە خۆشبەختانەش وەک یاریزانی یانەی پێشمەرگە و کاپتن و یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق توانیم بۆ مێژوو ئەنجامێکی بەرچاو دەستەبەر بکەم و پلەی پێنجەمم بەدەست هێنا.
سەبارەت بە ئەنجامی یارییەکانی سەدرەدین وتی، لە کۆی شەش یاری توانیم 4 یاری بەسەرکەوتن کۆتایی پێبهێنم کە ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوو.
$خولی کۆمەڵەکان $
2 یاری-یەک بردنەوە و یەک شکست.
بردنەوە لە بەرانبەر یاریزانی هەڵبژاردەی مەنگۆلیا-شکست لە بەرانبەر یاریزانی هەڵبژاردەی وێڵز.
خولی 48ی یارییەکان:
بردنەوە بە ئەنجامی 4 یاری یەکلایەنە لە بەرانبەر یاریزانی خاوەن پلەی یەکەمی وڵاتی ئێرلەندا و گەیشتن بە خولی 32.
لەو قۆناغەدا بردنەوە بە ئەنجامی 4-2 یاری لە بەرانبەر یاریزانی خاوەن پلەی یەکەمی وڵاتی قەتەڕ و سەرکەوتن بەسەر خاوەن پلەی یەکەمی وڵاتی میسر بە ئەنجامی 4 یاری بێ وەڵام.
ئەمە و بەهۆی بەهێز بوونی یارییەکان لە قۆناغی هەشت 4-0 لە بەرانبەر یاریزانی هەڵبژاردەی هندستان تووشی شکست هات و بەو ئەنجامانەش پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی یاریزانانی جیهانم بەدەست هێنا.
لە دوا وتەی بۆ پێشمەرگە سپۆرت سەدرەدین حەسیب وتی بەهۆی ئەوەی توانیم لە یارییەکانم بە ئەنجامی 4-0 و 4-2 براوە بم و یاریزانانی ڕکابەرم ئەنجامی 4-3 یاریان زۆر بوو هەر بۆیە پلەی پێنجەمی ڕیزبەندیم بەدەست هێنا و بۆ مێژوو ئەو ئەنجامە لە تەختی شانۆی سنۆکەری ئێراق نووسرایەوە. [1]