لە #23-06-1958# لە شاری #هەولێر# لە گەڕەکی سەعدوناوە لەدایک بووە.
منداڵ بووە چوونە گەڕەکی #سەیداوە# و لەوێش لە ساڵی 1964 چووە قوتابخانەی (اربیل الاولی) کە بەڕێوەبەرەکەیان مامۆستا خدر مولود بوو. هونەرمەندی بە توانا مامۆستا ئەسکەندەر عوسمان جامباز مامۆستای وێنە بوو. پاش ماوەیەک هونەرمەندی دەنگ خۆش ماموستا تەحسین تەها هاتە قوتابخانەمەکان وەکوو ڕاهێنەر. مامۆستا عەبدولکەریم حاجی وەرزشوانی بەناوبانگ مامۆستای وەرزش بوو. موسیقاری بەنابانگ منیر وانەی مۆسیقای دەگوتەوە.
پاشان چووە قوتابخانەی دواناوەندی سەیداوە و دەستی بە نووسین و کاری سیاسی کردووە و یەکەمجاریش لە تەمەنی بچووک چووە سەر شانۆ و بەشداری شانۆگەری کردووە.
لە پولی یەکەم بووە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیانی سەر بە حزبی شیوعی عێراق و لە پاش ماوەیەک بووە بە ئەندامی ئەو حزبە.
لە بواری سیاسی دەوری باڵای گێراوە لەناو قوتابیان و لەلایەن یەکیتی قوتابیانی کوردستان سەر بە پارتی ئازار دراوە و پاش ئاشبەتاڵ و درووست بوونی یەکێتی قوتابیانی سەر بە بەعسییەکان کە هەندێک لە کۆنە قوتابیانی پارتی درووستیان کرد دیسان تووشی چەرمەسەری بووە. لە دواناوەندی سەیداوە نەشرەی سەر دیواری بۆ مامۆستای کوردی نووسەر ئەحمەد نەقشبەندی درووستکردووە و ئامادەی کردووە بابەتەکانی هەڵدەبژارد و شیعرەکانی تیدا بڵاودەکردەوە خوشنووسی دەدا بە عەبدوڵڵا مەنتیک برای ئەکرەم مەنتیک کە خەتیی خوش بوو. بۆ مامۆستای فیزیا و مێژوو و جوگرافیا و ئینگلیزیش نەشرەی درووست دەکرد.
پاشان چووە قوتابخانەی ئامادەیی بازرگانی و ساڵی 1979 کە خوێندنی تەواوکرد هاتە دەرەوە و سەرەتا چووە هەنگاریا و پاشان ساڵی 1981 چووە سوید. ئەندامی سکرتاریەتی #کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد# لە ئەوروپا مەرکەزی پراگ بووە هەتا یەکگرتنەوەی کۆمەڵە خوێندکارییەکان کە لە بەرلین کۆنگرەی بەست و بووە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی. بەرهەمی شیعری داستانی ڕووح و داستانی مێژوو و داستانی مان و نەمان و هەندەکی تری بڵاوکردووەتەوە و کتیبی جوگرافیای کوردستان بۆ قوتابیان لەگەڵ نووسەران ئەحمەد تگریس و ناسری ڕەزازی دەرکردووە و نامیلکەی کۆمەڵ و ڕێکخراو بڵاوکردووەتەوە.
لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستان بەرهەم و نووسینی بڵاوکردووەتەوە و هەنووکەش لە سایتە کوردییەکان بە بەردەوامی دەنووسیت. خوێندنی باڵای زانستە سیاسییەکانی تەواوکردووە و لە ساڵی 1988ەوە فەرمانبەرە لە کومپانیای هاتوچۆ و شەمەندەفەر و لەبەر ئەوەی زیاتر لە 25 ساڵ لە خزمەتکردن بووە خەڵاتی کاتژمێری زێری وەرگرتووە. ئێستاکەش لە بیروباوە شیوعی یە و باوەی بەیەکسانی کۆمەڵایەتی هەیە و خاوەنی شەش منداڵە بە ناوەکانی زەمەند و نەوەند و ساوان و شایان و پاوان و لینا.
ئێستاکەش لە شاری ستۆکهۆڵم پایەتەختی سوید دەژێت.[1]