ناو: سەلیم
نازناو: سەلیم بەرەکات
$ژیاننامە$
شاعیر و ڕۆماننووسی کوردی عەرەبیینووس، سەلیم بەرەکات لەدایکبووی ساڵی 1951 لە شاری #قامیشلو#، تا ئێستا 2022 خاوەنی زیاتر لە 58 پەرتووکە و زۆربەیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیهانییەکان، تەمەنی منداڵی و سەرەتاکانی گەنجی لە نیشتمانەکەی خۆی بەسەربردووە و بەوهۆیەوە شێوەی ژیانی کوردانی ئەو پارچەی کوردستانەی لەدەرووندا چەسپیوە، هاوکاتیش ئاشنای کولتووری ئایینزا و کەمایەتییەکانی تری هاوچەشنی (ئێزیدی و ئاشووری و ئەرمەنی) بووە و سەرجەمیان لە نووسینەکانیدا ڕەنگدەدەنەوە، بەڵام بارودۆخی سیاسیی ناهەمواری ناوچەکە ناچاریکردووە دەستبەرداری زمانی دایک بێت و بە عەرەبی بنووسێت. سەلیم بەرەکات ساڵی 1970 دەچێتە دیمەشق لە زانکۆی دیمەشق دەست دەکات بە خوێندنی ئەدەبی عەرەبی، بەڵام پاش یەک ساڵ واز دەهێنێت و پاشان دەچێتە بەیرووت و تا ساڵی 1982 لەوێ دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا (5) پەرتووکی هەڵبەستی و (2) پەرتووکی بیۆگڕافی و پەرتووکێکی یاداشتی ڕۆژانە بڵاو دەکاتەوە، ساڵی 1999 دەچێتە سوید و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. زۆرینەی پەرتووکەکانی سەلیم بەرەکات لەبارەی (مێژووی کورد و دەردەسەری و تەگژە و وجوودییەکانی کوردبوونەوەن) ئەمە لەپاڵ باسکردن و خستنەڕووی کێشە و نەهامەتییەکانی مرۆڤی (عەرەبی، ئاشووری، شەرکەسی و ئێزیدی) لە سنوورەکانی دەوڵەتی سووریادا. پاڵەوانەکانی پەرتووکەکانی هەموو کوردین ناو و ڕەفتاریان کوردییە، بەسەرهاتەکانیش لە شارە کوردییەکانی وەک (قامیشلو، #مەهاباد# و #سلێمانی#) ڕوو دەدەن و باس لە دەردەسەرییەکانی کورد دەکەن. سەلیم بەرەکات لەبارەی کوردبوونی خۆیەوە لە گفتووگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت (داخۆ من کوردم؟ بەڵێ، دەی با بەسادەییەکی هاوارکەرەوە بۆم هەبێت کە بڵێم من کوردم کە باوکم ناوێکی کوردیی هەیە، کە ئێمە بە کوردی قسە دەکەین کە بە کوردی لەگەڵ مریشکەکانمان، بەرخەکانمان، مانگاکانمان، هەنگەکانمان و بێستانەکانماندا قسە دەکەین هەر ئەوەندە!) .
لە ڕۆمانی پەڕدا بەرەکات لەزاری مەم ئازادی پاڵەوانی سەرەکییەوە کە نامەیەک بۆ باوکی دەنووسێت و دەڵێت: (کوردەکان نادۆڕێن وایان پێبڵێ باوکە، پاشان لەجگەرە داگیرساوەکەت ڕابمێنە جا بڵێ کوردەکان نادۆڕێن چونکە خاوەنی ئازاری خۆیانن) لە چامەی مەهاباد بۆ ئۆڵۆمپیادی خودا کە دەقێکی هەڵبەستیی درێژە لەبارەی تێکشکان و ئازارەکانی کوردەوە بەرەکات ڕوو لەخودا دەکات و دەڵێت: (خوایە گیان خۆ ئەمانە کوردی تۆن!) سەلیم بەرەکات خاوەنی خەڵاتی جیهانی ماکس جاکۆب و پاڵیوراوی خەڵاتی بووکەریشە.