عەبدولواحید مەجید سەعید ناوی تەواوی ئەم ڕووناکبیرەیە، بەهۆی ئەوەی لە دوای کۆچی دوایی باوکی، نووری عەلی خاڵی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی ئەگرێتە ئەستۆ، بەعەبدولواحید نوری یاخود ع.و. نوری ئەناسرێ و هەر بەو ناوەوە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە.
لەبەر ئەوەی باوکی فەرمانبەر بووە لە شارۆچکەی #چەمچەماڵ#، مامۆستا عەبدولواحید لە ساڵی 1904 لەو شارۆچکەیە لەدایک بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی لە #سلێمانی# و #کەرکووک# تەواوکردووە و ساڵی 1927 خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە و هەمان ساڵ بەمامۆستا دامەزراوە و لە قوتابخانەکانی سلێمانی و شارباژێر و #هەڵەبجە# و لەیلان خزمەتی بە ڕەوتی خوێندن و پەروەردە و خوێندکارانی کوردستان کردووە.
مامۆستا عەبدولواحید بێجگە لە بواری پەروەردە، لە بوارەکانی ئەدەب و هونەریشدا خزمەتێکی زۆری کردووە.
شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و هونەرمەند بووە.
لەرۆژنامەکانی ژیان و ژین و گۆڤاری گەلاوێژ بەرهەمەکانی بڵاو کردووەتەوە.
خاوەنی چەندین پەرتووکی بەنرخی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە لەوانە (بەرەو ڕووناکی، لە ڕێگای سەرکەوتنی ئینسانا، پیرۆزی منداڵ) و چەندانی تر.
لە بواری وەرگێڕانیشدا خزمەتی کردووە و چەند پەرتووکێکی وەرگێڕراوی هەیە لەوانە (لە وڵاتی ئادەمیزادە سەربەستەکان، دوانێک لەسەر پێڕەوی میللی) ، هەروەها پەرتووکی پڕۆگرامی خوێندنی خوێندکارانی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕراوە.
مامۆستا عەبدولواحید نووری بە یەکێک لە هونەرمەندە پێشەنگەکانی بواری شانۆی کوردی دادەنرێت و لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەک ئەکتەر و نووسەر و وەرگێڕی شانۆگەری خزمەتی زۆری کردووە و بە یەکێک لە بناغەدانەرانی شانۆی کوردی دادەنرێت.
ئەم ڕووناکبیرە ناسراوەی کوردستان لە5ی تەمووزی 1944 بۆ دوا جار ماڵاوایی کرد و چووە ڕیزی نەمرانی نیشتمانەوە.
سەرچاوە:
قامووسی ناوە نەمرەکان- ئامادەکردن و سەرپەرشتی مومتاز حەیدەری-2014[1]