چوارخشتەکی
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
چاوم بە تۆ کەوت و تاوڵی ژین ڕما
تۆ بیرەوەریی ئەوینی مردوومی چما؟
تۆم دیت و نەما هێز و بڕستم، هەبەسام
وەک کەشتی کە گیرابێ لە نێو بەندی لما
تۆ ئاگری سووتێنەری، دڵخوازی منی!
ئارامیدەری دڵی منی، ڕازی منی!
چاوت گوڵ و لێوت گوڵ و بەژنت هەر گوڵ،
گوڵخوازم و تۆش گوڵی، گوڵی نازی منی!
ناپرسی لە من کە بۆچی ڕەنگم زەردە؟
نەتدی لە سەر ئەم دوو لێوە زەردە، زەردە
ژین ڕۆیی و پێم ناوەتە سەر لێوی گۆڕ
پاییزە، گەیشتە دەمی بستوو زەردە
ئاواتی منە ژیانی بێ تووشی دەمێ
دڵخۆازی دڵە ماچی دەمی خونچەدەمێ
کوا یاری دڵئەستێن و شەو و شێعر و شەڕاب
ئەو خۆشی بە من بدا، منیش گیانی دەمێ
پێم خۆشە لەگەڵ تۆ ئاشنا بم، نابم
بۆ تۆ و ئەوینی تۆ فەنا بم، نابم
چت دیوە لە من لەخۆوە هەر دوژمنمی؟
من دۆستم و بۆ دوژمنی نابم، نابم
کەوتوومەتە نێو گێژی زرێی ڕەنج و خەمان
بۆ مانەوە پێم ناوەتە ڕێی مان و نەمان
هەوڵ و تەقەلام هەر پەلەقاژەی ژینە
ئاخۆ دەگەڕێ بە کامی من سووڕی زەمان؟
ژینی منی ئاوارە هەمووی شێوانە
جامی تەمەنم لە ژەهری خەم لێوانە
هەر دێت و نزیکتر دەبێ لێم تاپۆی مەرگ
هاوارە لە من، موویەکمان نێوانە
دووریی تۆ گڕی هەزار خەمی خستە دڵم
لێم کەوتۆتە نێو گرێی هەزار ڕستە دڵم
تەندووری خەمت بۆ دڵەکەم گرفەی دێ
تۆ خۆش بی ئەگەر کەوتۆتە سەر بستە دڵم [1]