ناونیشانی بابەت: سیستەمی بازرگانیی سلێمان هەڵشۆیی؛ سیستەمی تۆپەڵە بەفرەکە
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
چ کاک سلێمان، چ خەڵکەکەی پارەیان بە قەرز داوەتێ، قوربانی عەقڵێکی سادە و چاوچنۆکیەکی بێرادەن. ئەو نمونانەش لە هەموو کۆمەڵگە و سیستەمە ئابوورییەکاندا هەبوە و هەیە، لە داهاتووشدا دەبێت، هەرچەندە ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بە یاساش قەدەغە کراوە. لە ئەمریکا کەسێک بەناوی مۆدۆلف لە ساڵی 2008 بەهەمان سیستەمی هەڵشۆی بە ملیار دۆلاری خەڵکی ئەمریکی خستە ئەو قومارەوە و لە کۆتاییدا دەستگیرکرا و مایەپوچ دەرچو.
سیستەمی بازرگانی سلێمان هەڵشۆیی تەنیا سیستەمێکی لۆکاڵی سنووردار و تایبەت نییە بە دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین و هەرێمی کوردستان. ئەو سیستەمە سیستەمێکی جیهانییە کە نموونەکەی لە زۆربەی وڵاتان هەبوە و هەیە و دووبارەش دەبێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش ساڵی 2011 لە دەڤەری شارۆچکەی چۆمان ڕووداوێکی لەو جۆرە ڕویدا. ئەو سیستەمە زیاتر وردەکەمەوە و هەندێ شرۆڤەی ئابووریی و مرۆڤناسییشی بۆ زیاددەکەم.
ئەو سیستەمە زیاتر پەیوەندی بە سرووشتی بەشێکی مرۆڤەوە هەیە کە لە ڕوی ئەقڵی ئابووریەوە سادەن. لە وڵاتی ئێمە هۆشیاریی ئابووریی لە ئاستێکی زۆر کەم دایە، یان هەر نییە. ئەو ناهۆشیاریی ئابوورییە تەنانەت وڵاتێکی پێشکەوتوی وەکوو بەڕیتانیش پێیەوە دەناڵێنێت. مانگی ڕابردو سینک تانکی ناشنەڵ ستاتیستیکسی بەڕیتانیی لە ڕوپێوییەکەدا هۆشیاریی ئەوەیدا “زیاتر لە نیوەی بەڕیتانییەکان هۆشیارییان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئابووریی نییە”. لە ڕوی دەروونیشەو پەیوەندی بە چاوچنۆکی بەشێکی مرۆڤەکانەوە هەیە، کە دیانەوێت لە ماوەیەکی کوورت زۆرترین قازانج بکەن. ئەو چاوچنۆکییە پەیوەستیشە بەو خێرا-دەوڵەمەندبوونەی بەشێکی خەڵک لە دوای 2003ەوە لە ڕێی گەندەڵییەوە یان سوودبینین لە گەندەڵییەوە دەوڵەمەند بوون. ئەوانەی بە شێوەیەکی سرووشتیی لە دوای 2003ەوە دەوڵەمەند بوون، ڕێژەیەکی کەمە. ئەم سیستەمە لە زانستی ئابووری، بە ئابووری هەرەمی ناسراوە، وەکوو ئاماژەیەک بۆ هەرەمەکانی میسر. بە ئەڵمانی پێدەگوترێت سیستەمی تۆپەڵە بەفر، چونکە وەکوو توپەڵە بەفرێک کە لە شاخ فرێدەدرێتە خوارەوە، تا زیاتر غلۆر بێتەوە، گەورەتر دەبێت و لە کۆتاییدا بە گەیشتن بە عەرز تێکدەشکێت.
خەسڵەتی سەرەکیی ئەم سیستەمە لە ئەساسدا دەستبڕین و فرتوفێڵە. کەسی بازرگان، پارە و کاڵا لە خەڵک وەردەگرێت بە قازانجێکی زۆر. بۆ نموونە دەفتەرێک قەرز دەکات و بەڵێنی دانەوەی دو دەفتەر دەدات لە ماوەی چەند مانگێک، بێئەوەی بیخاتە کارەوە. یانیش بێ قازانجێکی وا دەیخاتە کارەوە، تەنیا بۆ ڕوکەش.
سەرەتا بەڵێنەکانی خۆی دەباتە سەر و خەڵکێکی زۆر قازانج دەکەن. ئەمەش دەنگ دەداتەوە، خەڵکێکی زۆرتر ڕادەکێشێت، کە ئارەزوی قازانجی خێرا لە ماوەیەکی کەمدا دەکەن. ئیتر کەسی بازرگانیش هەر لە پارەی قەرزکراوی خەڵکی تازە، قازانجی خەڵکە کۆنەکە دەداتەوە. کەسانی وەک سلێمان هەڵشۆییش، ئەمڕۆ لەناو سیستەمی ئابووریی جیهاندا، کە سیستەمە دارایییەکەی لە گۆڕاندایە، بۆ نموونە دەتوانن بڵێن لە ڕێی وەبەرهێنان لە دراوێکی ئەلکترۆنییەوە قازانج دەکەن. بیستنی هەواڵی ئەوەی خاوەنی تێسلا یان ئەمازۆن تەنیا لە ماوەیەکی کۆرۆنادا ملیاران دۆلاریان قازانج کردووە، یان خاوەنی فەیسبووک تەنیا لە ڕێی بانگەشەی بازرگانییەوە دەیان ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، یان بیتکۆین بە شێوەیەکی خەیاڵیی نرخەکەی بەرزبۆتەوە، وا دەکات خەڵکێک کە هۆشیاریی ئابووریی و دارایی نییە، زو بکەوێتە ناو ئەو فرتوفێڵە بازرگانییانەوە. لێرە دەوری میدیا و حکومەت و دەزگاکان گرنگە کە بتوانن خەڵک لەو فرتوفێڵانە ئاگادار و هۆشیاربکەنەوە.
بەو جۆرە، لەبەر ئەوەی کۆی سیستەمەکە قازانجی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکوو تەنیا فێڵ لێکردنە، بە ماوەی کات، کەسی بازرگان قەرزی خەڵکی لەلا کەڵەکە دەبێت و پارەی لەلا نامێنێت. کاتێک خاوەن قەرزەکان گومانی ئیفلاسبوونی لێدەکەن و هەموویان بە یەکەوە داوای دانەوەی پارەی خۆیانی لێ دەکەن. بەم شێوەیەش سیستەمەکە دادەڕوخێت. بۆیە کە دەڵێن، گوایە پەنچا ملیۆنی لە خەڵک وەرگرتووە، ئەوا مانای ئەو ناگەینێت، کە کەسی بازرگان بڕی پەنجا ملێۆن دۆلاری کاشی لە خەڵک وەرگرتبێت. لەو پەنجا ملێۆنە، لەوانیە تەنیا 20%ی پارەی وەکوو کاش بەدەستگەیشتبێت، کە لەوەش بەشێکی زەرەری فرۆشتنەوەی کاڵاکانە بەنرخی کەمتر لە بازار. بەلایەنی کەمەوە 40% بۆ 50% کەی تر بەڵێنی قازانجە، کە گوایە دەیداتەوە.40% کەی تریشی پێشەکی وەکوو قازانج بە خەڵکی خاوەن قەرزی کۆن داوەتەوە، تا متمانەی پەیداکردووە. واتە خەڵکێکی باشیش لەپاڵ ئەو، قازانجی کردووە؛ هەر بۆیە بە بۆچونی من لەوانەیە تەنیا چەند ملیۆنێکی کەمی کاش لە بازنەکە خولابێتەوە، نەک وەکوو دەڵێن پەنجا ملێۆن. ئەو پەنجا ملیۆنەش هەر لە بازاڕی ئەو ناوچەیە دەخولێتەوە بۆیە کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر بازاڕ درووستناکات، تەنیا پارەیەکی کاشە لە دەستێکەوە چۆتە دەستێکی تر، لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک خەڵک ئیفلاس دەکەن و تووشی کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی قوڵ دەبن.
چ کاک سلێمان، چ خەڵکەکەی پارەیان بە قەرز داوەتێ، قوربانی عەقڵێکی سادە و چاوچنۆکیەکی بێرادەن. ئەو نمونانەش لە هەموو کۆمەڵگە و سیستەمە ئابوورییەکاندا هەبوە و هەیە، لە داهاتووشدا دەبێت، هەرچەندە ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بە یاساش قەدەغە کراوە. لە ئەمریکا کەسێک بەناوی مۆدۆلف لە ساڵی 2008 بەهەمان سیستەمی هەڵشۆی بە ملیار دۆلاری خەڵکی ئەمریکی خستە ئەو قومارەوە و لە کۆتاییدا دەستگیرکرا و مایەپوچ دەرچو. لە ئەڵمانیا و چەندان وڵاتانی تری جیهان نموونەی زۆر هەن. تەنیا گەڕانێکی سەرەتایی لە گوگڵ دەیان نموونەی جیهانی دەخاتە بەردەست.
سلێمان هەڵشۆیییەکان دیاردەیەکی نامۆ نین، بەتایبەت لەناو ئەو سیستەمە ئابووریی و دارایییەی لە گۆڕانکاریی دایە. پەروەردە و میدیا و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها دینییەکانیش، دەبێت دەوری خۆیان بگێڕن لەو هۆشیارکردنەوەی ئابووریی خەڵک بۆ ئەوەی تووشی کێشەی وا نەبن چونکە کێشەکان هەر لەوەدا کۆتایییان نایەت کە کەسێک ئیفلاسدەکات، بەڵکوو سەردەردەکەن بۆ تاوان و کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورەتر. [1]