ڕۆحی بەرخۆدانی 14ی تەمووز لە زیندانی ئامەدەوە تا هەولێر و بادینان.
#13-07-2023#
لەکاتێکدا دەوڵەتی داگیرکەریی تورک گۆڕی بۆ کورد هەڵکەندبوو جاڕی لە ناوچوونی دابوو، بە کودەتای سەربازیی 12ی ئەیلولیش دەیویست وەک ڕەشەبایەک دەنگ و ڕەنگ و هەموو جوڵەیەکی ئازادییخوازانە بپێچێتەوە، ڕێک لەو ساتەدا لاوانی ئاپۆیی لە ناو زیندانی ئامەد، بەڕۆحی خۆیان ئاگری بەرخۆدانێکیان گەش کرد تا ئەمڕۆش لە ناو زیندانەکانی هەولێر و بادیناندا دەگڕێت.
بە ئامانجی ئاستەنگکردن و توانەوەی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی تورکیا بەگشتی و باکووری کوردستان بەتایبەتی، لە 12ی ئەیلولی ساڵی 1980 جەنەراڵە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی کەنان ئەفرەن، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، لە ڕێگای ئەو کودەتایەوە ڕژێمی فاشی 12ی ئەیلول، ڕەشبگیرییان دەستپێکرد و زیندانەکانیان پڕکرد لە کەسانی، شۆڕشگێڕ، ئازادیخواز و دیموکراسیخواز، لەبەرانبەر ئەو هەڵمەتە ڕەشەدا تەنیا لاوانی ئاپۆیی بڕیاری بەرخۆدانیاندا.
ئەوکات ڕژێمی تورک پێیوابوو کورد لە گۆڕنراوە و لەبارەی ئازادییەوە مەلیش نافڕێت، سا بۆیە نۆرەی زیندانییەکان هاتووە، کە سەرجەم پارت و ڕێکخراوەکانی تێدا پاکتاو بکات و ئیرادەی ئەندامەکانی بشکێنێت و ڕادەستبوونیان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام ئەو خەونەی پێچەوانەبووە و لە ساڵی 1982 بەدەستپێکردنی بەرخۆدانی مێژوو 14ی تەمموز وەڵامدرایەوە.
وێڕای ئەو ئەشکەنجە قوورسەی لەسەر کادیران و لایەنگرانی پەکەکە بەڕێوەدەچوو، بە ئامانجی سنووردانان بۆ ئەو دڕندەییەی ڕژێم و بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافی بەرگریی سیاسیی و ڕەخساندنی هەلومەرجەکانی، لە مانگی ئازاری ساڵی 1981 ژمارەیەکی زۆر لە کادیران و پێشەنگانی پەکەکە، چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستپێدەکەن لە ناو زیندانی ئامەددا، تا لە ڕۆژی 43مینی چالاکییەکەدا، نوێنەری بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئامەد ناچار دەبێت لەگەڵ نوێنەری مانگرتووان (کەمال پیر) دادەنیشێت و بەڵێنی پەسەندکردنی دۆزەکەیان و داواکارییەکانیان دەدات، بەم جۆرە کۆتایی بە چالاکی مانگرتن دەهێنن.
بەڵام کاربەدەستە فاشیستەکانی زیندان، لە زۆربەی بەڵێنەکانیان پاشگەزدەبنەوە و ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان لەسەر گیراوان قوورستردەکەن و چەندین کادیر لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیددەبن، ڕێگا بە ئامادەکردنی بەرگرینامەی نووسراو نادەن، لە دادگاشدا مافی قسەکردنیان پێنادرێت، لەم کاتەدا کە تاریکی و چەپۆکی خنکێنەری فاشیزم تا دێت باڵ بەسەر زیندانەکەدا دەکێشێت و دەنگی بەرگریی و خۆڕاگریی لە کزبووندایە، مەزڵوم دۆغان یەکێک لە پێشەنگەکانی پەکەکە، دەڵێت: “ئەو بەندیخانە و حوجرانە بۆچی وەک گۆڕستان بێدەنگن؟ بۆ کەسێک نابێت بە ڕووناکی بۆ نەهێشتنی ئەم تاریکیییە؟ من دەبم بە یەکەم ڕووناکی، چالاکییەک دەکەم ئاگرەکەم ئەم دەست و ئەو دەست بکات و لە کوێ ستەم و تاریکی هەبێت لەوێ ئاگرەکەم دادەگیرسێنم”.
مەزڵوم دۆغان بڕیاری خۆی دەدات، دەیەوێت بە چالاکییەکەی خۆی ڕۆحی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد لەگەڵ ڕۆحی بەرخۆدانی نەورۆز یەکانگیربکات، هەر بۆیە لە 21ی ئاداری 1982دا، کە دەکاتە ئێوارەی ڕۆژی نەورۆز، کە ئەوکات پیرۆزکردنی نەورۆز لە تورکیا قەدەغەکرابوو، سێ دەنکە شخارتە دادەگیرسێنێت و لەسەر دیواری زیندانەکە دەنووسێت: “بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە” بە کەمەری پشتی خۆی هەڵدەواسێت و شەهید دەبێت.
چالاکییەکەی مەزڵوم دۆغان، لە ناو زینداندا دەنگدانەوەی فراوان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەژێر کاریگەریی ئەودا چوار هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی (فەرهات قورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجیم ئونەر) ىڕیاری چالاکی فیدایی دەدەن، وەک ئەوەی کە گۆڤەند بگێڕن دەستی یەکدەگرن و ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن و هاوار دەکەن” بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە” کاتێک هاوڕێیەکیان هەوڵدەدات ئاو بە ئاگرەکەدا بکات و بیکوژێنێتەوە، دەڵێن: “ئاو بە ئاگرەکەدا مەکەن ئاگرەکە گوڕتربکەن، ئەوەی ئەم ئاگرە بکوژێنێتەوە خیانەتکارە”.
دوابەدوای ئەم زنجیرە چالاکییە گیانبازییە، کادیران و پێشەنگانی پەکەکە بیر لە ئەنجامدانی چالاکییەکی فراوان و کاریگەر دەکەنەوە، کە زۆرترین هاوڕێیان بتوانێت بەشداری تێدا بکات، لەم ڕوانگەیەوە ڕۆژی 14ی تەمووزی 1982 دانیشتنی داداگا وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە، کە چالاکییەکەیانی تێدا ڕابگەیەنن، چونکە زۆرترین هاوڕێیان لەو دۆزدا ئامادەبوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنی داداگا، محەمەد خەیری دورموش بە پێداگرییەکی زۆر مافی قسەکردن وەردەگرێت و دەڵێت: لە دژی سیستمی ئەشکەنجەی زیندان و نا دادای و ستەم، بژاردەی بەرخۆدان هەڵدەبژێرم و لەم ساتەوە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەم تا مردن، بەدوای ئەویشدا هەریەک لە کەمال پیر و عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک لە ناو هۆڵی دادگا و دواتریش چەند کادیری دیکە دێنە ڕیزی چالاکییەکەوە.
لە دوای 50 ڕۆژ لە مانگرتن کەمال پیر هەردوو چاوەکانی لەدەست دەدات، ئەو کات بەڕێوەبەرانی زیندان بانگی دەکەن و بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی لە چالاکییەکەی پێی دەڵێن: “کەمال دەستبەرداری ئەم مانگرتنەبە، سەیرکە چاوەکانت لەدەستداوە سبەی ئیفلیج دەبیت و دەمریت، هیچ شتێک شایەنی ئەوە نییە ژیانی خۆتی بۆ دابنێی”، کەمال پیر لە وەڵامدا پێیان دەڵێت: “ئێمە ژیانمان هێندە خۆشدەوێت، ئامادەین لەپێناویدا بمرین”.
کەمال پیر لە دوای 55 ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن شەهید دەبێت، بەهەمان شێوە محەمەد خەیری دورموش دوای 58 ڕۆژ و عاکیف یەڵماز دوای 66ڕۆژ و عەلی چیچەک دوای 67 ڕۆژ لە چالاکی مانگرتندا شەهید دەبن، هەروەها لەو بەرخۆدانییەدا چەندین کادیر و پێشەنگی دیکەی پەکەکە بەشداری دەکەن، لەوانە شەهید ساکینە جانسز و مستەفا قەرەسو.
لە دوای ئەو چالاکییە مەزنە، ئیرادەی بەرخۆدانی کادیران و پێشەنگانی پەکەکە بەسەر داگیرکاریی و ڕژێمی فاشیزمی 12ی ئەیلول و فاشیزمی دەوڵەتی تورکدا، گەیشتە سەرکەوتن و گرووپی ئەشکەنجەکاری زیندانەکە بە سەرۆکایەتی ئەسەد ئۆکتای یەڵدران، لە زیندانی ئامەد دوورخرانەوە.
هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ڕۆحی بەرخۆدانی 14ی تەمووز، لە ناواخنی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورددا، لە دژی داگیرکاریی و فاشیزم دەژێت و ئەو ڕووناکییەی کە مەزڵوم دۆغان بە “درووشمی بەرخۆدان ژیانە” دایگیرساند، ئەم دەست و ئەو دەست دەگەڕێت و لە هەر کوێدا تاریکی ستەم و داگیرکاریی هەبێت سەرهەڵدەدات.
لە پاش 40ساڵ و لە سەردەمی دەستبەکاربوونی کابینە پۆلیسییەکەی مەسرور بارزانیدا لە هەرێمی کوردستان، ڕەشبگیرییەکی سەربازیی هاوشێوەی 12ی ئەیلول لە دژی ئازادییخوازان دەستپێکرد، تێیدا زیاتر لە 200 ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و ئازادییخوازیی ڕاپێچی زیندان کرد، بەڵام بە ڕۆحی 14ی تەمووزەوە شێروان شێڕوانی و هاوڕێکانی بڕیاری بەرخۆدانیاندا و ئەو ستەمەیان ڕەتکردەوە، تا ئێستاش لە زینداندان و لەبەرانبەر هەر سەپاندنێکی زینداندا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.
لە 17ی تەمووزی 2019، عوسمان کۆسە بەرپرسێکی گەورەی هەواڵگریی میتی تورک، لە هەولێر کوژرا، دوای ئەم ڕووداوە پەدەکە دوو کوردی وڵاتپارێزی باکووری کوردستانی لە شاری هەولێر دەستگیر کرد، بە ناوەکانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر و سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند.
لە ئێستادا داغ و ئەر بەهەمان ڕۆحی 14ی تەمووزەوە لە زیندانی هەولێر، لە دژی سەپاندن و ستەمی بەرپرسانی زیندانەکە، کە لەلان پەدەکەوە زیندانی کراون 57 ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن.
ڕۆحی بەرخۆدانی 14ی تەمووز وەک چۆن کوردی لە مردن هەستاندەوە، ئاواش لە هەرکوێ هێرش و هەوڵی جینۆساید و قڕکردنی کوردان هەبێت لە بەرگێکی نوێ و بە هەمان درووشم و گڕوتینەوە سەرهەڵدەداتەوە.[1]