تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەشدار لە خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق بۆ دووەم یاری خۆی لە قۆناغی یەکەمی خولەکەدا ڕووی کردە شاری تکریت و دوا مەشقی خۆی ئەنجام دا، ئەمە و بە مەبەستی پاڵپشتی لە ڕەوتی وەرزشی، بەڕێز هەیسەم مەحمود زەهوان ئەندام پەڕڵەمانی ئێراق لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە شاری تکریت میوانداری لە شاندی تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە کرد.
لەو میوانداریەدا و سەرەتا هەیسەم زەهوان بەخێرهاتنی لە شاندی یانەی وەرزشی پێشمەرگە کردوو خۆش حاڵی خۆی پیشان دا کە یانەیەکی شاری #سلێمانی# لە خولی ئێراقدا ڕکابەری بۆ گەیشتن بە خولی پیشەگەران دەکەن، هەروەک جەختی کردەوە کە بەرەو پێشچونی ڕەوتی وەرزشی و بەهێزبوونی بناغەی یارییەکان لەسەر ئاستی جیهانی گرنگی خۆی هەیە و ڕەنگدانەوەی نێودەوەڵەتی دەبێت هەر بۆیە گرنگە هەمووان کار بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی خولەکان بکەین.
ئەمە و لە پای ئەو پێشوازیە گەرمە وسام محەمەد بازگ ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگە و سەرۆک شاندی تیمی تۆپی پێی یانەکە، سوپاسی بەڕێز هەیسەم مەحمودی کرد بۆ ئەو پاڵپشتی و پێشوازیەیان و هیوایی خواست نموونەیان زۆربێت بۆ پاڵپشتی لە چینی وەرزشکاران و وەرزش دۆستان، هەروەک درێسی فەرمی یانەکەی بە دیاری پێبەخشی و ئاماژەی بەوەشکرد کە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە شاری سەڵاحەدین وەک ساڵانی ڕابردوو ببنەوە بە ناوێک لە ناوە دیارەکانی خولی تۆپی پێی پیشەگەرانی ئێراق و لەو خولەدا خۆیان ببینەوە، لە کۆتایشدا ئێوارە خوانێک لەلایەن ئەو ئەندام پەڕڵەمانەی ئێراق بۆ شاندی یانەی وەرزشی پێشمەرگە ڕێک خرا.
جێگەی باسە بڕیارە لە کاتژمێر 2:00 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی #08-12-2023# تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە دووەم یاری قۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق دا ببێتە میوانی یانەی شەرگات.[1]