ناوی کاکە حەمەیە و کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەربدولڕەحمانە. لە ساڵی 1874 دا لە گوندی #کیکن# لە ناوچەی #مەریوان#دا هاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، قورئان و پەرتووکە وردەڵەکانی تەواوکردووە، ئینجا بەفەقێتی بەدوای خوێندن لە مەریوان، #سنە#، #پێنجوێن#، سلێمانی، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، هەولێر و #ڕەواندز# گەڕاوە. لە ڕەواندز لای مامۆستا ئەسعەدە فەندی خەیلانی ئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی 1879 وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کیکن. پاشان بە داوای حسێن بەگ مالکی #بێلوو# چووە گوندی بێلووی نزیک بە مەریوان و بە وانە وتنەوەوە خەریک بووە تا ساڵی 1944 کۆچی دوایی کردووە و هەر لە بێلوو بەخاک سپێردراوە.
ناری لە ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەوەدا کە هۆنراوەی ئایینی و غەرامیی هەیە، گەلێک هۆنراوەی نیشتمانیشی هەیە. لە دۆستانی بە ناوبانگی ناری دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر #تاهیر بەگی جاف# و #شێخ مەحمودی حەفید# کە گەلێک هۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.[1][2]
بولبولی دڵ بۆ خەیاڵی نیکتە پەروازی ئەکا
تۆ خودا کێ وا دەزانێ خونچەدەم ڕازی ئەکا
لەشکری شاماتی زولفەینی لە گەردوش دا دەڵێی
عەسکەری سوڵتانی ڕۆمە و مەشقی سەربازی ئەکا
موغ بەچەی خاڵی لەسەر گوڵ ئاتەشی لێوی لەلادەم
ساحیری هیندوستانە ئاتەش ئەندازی ئەکا
سوحبەتی ئەمشەو پەشێوی ڕوومەتی گیراوییە
ئەو حەبەش زادەی قولە، هەر کەسبی غەممازی ئەکا
بۆلەسەر دانم هەمیشە، تێخی عیشوەی حازرە
من بە قوربانی، بە شەهدی لێوی شانازی ئەکا
قازیی و موفتی دەڵێن:یانی حەرامە سوحبەتی
ڕووی ئەوە ڕەش بێ بە قەوڵی موفتی و قازی ئەکا
بێتە سەر ڕەوتی کومەیتی بەیتی خۆش تەعلیمی من
هەر کەسێ وا ئەسپی تەبعی فێرە ڕمبازی ئەکا
وا ئەزانم بێ ئەدەب نابێ ئەگەر'ناری'بڵێ
ئەم غەزەڵمانە لە لەهجەی شێخی شیرازی ئەکا