شاعیری ناودار وەلی دێوانە لە سەرچاوەکاندا ساڵی لە دایک بوونی ئاشکرا و دیار نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لە سەدەی هەژدەیەمدا ژیاوە و کۆچی دوایی کردووە (بگرە لە ساڵی 1756دا هێشتا لە ژیاندا بووە). ئەم شاعیرە هەستناسکە شەیدای شەمسەی کچی قادر شێروان ناوێک بووە، کە یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی واتە (هەمان تیرەی شاعیر). =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1950/0004.JPG=KTML_Photo_Alt=وەلی دێوانە=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1950/0004.JPG=KTML_Photo_End=
وەلی بەتەواوی دێوانەی (شەم) دەبێت و گەلێک هەڵبەستی ناسک و قەشەنگ و هەستبزوێنی پێدا دەڵێت. تەنانەت خۆشەویستیی شاعیر بۆ دڵدارەکەی لە ئەدەبی کوردیدا دەگاتە ڕادەی خۆشەویستیی مەجنون و لەیلی و شیرین و فەرهاد و مەم و زین. وەنەبێت وەلی دێوانەش کوڕی پیاوێکی هەژار بوو بێت، بگرە کوڕە گەورەی کەسێکی دەستڕۆ و دەوڵەمەندی نێو تیرەی کەماڵەیی بووە بەناوی حەمە سوور، کە زۆر مەبەستی بووە کوڕەکەی بە ئاواتی دڵی خۆی بگات. بۆیە چەند پیاوماقووڵێکی عەشیرەتەکەی ناردۆتە لای باوکی شەم بە مەبەستی داواکردنی کچەکەی بۆ وەلی دێوانە، ئەوەبوو داواکەی پەسەند کرا. بەڵام لە بەدبەختیی شاعیر، زۆری نەبرد لە کاتی کۆچی هاوینەی جاف بەرەو کوێستان، ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە (کەلی پەیکووڵی) دا، ڕوویداوە. ئیدی بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە، هەردوو دڵدار بە یەک نەگەیشتن و، وەلی دێوانە تا دواڕۆژی ژیانی ئازار و غەمێکی سەختی چەشتوە کە لە هەڵبەستە بەسۆز و لوتکەکانییدا بەتەواوی ڕەنگیان داوەتەوەو دیارە. وەلی سنبولی خۆشەویستی عەشیرەتی جافەو لەگەڵ شەمدا گەورەترین قوربانی تایەفەیەگەریی و کولتووریی سەردەمی خۆیان بوون. ئێشتاش گۆڕی وەلی دێوانە بە قەدپاڵی کێوی (سەید سادق) ەوەیە لە شارۆچکەی #سەید سادق#ی ناوچەی #شارەزوور#.[1]