ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بووە.
لە ساڵی 1952 لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە گەڕەکی مەزرەعەی شاری #خانەقین# لە دایکبووە.
دەرچووی بەشی کوردی زانکۆی #سلێمانی#یە.
ساڵی 1974 دوای ئەوەی، کە سێ برای پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، دەزگا ئەمنییەکان لە خانەقین هەڵیان کوتایە سەر ماڵیان و دایک و باوکییان بۆ باشووری ئێراق دوورخستەوە و دەستیان بەسەر ماڵەکەیاندا گرت و هەموو کەلوپەلەکانیان هەڕاجکردن.
ساڵی 1975 پەیوەندی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە و هەمان ساڵ بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.
ساڵی 1976 بە ماموستا لە #کەلار# دامەزراوە، بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵە خۆی بۆ تاسڵوجە گواستەوە. جگە لە پیشەی مامۆستایی، ئەرکی ڕێکخستنی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەبرد.
ساڵی 1977 پاش دامەزراندنی ڕێکخراوی لەیلا قاسم بۆ ڕێکخستنی ژنان لێپرسراویەتیی یەکێ لەدوو بەشەکەی ئەم ڕێکخراوەی پێ سپێردرا. هەر ئەو ساڵە چالاکییەکانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوە و پەیوەندی بە شەهید ملازم جوامێرەوە کرد لە ڕێکخراوی هەڵوی سوور، کە ڕێکخراوەکە ئەرکەکەی گواستنەوەی شەڕ بو بۆ ناو ماڵی دوژمن لە بەغدا ڕۆڵێکی دیاری لە جێبەجێکردنی ئەرکە لۆجستیکیەکانی وەک گواستنەوەی چەک و نامە لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕا.
ساڵی 1978 لە کاتێکدا (خومەینی) لەنەجەفەوە دەستی بە جموجوڵ لە دژی ڕژێمی شای ئێران کردبوو، دوو نامەی هەڤاڵ #مام جەلال# سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە دەست (ئایەتوڵڵا خوئیی) مەرجەعی شیعە لە کەربەلا و (خومەینی) لە نەجەف.
ساڵی 1982 یەکەم ژن بوو لە ڕێکخستنی شارەکانەوە بەشداری لە یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە گوندی بالیسان بکات.
ساڵی 1986 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بۆیە ڕووی کردە شاخ و هاوشانی هاوسەرەکەی #عەلی شامار# ژیانی پێشمەرگایەتی دەست پێکرد.
لە دوای شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی ساڵی (1988) دا لەگەڵ ژمارەیەک لە ژناندا توانیان بەشداری بکەن لە دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان و لەو دیوی سنوور دایبمەزرێنن و چەندین چالاکی جیاجیاشیان ئەنجامداوە. دوای دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان لە #سەقز# لە ساڵی 1989 لەو ڕێکخراوە کاری کرد و لەیەکەم ژمارەی گۆڤاری تەواری ئۆرگانی ڕێکخراوەکە بەناوی خوازراوەوە بابەتی بڵاو دەکردەووە.
لەکاتی کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی 1991 ڕۆڵی دیاری هەبوو لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی سەر سنوور و ناو ئێران. هەر ئەو ساڵە گەڕایەوە بۆ #گەرمیان# و بووە ئەندامی مەڵبەندی #کەرکووک#. لە ماوەی نێوان ساڵانی 1993 تا 2003 لێپرسراویەتی لقی کەرکووکی یەکێتیی ژنانی کوردستانی گرتە ئەستۆ و ماوەیەکیش کارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو.
ساڵی 2003 بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین هەڵبژێردرا.
ساڵی 2010 لە سێیەمین کۆنگرەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا و هەر ئەو ساڵە دوای پێکهێنانی مەکتەبی شەهیدان و لەسەر ڕڕسباردەی بەریز مام جەلال کرایە یەکەم لێپرسراوی ئەو مەکتەبە.
هەڤاڵ وەسفیە بەنی وەیس بەشی هەرەزۆری ژیانی بۆ گەل و وڵاتەکەی و ڕێبازی یەکێتی تەرخانکرد.
مەخابن شەوی 25-#26-04-2016# لە نزیک وارماوای سەربە شارۆچکەی #شارەزوور# بە ڕوودوای دڵتەزین گیانی لە دەستدا. بە لە دەستدانی کەلێنێکی گەورەی لە ڕیزەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بەجێهێشت.